Accessibility links

بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی:هەوڵێک هەیە بۆ تەجاوزکردنی کورد لە پارێزگای دیالە


بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی باڵانسی نێوان پێکهاتەکان و باڵانسی بەڕێوەبردنی پارێزگای دیالە تێکبدات، لەکاتێکدا بەشداری سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکان لە رابردوودا هۆکاری سەقامگیری پارێزگاکە بووە.

شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا پۆستەکانی پەیوەندیدار بە پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگا لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییەوە یەکلایی کراونەتەوە. ئێمە چاوەڕێی ئەوەین لە پۆستەکانی قەزاو ناحیەو راوێژکارو و پۆستەکانی تردا بەشداریمان هەبێت."

بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای دیالە، پۆستی پارێزگار دراوە بە دەوڵەتی یاسا و پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنیش دراوە پارتی سیادە بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر. هەروەها پۆستی جێگری پارێزگار بە حزبی تەقەدوم و پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنیش پشکی لایەنە شیعەکانە.

شێرکۆ میروەیس دەڵێت،"دژایەتی زۆر هەیەو هەوڵێک هەیە تەجاوزی کورد بکرێت."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو ڕێکخراوی بەدر 4 کورسی، لیستی عەسایبی ئەهلی حەق 2 کورسی، لیستی ئەساسی موحسن مەندەلاوی 1 کورسی، لیستی سیادەی خەمیس خەنجەر 3 کورسی، لیستی تەقەدومی حەلبوسی 3 کورسی، لیستی عەزم 1 کورسی و لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کورسییەکی لەکۆی 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.

بەم پێیە لایەنە شیعەکان 7 کورسی و لایەنە سونەکان 7 کورسی و لیستی کوردی کورسییەکی لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە هەیە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگای دیالە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی گومانی هەیە لەوەی خەمیس خەنجەر لە پشت هەوڵدانەوە بێت بۆ پەراوێزخستنی کورد لە دیالە. هەروەها یەکێتی لەلایەنەکانی تریش نیگەرانەو پێیوایە بەرژەوەندی زاڵترە بەسەر کارەکانیاندا وەک لە شەراکەت."

بێ بەشکردنی کورد لە پۆستە گرنگەکانی پارێزگای دیالە لەکاتێدایە، لە حکومەتە خۆجێییەکانی پێشووی پارێزگاکە پۆستەکانی یاریدەدەری پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا لای کورد بوون، بەتایبەت لەوکاتەی شیعەو سونە ناکۆک بوون و سونە بەشداری کارای لە حکومەتی دیالەدا نەبوو.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ئەوس ئیبراهیم ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە نێو بینای پارێزگای دیالە نیگەرانی خۆی لە پشتگوێ خستنی کورد دەردەبڕێت.

ئەوس ئیبراهیم دەڵێت، "پێکهاتەی کورد لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و چاودێری دیالە بێبەشکراوە."

لەکاتێکدا زۆربەی دانیشتوانی قەزای خانەقین کوردن، هەروەها بەشێک لە دانیشتوانی قەزای مەندەلی، ناحیەکانی جەلەولاو سەعدیەو قەرەتەپەو جەبارە کوردن، بەڵام کورد تەنها کورسییەکی لە پارێزگای دیالە بەدەستهێنا، ئەمە جگە لەوەی کاندیدێکی تری کورد لە لیستی ئەساسی سەربە موحسن مەندەلاویش بووە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکە.

شێرکۆ میروەیس دەڵێت،"کورد لە ساڵانی رابردوودا هاوکاربووە لە بەدیهێنانی ئارامی و پێکەوە ژیان لە پارێزگای دیالە، بەڵام لەم دۆخە ناسکەی عێراقدا نەفەسێک هەیە کار بۆ شێواندنی پێکەوە ژیان دەکات."

ئەو وتیشی،"باڵانس و بەشداری پێکهاتەکان بووە بە عورفی سیاسی، بەتایبەت دیالە پارێزگایەکی فرە پێکهاتەیەو دەبێت هەموو لایەنەکان بەشداربن لە حکومەتەکەیدا، بە پێچەوانەوە کێشەیەکی تر دەخرێتە سەر کێشە کەڵەکە بووەکانی عێراق."

XS
SM
MD
LG