Accessibility links

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە: پڕچەک کردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە بەردەوامە


سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، پڕچەککردن و هاوکاریەکانی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و نیوەی خاڵەکانی لێكتێگەشتنی نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگە جێبەجێکراوە کە جێگەی ڕەزامەندی هاوپەیمانانە، دەشڵێت، پێدانی سیستەمی پاتریۆت و بەرگری بە پێشمەرگە لە کۆنگرێس قبوڵکراوە و بڕیاری لێدراوە، بەڵام هێشتا نەگەشتۆتە دەست وەزارەتەکەیان.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە کە داوای کرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەپێی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەشتنی نێوان پێشمەرگە و پنتاگۆن، هەموو جۆرە هاوکاریەکی لۆجستی ڕاوێژکاری سەربازی و مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، بۆیە پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە بەردەوامە."

وتیشی،" حکومەتی هەرێم پێشتر داوای کردبوو ئەمەریکا سیستەمی پاتریۆت یان سیستەمی بەرگری بداتە هەرێمی کوردستان، بۆ وەستانەوە دژی ئەو مووشەکانەی لە هەرێمی کوردستان دەدرێت، دیارە ئەو داواکاریە تاوتوێ کرا و درا بە پنتاگۆن ئینجا درا بە کۆنگرێس بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات، ئێستا بڕیاری لێدراوە و پڕۆژەکە قبوڵکراوە، بەڵام سیستەمەکە نەگەشتۆتە هەرێمی کوردستان."

ئەمڕۆ 13ی مانگی هەشت گۆڤاری فۆربس (Fourbs )ی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، ئەمەریکا هەوڵدەدات هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەجیا لەحکومەتی فیدراڵی عێراق پڕچەک بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی گۆڤارەکە بێت،" ئەمەریکا سەرەتای ئەم مانگە تۆپخانەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابینکردوە، بەشێوەیەک لە6ی مانگی هەشتدا پێشمەرگە تۆپی هاوەرتزی 105 ملمی ئەمریکی وەرگرتوە، و ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی 36 تۆپخانەی ئێم 119 بۆ تەیارکردنی دوو کەتیبەی تۆپخانەی هێزەکانی پێشمەرگە لەساڵی 2017وە، هەروەک سوپای ئەمریکاش ئۆتۆمبێلی سەربازیی بۆ پێشمەرگە گواستوەتەوە کە بریتین لە هامڤی‌ و بارهەڵگرو ئۆتۆمبێلی دژە مین."

لەو بارەیەوە سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی پێشمەرگە وتی،" ئەمەریکیەکان دووبارەی دەکەنەوە کە لە کۆمەکی پێشمەرگە بەردەوام دەبن بەو مەرجی پڕۆسەی چاکسازی پێشمەرگە بەردەوام بێت، لە دواین کۆبوونەوەی فەرماندەی باڵای ڕاويژکاری سەربازی کە ئەمەریکیە لەگەڵ تیمی ئۆفیسی هەماهەنگی هاریکاری ئاسایش لە قونسوڵخانەی هەولێر لەگەڵ تیمی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، کە دڵخۆشن بەوەی زیاتر لەنیوەی خاڵەکانی لێکتێگەشتنی نێوان هەردولا جێبەجێکراوە نیوەکەی تریش لەم دووساڵەی کەماوە هەوڵ دەدرێت جێبەجێ بکرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی 7ی ئەم مانگە لاپەڕەی فەرمی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا رایگەیاند،" دوێنێ کەلوپەلی سەربازیی گرنگمان پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ئەوەش دەرخەری قۆناغێکی گرنگی بونیادنانی توانای هێزەکانی پێشمەرگەیە. ئەم چەکانە دەبنە ئامڕاز بۆ باشترکردنی توانای گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە دابینکردنی ئاساییش و دڵنیاییدانە لە شکستپێهێنانی بەردەوام و درێژخایەنی داعش بە سەرکردایەتیی عێراق."

هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016وە جگە لە دابینکردنی 20 ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان.

وێرای لێکتێگەشتنی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ یەکگرتنەوە و ڕێکخستنی ئەو هێزانە، بەڵام هاوپەیمانان چەندین جار نیگەرانیان لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەربڕیوە و بەرپرسانی هەرێمیش وتوویانە ئەمەریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکاریەکەی کردووە گەر ناکۆکیەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامبن و هەنگاوەکانی یەکگرتنەوە جێبەجێ نەکرێن.

سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە میکانیزمی یەکگرتنەوەی هێزەکانیان ڕایگەیاند،" دروستکردنی لیواکان بەردەوامە لە 12 لیواوە بووە بە 30 لیوا."

وتیشی،" هەموو وەزارەتی پێشمەرگە بەسەر 9 فرقەدا دابەشدەکرێت، لە ئێستادا 4 فرقە دروستکراوە و 5 فرقەی تر ماوە، لەو چوارە دوانی دەستبەکار بوون و دوانی تریش میلاکاتیان ڕێکخراوە، ماوەتەوە دەستبەکار بن، ئەم دوو ساڵەش کە ماوە لە لێکتێگەشتنەکەی نێوان ئێمە و هاوپەیمانان هێزەکانی تریش ڕێکدەخرێن."

XS
SM
MD
LG