بیهێنە بەرچاوی خۆت تۆ نێرینەی مێرووی گوڵە ئەستێرە بیت و لەپڕ لە تاریکی شەودا تێبینی بیرسکەیەکی جوانی ڕووناکیی مێینەیەک بکەیت کە بانگت دەکات بۆ ژوانێکی تایبەت، بەڵام کە بەرەو ڕووی دەچیت دەکەویتە نێو تەڵەیەکی کوشندەوە. زانایان دەڵێن ئەمە ئەو سیناریۆیەیە کە جاڵجاڵۆکەکان بۆ ڕاوکردنی ئەم جۆرە مێرووە بەکاریدەهێنن.
مێرووی گوڵە ئەستێرە لە وەرزی هاویندا دەردەکەوێت و بەوە ناسراوە لە شەواندا دەدرەوشێتەوە و بریسکەیەکی ڕووناکی لێدەردەچێت. نێرینەکانی ئەم مێرووە بەوە جیادەکرێنەوە کە دوو ئامرازی ڕووناکی لە بەشی دواوەی سکیاندا هەیە کە بە خێرایی و بە شێوەی دووبارە دەدرەوشێنەوە، بەڵام مێینەکان تەنها یەک ئامرازی ڕووناکی لە بەشی دواوەی سکیاندا هەیە و بە شێوەیەکی کەم دەبریسکێنەوە. ئەم درەوشانەوەی ڕووناکییە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پەیوەندی و ئاماژەکانی جووتبوون لە نێوانیان.
زانایان لە هەرێمی ووهان لە وڵاتی چین دەڵێن بۆیان دەرکەوتووە جاڵجاڵۆکە ئەم جیاوازییەی درەوشانەوەی مێینە و نێرینەکانی گوڵە ئەستێرە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نێرینەکانیان بخاتە تەڵەوە.
لێکۆڵینەوە لەم دیاردەیە دوای ئەوە دەستیپێکرد ژینهاو فو لە زانکۆی هواژۆنگی کشتوکاڵی لە کاتی توێژنیەوە لەسەر ئەم جۆرە مێرووە تیبینی ئەوەی کرد زۆربەی گوڵە ئەستێرەکان کە کەوتبوونە نێو تۆڕی جاڵجاڵۆکە پێکهاتبوون لە ڕەگەزی نێرینە و بەدەگمەن مێینە لە نێوانیاندا هەبوو.
بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئەم دیاردەیە، ژینهاو فو لەگەڵ چەند زانایەکی تر کەوتنە چاودێریکردنی 161 تۆڕی جاڵجاڵۆکە و گەیشتنە ئەم دەرئەنجامە سەرسوڕهێنەرە: کاتێک نێرینەیەکی گوڵە ئەستێرە دەکەوێتە ناو تۆڕێکی جاڵجاڵۆکە، دوای کەمێک نێرینەکە تەنها یەکێک لە دوو ئامرازەکانی ڕووناکی کاردەکات و هاوشێوەی مێینەکان ڕەفتار دەکات و دەبریسکێتەوە.
زانایان دەڵێن هەتا ئێستا بۆیان نەسەلمێندراوە جاڵجاڵۆکە چۆن دەتوانێت ڕەفتارەکانیان بگۆڕێت، بەڵام دەڵێن ئەگەری هەیە بە ڕێگای ژەهراویکردن شێوەی بریسکانەوەی نێرینەکان بگۆڕێت هەتا لەم ڕێگەیەوە زۆرترین نێرینەی تر بخاتە تەڵەوە.
دکتۆر دایکین لیی کە بەشداری لێکۆڵینەوەکەی کردووە بە نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاند، "کاتێک گوڵە ئەستێرە نێرینەکانمان لە تۆڕە جاڵجاڵۆکەکان دەرهێنا، دوای ماوەیەک وەکو جاران دەستیانکردەوە بە درەوشانەوەی سروشتی نێرینە."
دکتۆر دایکین لیی دەڵێت ئەم شێوازە لە ڕاوکردن ڕەنگە ئاڵۆزتر بێت لەوەی تێبینی کراوە و شیانی هەیە ڕاوکەرەکان دەنگ و بۆنی نێرینەکانیش بۆ مێینە بگۆڕن بە مەبەستی لەخشتەبردن و ڕاکێشانی زۆرترین نێچیر.
دینێش ڕاوۆ، شارەزایەکی بایۆلۆجی جاڵجاڵۆکە لە زانکۆی ڤێراکروز لە مەکسیکۆ، دەڵێت، "ئەو بیرۆکەیەی کە جاڵجاڵۆکە بتوانێت دەستکاری خەسڵەتەکانی جۆرێکی نێچیر بکات زۆر سەرنجڕاکێشە. ئەوە تێبینی کراوە کە ئەو گوڵە ئەستێرەیەی دەکەوێتە ناو تەڵەی تۆڕێکی جاڵجاڵۆکە چەندین گوڵە ئەستێرەی تر بەرەو لای خۆی پەلکێش دەکات."
ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە جۆرناڵی بایۆلۆجی سەردەم بڵاوکراونەتەوە.