کوژرانی کۆڵبەرێکی تەمەن 27 ساڵ لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە مەرزی لاوەکی سیپەی ناوچەی هەورامان کە هاوسنورە لەگەڵ ئێراندا، کاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێناوە و داوای سزادانی بکوژ دەکرێت و پۆلیسی هەڵەبجەش دەڵێت "دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە."
شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە 18ی مانگی 8ی 2024، کاتژمێر 8ی شەو گەنجێکی هەورامان بەناوی، ئارام خەلیل تەمەن 27 ساڵ، خەڵکی گوندی سەرگەتی سەر بەناحیەی بیارە، لەکاتی کۆڵبەریدا بە گولەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق کوژرا. لەکاردانەوەی ڕووداوەکەدا خەڵکی گوندەکە هەوڵی سوتاندنی بارەگای پاسەوانی سنوریاندا و دواتر بە هەوڵی کەسایەتیە ئاینی کۆمەڵایەتیەکان،ڕێگری لە سوتاندنی بارەگاکە کرا و تەرمی گەنجەکە بەخاک سپێدرا.
عەقید بارزان عوسمان وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " لە ئەنجامی ڕووداوێکی تەقەکردن لە سنوری گوندی هانەی دن- سەرگەت، گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ گیانی لەدەستداوە، تیمی پۆلیس گەشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە."
بارزان عوسمان وتیشی،" بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بۆ دەستگرکردنی ئەو کەسانە وەرگیراوە کە تەقەیان کردووە و تەرمی کوژراوەکە، دوای بینینی لەلایەن پزیشکی دادیەو، ڕادەستی کەس و کارەکەی کراوەتەوە".
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خۆی خەڵکی ناوچەی هەورامانە، لە پەیامێکدا دەڵێت،" بێگومانبن ئەو ناحەقیە بە بێ سزای یاسایی تێناپەرێت."
حەمەی حەمەسەعید لە پەیامەکەیدا دەڵێت، " ئەوە چەندین جارە ئەم دەست درێژی و خەڵک کوشتنە دووبارە دەبێتەوە .پارساڵ ھەر لەھەمان شوێن کەسێکتریان کوشت، سوڵحیان بۆکرا لەلایەن کۆمەلایەتی ھەورامانەوە ،من و کاک جەمیل ھەورامی نیوەی زیاتری پارەی سوڵحەکەشمان لە یەکێتی نیشتیمانی بۆ دان، ئەوەی بکوژەکان دایان قەرزیان بۆکرا ھێشتا قەرزەکەیان نەداوەتەوە."
لە 23ی مانگی 6 ی 2020 كۆڵبەرێک لە گوندی هانەی دن لەناوچەی هەورامان، بەناوی سەیوان قانع بانیشاری، بە تەقەی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق كوژرا و بە رێكکەوتنی كۆمەڵایەتی كۆتایی بە كەیسەكەی هێنرا، كە تا ئێستا كۆی پارەی داواكراو بۆ خوێنی كۆڵبەرەكە نەدراوەتە خانەوادەكەی.
لە 20ی 1ی 2024 ژمارەیەک كۆڵبەری دیكەی ئێران، دوای دەستگیركردنیان لەلایەن پاسەوانی سنورەوە لەناوچەی هەورامان ، سەریان تاشین و ئەشكەنجە دران، ئەوەش نیگەرانی هاووڵاتیانی لێكەوەتەوە.
کۆڵبەرەکەی کە شەوی یەکشەممە کوژرا، ماوەی چوار ساڵە کاری کۆڵبەری دەکات، دایک و باوکی لە ساڵی 2016 کۆچی دوایان کردووە و خاوەنی دووبرا و دووخوشکە، ئەمەش نیگەرانی تۆڕی ڕێکخراوەکانی خورماڵی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، کوشتی کۆڵبەران بووە بەدیاردە.
سەنعان فایق، بەناوی تۆڕی رێکخراوەکانی خۆڕماڵەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " رووداوی کوژرانی گەنجێکی گوندی سەرگەت لە ناوچەی هەورامان و لەکاتی کارکردندا، سەرەرای ئەوەی داخ و خەمێکی قوڵی لە دڵی هەمواندا جێ هێشتووە، هەموومانی ڕاچلەکاندا، ئەم تەقەکردن و کوشتنی کۆڵبەران وبەرگرتن پێیان تا پارووە نانێک پەیدا بکەن، خەریکە لە ڕووداوەوە دەبێتە دیاردە، دەبێ حکومەت و دەزگا ئەمنیەکان و ئیدارەی ناوچەکە لێی بێدەنگ نەبن."
سەنعان فایەق وتیشی، " کوژرانی کاکە ئارام تەنها ڕووداوێکی سادە نییە و تێپەڕێت، ئەرکی هەموو هێزە سیاسیەکان و ئیدارەی ناحیەکەیە، بوکوژی ئەم تاوانە، ئاشکرا بکات و بەزووترین کات بیناسێنێت ودژی هەموو هەوڵێک بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم تاوانە و دێوە بەردەخۆنەکردنی بە سوڵحی عەشایری و هەرهەنگاوێکی دیکە دەوەستینەوە."
لەکاتی ڕووماڵی بەخاکسپاردنی تەرمی کۆڵبەرەکە و پەلاماردانی بارەگای پاسەوانی سنور لە گوندی سەرگەت، ڕێگری لە رووماڵی ڕۆژنامەنوسان کراو و ڕۆژنامەنوسێک بریندار بوو.
ئەڤین عەتا پەیامنێری کەناڵی زووم لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لەکاتی دروستبوونی گرژی لە نێوان خەڵک و بارەگای پاسەوانی سنور لە گوندی سەرگەت، هێزە ئەمنیەکان ویستیان کامێراکەم لێوەربگرن و بیپشکنن، منیش بە بێ ئامادەبوونی خۆم ئەوەم ڕەتکردەوە، لەلایەن کارمەندێکی ئاسایشەوە دەستم بادرا تا کامێراکەم لێوەربگرن، بەو هۆیەوە دەستێکم لە چەند شوێنێکەوە لەجێ چووە".
سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان – لقی هەڵەبجە لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی هێرشکردنە سەرۆ ڕۆژنامەنوسان دەکات و بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆسەر ڕەوشی ڕۆژنامەگەری ناوی دەبەن.
لەبەیاننامەکەی سەدیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان هاتووە، " بەداخەوە جارێکی تر پێشێلکاریەکی نوێ بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدرا، ئەویش رێگری کردن لەرووماڵ و دەستبەسەرداگرتنی کامێرا و دەستبەسەرکردن و پەلاماردان و لێدانی رۆژنامەنووسانی کەناڵی زووم لەکاتی دروستبوونی ئاڵۆزیەکانی شەوی رابردووی نزیک بارەگای پاسەوانی سنوور لەهەورامان، لەلایەن چەند کارمەندێکی هێزە ئەمنیەکانەوە."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی سەندیکای ڕۆژنامەنوساندا ئەوە ڕونکراوەتەوە،" ئێمە لەکاتێکدا دژی هەموو پێشێلکاریەکین بەرامبەر بەرۆژنامەنووسان، ئەم حاڵەتەش بەپێشهاتێکی مەترسیدار دەزانین بۆسەر ئازادی رۆژنامەنووسی و ناوبانگی ناوچەکەمان، کە کەمترین حاڵەتی پێشێلکاری تێدا تۆمار کراوە."
هەرچەندە باس لە دەستگیرکردنی بوکوژانی کۆڵبەرەکە دەکرێت، بەڵام تا ئێستا پۆلیس و هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی فەڕمی پشتڕاستی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیان نەکردووەتەوە کە تەقەیان کردووە.
بەپرس و بەشێک لە پاسەوانانی سنور سەردانی پرسەی کۆڵبەرەکەیان کرد، بەڵام لەلایەن کەسوکاری کۆڵبەرە کوژراوەکەوە ڕێگەی بەشداریکردن لە پرسەکەیدا پێیان نەدرا.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە نیوەی یەکەمی 2024، 270 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان ، سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتەکانی تر کوژران و برینداربوون. لەم ژمارەیە، 34کۆڵبەر واتا کوژران و 236 کۆڵبەر برینداربوون.
دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی کرد بە پاسەوانی سنور و هێزە ئەمنیەکانەوە بەڵام هیچ لێدوانێکی بۆ بەردەست نەبوو.