ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و تورکیا نەگەشتووەتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام هەر ڕێککەوتنێک دژی سیادە و سەروەری خاکی عێراق بێت، ئەوان ڕەتی دەکەنەوە و ڕێگری لێدەکەن.
عەقیل فەتلاوی وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە وەک پەرلەمان هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق وتورکیا نەگەشتووەتە دەستمان، بەڵام لەسەر بنەمای باوەڕبوونمان بە سەروەری خاکی عێراق، هەر ڕێککەوتنێک دژی ئەو سیادەیە بکرێت ڕەتی دەکەینەوە، تورکیا دراوسێمانە، بەڵام پێویستە ڕێز لە دراوسێیەتی و سیادەی خاکەکەمان بگرێت، بابەتە سیادیەکان لە ئەرز بێت یاخود ئاسمان بە پێی ڕێککەوتنە نێو دەوڵەتیەکان نابێت پێشێل بکرێن، هەر ڕێککەوتنێک ئەوانەی تیا پاریزراوبێت و مافی عێراقی تیا پارێزراو بيت پەرلەمانی عێراق پێشوازی لێ دەکات، ئەگەر نا ڕەتی دەکەینەوە."
وتیشی،" وەک دەزانرێت هەر ڕێککەوتنێک دەبێت بگاتە پەرلەمان و لەوێوە ڕەزامەندی لەسەر بدرێت، بەڵام ئێمە هیچمان پي نەگەشتووە، بۆیە پێویستە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاسوودەبن و قەلەق نەبن، چونکە ئێمە پێشێلکاری قبوڵ ناکەین هیچ ڕێککەوتنيک قبوڵ ناکەین پێشێلی سیادەی عێراق بکات."
ڕۆژی 22 ی مانگی چواری 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆ کرد.
هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە، 15 ی مانگی هەشتی 2024، شاندی باڵای عێراق، بە سەرۆکایەتی فواد حسێن، وەزیری دەرەوە و هەریەک لە وەزیری بەرگری، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری، سوپاسالاری عێراق و وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیایان کرد و چوارەم کۆبوونەوەی بالای ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەچوو.
وێڕای پەیوەندی و گفتوگۆ ئەمنیەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵەوە، ئۆپەراسیۆنی نوێی دەستپێکردووە و هێرشی بەردەوام لە قوڵایی خاکی هەرێمدا ئەنجامدەدات.
کۆبوونەوە باڵاکانی نیوان وڵات و ڕێککەوتنە 26 خاڵیەکەی نیوانیان، نیگەرانی لای بەشێک لە هێزە عێراقیەکان بە دوای خۆیدا هێناوە.
ڕۆژی 15ی ئەم مانگە محەمەد تەمیمى ئەمیندارى گشتى فەیلەقى وەعدى سادق لە بڵاوکراوەیەکدا هەڵویستی حکومەتی عێراقی بە " لاواز و شکست" بەرامبەر تورکیا ناوبرد.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە،" عێراق ڕێککەوتننامەیەکی واژۆ کرد کە پێچەوانەی عورفى دیپلۆماسی بووە خۆی خستە دۆخێکی لاواز و لاوازەوە، پرسیار لێرەدا بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەکە ئەوەیە کە چۆن حکومەتی عێراق دەتوانێت یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ داگیرکەران لەسەر بنەمای بەرژەوەندی یەکسان ئیمزا بکات، ئەمە یاداشتنامەیەکی سازان و یەکسانی نەبوو، بەڵکو یاداشتنامەیەکی خۆبەدەستەوەدان و وازهێنان بوو لە سەروەری کە ئەمریکا و تورکیا پێشێلیان کرد، بە ڕەزامەندی حکومەتێک کە دەیەوێت خولی دووەم بەدەست بهێنێت، تەنانەت لەسەر حسابی شکۆمەندی خۆی و سەروەری وڵاتەکەی."
دەشڵێت،" ئیمزاکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە ئەمڕۆش سەپاندنی ئیرادەی داگیرکەری تورکیایە بەسەر هێزە عێراقییەکاندا بەناوی هەماهەنگی و هەماهەنگیەوە لەپێناو شەرعییەتدان بە داگیرکردنی بەعشیقە بەشێوەیەکی حکومی بۆ پشتیوانیکردن لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا و خواستە بێکۆتاییەکانی لەعیراقدا."
بیانووی تورکیا بۆ هاتنە ناوەوەی خاکی هەرێم و ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی بوونی گەریلاکانی پەکەکە و پاراستنی سنورەکانیەتی لەگەڵ عێراقدا، بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکیش ڕۆژی 15ی مانگی هەشت، لە ساڵی 1991 ەوە تا 2024 بە هۆی هێرشەکانی تورکیاوە 702 هاوڵاتی سڤیل بوونە قوربانی کە 344 یان گیانیان لەدەستداوە و 358 کەسیشیان بە هۆی هێرشە جیاوازەکانەوە برینداربوون.
لە دوای ڕێککەوتنی نێوان ڕژێمی بەعسی عێراق و تورکیا لەساڵی 1995ەوە کە ڕێگەی دا بە هاتنە ناوەوەی تورکیا بە درێژایی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات بە مەبەستی پارێزگاری لە ئەمنیەتی وڵاتەکەی، ڕێكکەوتنەکەی ڕۆژی 22 ی مانگی چواری 2024 دەبێتە یەکەم ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئەو دوو وڵاتەی دوای ڕژێمی لە ناوچووی بەعسەوە.
عەقیل فەتلاوی دەڵێت،" تا ئێستا لای ئێمە ئەوەی هەیە بەس ڕێککەوتنە کۆنەکانە لەگەڵ ڕژێمی پێشوو کاری پێدەکرێت، ئێمە لە زۆربەی خاڵەکانی ڕێککەوتنی پيشووتریش ناڕازین، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندی بە پێشێلی سیادەی عێراقەوە هەیە، بۆیە بێخەمبن پەرلەمانێکتان هەیە کە پارێزگاری لە مافەکانتان دەکات."