Accessibility links

لێکۆڵەرێک: تورکیا هەڵوێستی بەرامبەر هێزە شیعەکانی عێراق گۆڕاوە


ئەندامێکی تیمی عێراقی رێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت، هاوکات لەگەڵ سەردانی شاندی باڵای عێراق بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا، بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامییان هەبووە.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕۆژێک پێش سەردانی وەفدی باڵای عێراق بۆ تورکیاو ڕۆژی سەردانەکەش، تورکیا چیای شێخ ناسری لە سنوری چۆمان بە چڕی بۆردومانکردووە."

ڕۆژی پێنجشەممە، 15 ی مانگی هەشتی 2024، شاندی باڵای عێراق، بە سەرۆکایەتی فواد حسێن، وەزیری دەرەوە سەردانی تورکیای کرد. هەریەک لە وەزیری بەرگری، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری، سوپاسالاری عێراق و وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامی وەفدەکە بوون.

شاندی تورکیا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە ئەندامێتی وەزیری بەرگری، سەرۆکی دەزگای میت، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ، لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ وەفدی باڵای عێراقدا کۆبوونەوە.

سەردانی شاندە باڵا عێراقییەکە بۆ تورکیا لەکاتێکدایە، تورکیا لە ڕۆژی 15 ی مانگی 6 ی 2024 ەوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی نوێی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بە پاساوی لێدان لە پەکەکە دەستپێکردووە، ئۆپەراسیۆنە نوێیەکە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی گرتووەتەوە.

کامەران عوسمان دەڵێت،"عێراق و تورکیا سەرقاڵی گفتووگۆن بۆ درێژکردنەوەی وادەی ئۆپەراسیۆنەکە، چونکە تورکیا دەیەوێت لە چیای مەتینەوە بۆ چیای گارە بپەڕێتەوەو ئەو چیایەش کۆنترۆڵ بکات."

کۆبوونەوەکەی دوێنێ پێنجشەممەی نێوان وەفدی باڵای ئەمنی عێراق و تورکیا چوارەم کۆبوونەوەی نێوانیان بوو. یەکەم کۆبوونەوەی وەفدی باڵای ئەمنی نێوان عێراق و تورکیا لە ساڵی 2019 لە ئەنقەرە ئەنجامدرا. دووەم کۆبوونەوەش لە ساڵی 2023 و کۆبوونەوەی سێهەمی نێوانیان لە مانگی 3 ی ئەمساڵ بەڕێوەچوو.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند،"لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق گفتووگۆمان لەبارەی پرسی ئاسایشەوە کرد.ئەو رێکارانەمان تاوتوێ کرد کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دژی پەکەکە گیراونەتە بەر. لە هەنگاوی یەکەمدا پەکەکە بە هەڕەشەیەکی هاوبەش و لە هەنگاوی دووەمیشدا پەکەکە خرایە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکان."

هاوکات فواد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕاگەیاند"لە گفتووگۆکاندا باسمان لە چالاکییەکانی رێکخراوە تاوانکارەکان کرد بە تایبەت ئەو رێکخراوانەی لە سنورەکاندا کار دەکەن، هەردوو وڵات بەردەوام لەلایەن ئەو ڕێکخراوانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر. نەک تەنها رێکخراوەکانی تیرۆر بەڵکو رێکخراوەکانی تاوانیش ئەم هێرشانە دەکەن بە تایبەت قاچاخ و کۆچی نایاسایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ."

سەردانەکەی وەفدی باڵای عێراق بۆ تورکیا لە کاتێکدابوو، دادگای فیدراڵی عێراق سێ پارتی سیاسی کوردی بە پاساوی نزیکایەتی لە پەکەکە قەدەغە کرد، ئەمەش لەلایەن بەرپرسانی باڵای تورکیاوە پێشوازی لێکرا.

لە بەرامبەردا تورکیا ڤیزەی لەسەر هاوڵاتی عێراقی تەمەن کەمتر لە 15 ساڵ و زیاتر لە 50 ساڵ هەڵدەگرت، ئەمەش وەکو بەدەمەوەچوونی تورکیا بۆ پاڵپشتیکردنی لەلایەن عێراقەوە لێکدرایەوە.

ڕۆژی 22 ی مانگی چواری 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عێراقی کردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆ کرد.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"مادام دیدارو گفتووگۆ لە نێوان وەفدی عێراق و تورکیا بەردەوامی هەیە، کەواتە پرۆسەکانی تورکیا بە ئاگاداری و ڕەزامەندی عێراق بەڕێوەدەچن."

دەشڵێت،"تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنەوە بەربەست لەبەردەم ڕێگەی گەشە نەهێڵێت، چیا سەختەکانی کوردستان کۆنترۆڵ بکات و ڕێگری بکات لە هاتووچۆی هێز لە نێوان قەندیل و ڕۆژاوا. تورکیا ئامانجی ئابووری و ئەمنی و سیاسی هەیە لە هێرشەکانی."

فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئەندام بوو لەو وەفدە باڵایەی عێراق دا کە بەسەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە سەردانی تورکیای کرد، لەکاتێکدا پێشتر جۆرێک لە ناکۆکی لە نێوان هێزە شیعەکانی عێراق و تورکیادا هەبوو.

هاوکات لە بەرامبەر فشارەکانی تورکیا بۆ سەر پارێزگای سلێمانی و ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناوچە سنورییەکان، ئێران و هێزە شیعەکان بەراورد بە جاران بێدەنگییان هەڵبژاردووەو لەسەر ئاستی عێراق کاردانەوەی توند بەدی ناکرێت.

دکتۆر سەردار عەزیز دەڵێت،"تورکیا جاران مامەڵەی لەگەڵ هێزە شیعەکان نەدەکرد، بەڵام ئێستا هەڵوێستی گۆڕاوە، چونکە بۆی دەرکەوت بە پشت بەستن بە کوردو سونەو تورکمان لە عێراق هیچی پێ ناکرێت."

XS
SM
MD
LG