وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان لە لێدوانێکی تایبەت بە دەنگی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، لە ئەمساڵدا 47 تۆمەتباریان بە تۆمەتی سوتاندنی دارستان و پاوەن و گردەکانی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردووە کە لە نەتەوە جیاوازەکانن و سەرجەمیان ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
عەمید هێمن کەمەر خان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لەسەر کەوتنەوەی ئاگر لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئەمساڵ 47 کەسمان دەستگیرکردووە، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون لە نەتەوەی کورد و عەرەب و نەتەوەی تریشی تێدایە، سەرجەم تۆمەتبارەکان ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوە و ئیجرائاتی پێویستیان لەگەڵدا کراوە."
وتیشی،" تاوانباران سزای یاسایی دەردرێن کە پێکهاتووە لە سزای دارایی و بەندکردن بە پێی جۆری سەرپێچیەکە، وەک تەمەن و ژمارەی ئەو دارانەی کە سوتاون یاخود جۆری دارەکە سزاکەیان دەگۆڕیت، بۆ نمونە ئەگەر دارەکە تەمەنی زیاتر بێت لە سەد ساڵ پێنج ملیۆن غەرامە و بەند کردن بە سزای شەش مانگ دەبێت."
هاوینی ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر لە پارێزگای سلێمانی کەوتەوە و بەو هۆیەشەوە ڕووبەرێکی زۆر لە پاوان و شاخەکانی نزیک سلێمانی سووتان، بە پێی ئامارە نافەرمیەکان لەماوەی سێ ڕۆژدا تەنها لە سنوری شاری سلێمانی نزیکەی 500 پاوەن زەوی و زیاتر لە هەزار دار سوتان، دووبارە بوونەوەی ئاگرەکانیش گومانی جدی لەلای پەرپرسانی شارەکە دروست کرد بەوەی کە دەستێک لە پشت کەوتنەوەی ئاگرەکانەوە هەبێت.
هاوکاتی لێدوانەکەی وتەبێژی پۆلیسی دارستان ئەمڕۆ 18ی مانگی هەشت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسێونەکانی ئاسایش، دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری سوتاندنی چیایی گۆیژەی ڕاگەیاند.
لە بەیانامەیەکدا بۆ ڕای گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسێونەکانی ئاسایش ڕایگەیاند،" دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسێونەکانی ئاسایش، توانیان (سێ)تۆمەتبار دەستگیربکەن، شەوی 30/7/2024 بکەری سوتاندنی درەخت و پۆش و پاوان و تێکدانی بەشێک لە ژینگە و سروشتی جوانی چیای گۆیژە بوون، تۆمەتباران بەپێی ماددەی(342)لە یاسای سزادان ڕاگیراون و ڕووبەڕوی یاسا کرانەوە."
سەبارەت بە سێ دەستگیرکراوەکەی دەزگای ئاسایش بە تۆمەتی سوتانی چیای گۆیژە،سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دەستگیرکراوەکان کوردن و هۆکارەکەشی تەنها ئاژاوەگێڕی بووە."