Accessibility links

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ VOA: هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی ئاوەڵەی مەیموون تۆمارنەکراوە، تەنانەت حاڵەتی گوماناویش نییە


وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی ئاوەڵەی مەیموون لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە و تەنانەت حاڵەتی گوماناویشیان نیە، دەشڵێت،" تەواوی ڕێکارەکان گیراونەتە بەر و هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە دەستپێکراوە تا ڤایرۆسەکە دووربێت لە کوردستان."

دکتۆر سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەبارەت بە نەخۆشی ئاوەڵەی مەیموون، دوای ئەوەی لە 25 وڵات بڵاوبوویەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای لە هەموو وڵاتانی دونیا کرد کە ڕاستەوخۆ بێنە سەر هێڵ و ئامادەکاری بکەن بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوەڵەی مەیموون، ئێمەش وەکو وەزارەتی تەندروستی بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزیر، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بەڕێوەچوو وتێدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەندروستی و بەڕێوەبەری کاروباری خۆپارێزی تەندروستی و نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامادەبوون و چەند بڕیارێکدرا."

وتیشی،" بۆ ڕێگەگرتن لە ڤایرۆسی ئاوەڵەی مەیموون کۆمەڵێک ڕێنمای و ڕێکاری خۆپارێزی بە نوسراوی فەرمی گەشتاندنی بۆ کراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیە تەندروستیەکان، هەروەها بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای یەک تەندروستی، ئەمە لیژنە باڵایە پێکهاتووە لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ ئەوەی ڕێگریکردن لە ئاوەڵەی مەیموون، خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە و تەنانەت حاڵەتی گوماناویش نیە لە کوردستان."

ئاوەڵەی مەیموون نەخۆشیەکی ڤایرۆسییە کە سەرچاوەی ئاژەڵییە و لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و نیشانەکانی هاوشێوەی ئاوەڵە دروست دەکات، بەڵام توندی کەمترە ئەم نەخۆشیییە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1958 لە مەیموونەکاندا دۆزایەوە یەکەم حاڵەتیش لە منداڵێکدا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات تۆمارکرا لە ساڵی 1970.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشتاندنی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە تەندروستیەکانی هەرێم کردووە و تێدا نیشانەکانی خستووەتە ڕوو ئەویش بریتیە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ برینەکانی پێست، هەروەها بەرکەوتن لەگەڵ شلەکانی جەستە و پژمین یان کۆکە و دلۆپی هەناسەدان و ئامێر و جێگەی نوستنی کەس یان ئاژەڵی توشبوو، یاخود حاڵەتی گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە دایکی دووگیانەوە بۆ منداڵەکەی لەکاتی دوگانیدا تۆمارکراوە، هەروەها جۆرە جیاوازەکانی ئاژەڵ دەستنیشانکراون کە تووشبوون بە ڤایرۆسی ئاوەڵە.

تەندروستی ماوەی تەواوی نەخۆشیەکەی لە نێوان 6 تا 13 ڕۆژ دیارکردووە، هەروەها 5 تا 21 ڕۆژیش دیاریکردووە کە هەموکردن و ئەگەری گواستنەوەی بەردەوامی دەبێت تا برینەکانی پێست چاک دەبنەوە.

دکتۆر گۆران عەبدوڵا، پسپۆری نێودەوڵەتی بواری پزیشکییە و ئەندامی ئەندامی چەندین ڕێکخراوی تەندورستی جیهانییە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" نەخۆشی ڤایرۆسی ئاوەڵەی مەیموون، نەخۆشیەکی ڤایرۆسیە بە شێوەیەکی خیرا بڵاوبووەتەوە و بە شێوەیەکی بەرفروان لە ئەفەریقا، بە تایبەتیش لە وڵاتی کۆنگۆ بڵاوبووەتەوە وە تائێستا زیاتر لە 18 هەزار کەس توشی بوون و زیاتر لە 500 کەسیش گیانیان لە دەستداوە."

وتیشی،" بەداخەوە ڤایرۆسەکە گەشتووەتە چەند وڵاتێکی دیکەی ئەفەریقا، بەڵام لەوەش مەترسیدارتر لە دەرەوەی ئەفەریقاش بڵاوبووەتەوە و کەیسێک گەشتووەتە سوید و کەیسێکی دیکە گەشتووەتە پاکستان هەرچەند گومانی ئەوە هەیە کە ئەو کەیسەی پاکستان سولالە بێت کە بەشێوەیەکی توند و سەخت مرۆڤ تووش دەکات."

دکتۆر سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندورستی حکومەتی هەرێم ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکای وت،" بڕیارمانداوە لەگەڵ ڕیکخراوی تەندروستی جیهانی ئامادەکاری تەواوی بکەین بۆ ئەوەی تێستی پشکنینی تاقیگەی بۆ ئەو کەیسانە بکەین کە دەبنە جیگای گومان لە هەرێمی کوردستان."

بەهۆی ئەوەی نەخۆشییەکە لە جۆرە جیاوازەکانی ئاژەڵانەدا تۆمارکراوە، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشتاندنی ئەوەشی کردووە کە پێویستە پزیشکانی ڤێتەرنەری هەموو ئەو ئاژەڵانە لەبەرچاو بگرن کە مەترسی تووشبونیان بەو نەخۆشییە هەیە و دەبێت بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاژەلەکاندا بکەن، بەتایبەت سمۆرە و قڕتێنەرەکان کە لە ئەفەریقاوە هاوردە دەکرێن، هەروەها ئەو بەرهەمانەی کە لە ئاژەڵەوە ورگیراون.

دکتۆر گۆران عەبدوڵا، پسپۆری نێودەوڵەتی بواری پزیشکیی ڕاشیگەیاند،" مەترسی ئەوە هەیە ئەو نەخۆشیە بگاتە عێراق، عێراق وەکو هەر وڵاتێکی دیکە هاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە، بەتایبەت لە ناوچەی کەنداوەوە، هەروەها وەک دەزانرێت ملیارەها کەس بۆ ئەنجامدانی چلەی ئیمام حوسێن سەردانی مەزارگەکانی باشوری عێراق دەکەن و تا ئێستا ملیۆنێک و پێنج سەد هەزار کەس هاتوونەتە ئەو ناوچانە لە دەروازە سنوریەکانەوە، بۆیە زۆر زۆر مەترسی ئەوە هەیە کە ڤیرۆسەکە بڵاوبێتەوە بەهۆی ئەو تێکەڵابوونەوە بگاتە عێراقیش."

وتیشی،" زۆر گرنگە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراق، دەزگا پەیوەندیدارەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و میدیا زۆر بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن، گرنگترین شت ئەوەیە کە بکرێت کەرەستەکانی پشکنینی دیاریکردنی ڤایرۆسەکە بەر دەست بێت لە دەزگا تەندروستیەکانی هەرێم و کەمپینی هۆشیارکردنەوە بۆ خەڵکی ئەنجامبدرێت و ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی بگیرێتە بەر."

XS
SM
MD
LG