بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی سەرۆکایەتی کۆمار ڕایدەگەیەنێت، لە ڕوانگەی هەست کردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و دەستوری، سەرۆک کۆمار بە فەرمی داوای لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە دەنگ بە پەسەند کردنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، چونکە سەرجەم ڕێکارەکان کۆتاییان هاتووە تەنها دەنگدان ماوە.
هاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەکان و ڕێکخراوەنێودەوڵەتیەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سەرۆک کۆمار وەک ئەرکێکی دەستوری و نیشتمانی نوسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە کە تیایدا داوا دەکات یاسای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە بخرێتە دەنگدانەوە و کۆتایی پێبهێنرێت."
وتیشی،" چونکە یاساکە قۆناغەکانی تێپەڕاندووە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و سەرجەم ڕێکارەکانی بۆ کراوە تەنها بڕگە کە ماوەتەوە دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، سەرۆک کۆمار وەکوپەرۆشیەک بۆ تاوانی جینۆساید کە دژ بە گەلی کوردستان و هەڵەبجە کراوە، وەکو بەپرسیارێتیەکی نیشتمانی و دەستوری لە هەوڵی بەردەوامدایە کە کارەکانی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە تەواو بکرێت."
لە نوسراوێکی فەرمیدا کە کۆمپیەکی نێردراوە بۆ دەنگی ئەمەریکا و واژۆی دکتۆر عەبدولەتیف جەمال سەرۆک کۆماری عێراقی لەسەرە، ڕۆژی 13ی مانگی هەشت سەرۆک کۆمار داوا لە موحسین مەندەلاوی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت دەکات، کاربکرێت بۆ دەنگدان بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 13ی مانگی سێی 2023، پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد. پڕۆژەکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی تێپەڕاند، بەڵام خوێندنەوەی سێیەم و کۆتایی بۆ نەکراوە.
پێشتر لیژنەی هەرێم وپارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکایان وتبوو، زۆرینەی فراکسیۆنەکان لەگەڵ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەن و بە قسەی چاوەڕێن دەنگی لەسەر بدرێت و بە قسەی بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەکان و ڕێکخراوەنێودەوڵەتیەکانی سەرۆکایەتی کۆماریش بێت،" سەرجەم ڕێکارەکان تەواو کراوە و چاوەڕێی دەنگدانن لەسەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق."
هەڵەبجە لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا، لە ساڵی 1999 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەکو پارێزگا ناسێنرا و یاسایەکی تایبەتی بۆ دەرکرا، لە 13ی 3ی 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری پارێزگاکردنی بۆ دەرچوو، وە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 13ی 3 ی 2023، بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی بڕیاری تەواوکردنی هەنگاوە ئیداریەکانی وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق بۆ درا.