Accessibility links

سۆران عومەر: بیانووەکانی حکومەتی هەرێم بۆ نەدانی مووچە ڕاست نین


دوای ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم سەبارەت بە کێشەکانی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغداد پێی وایە، ڕەخنەکانی بەغداد لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاستە، بەڵام وەزارەتی دارایی دەیەوێت بیانووی بۆ بهێنێتەوە، دەشڵێت، کێشەی مووچە بەم شێوەیە چارەسەر نابێت، چونکە کەم و کوڕیەکان زۆر لەوە گەورەترن کە وەزارەتی دارایی هەرێم بە چەند خاڵێک ئاماژەیان پێ دەکات.

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بیانووەکانی هەرێم ڕاست نیین، چونکە بە نمونە بەبێ بایۆمەتری مووچەی کەس نادرێت لە هەرێم، بەڵام کاتێک دەزانن بەغداد جدییە بە دەنگ دێن. بەغداد قبوڵی ناکات، وردەکاری و خەلەلەکانی بۆ دیاری کردوون."

وتیشی،" کێشەی مووچە بەو شێوەیەی هەرێم دەیەوێت چارەسەر نابێت، چونکە مەبەستیان نییە چارەسەری بکەن، کێشەی مووچە زۆر گەورەترە لەوەی هەرێم بە چەند خاڵێک باسی دەکات."

ئەمڕۆ 21ی مانگی هەشت وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی پێنج خاڵی سەبارەت بە ڕەخنەی بەشێک لە پەرلەمانتاران و ڕای گشتی هەرێم بە تۆمەتبار کردنی وەزارەتی دارایی بە هۆکاری دواکەوتنی مووچە و نەدانی لە کاتی خۆیدا بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی بەم جۆرەیە،" ڕاستە بەشێک لە فەرمانبەرا ناوی چواریان وەک یەکە، بەڵام ناوی دایکیان جیاوازە، بەشێک لە فەرمانبەران و مووچەخۆران بایۆمەتریان نییە، بەڵام هۆکاری یاسایی هەیە کە یەکێكیان پەیوەندی بە نیشتەجێبوونی ئەو مووچەخۆرانەوە هەیە لە دەرەوەی عێراق، خاڵیکی تر پرسی دوو مووچەییە کە وەزارەتەکە دەڵێت ئەو کەسانەی دوو مووچەیان هەیە، مووچەیەکیان هاوکاری کۆمەڵایەتیە کە دەبوو عێراق ئەوە ببڕێت نەک مووچە فەرمیەکەی، یەکێکی تر لە کێشەکان پەیوەستە بە پەروەردەی کەرکوک و کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێ 2003 لە نێوان هەردوو حکومەتدا، هاوکات لە خاڵێکی کۆتایشدا هاتووە زیادبوونی تەمویلی مووچەی نێوان مانگەکانی شەش و حەوت بە هۆی هاوتاکردنی خانەنشینانی هەرێمە بە بەغداد."

بۆیە وەزارەتەکە کێشەکە بە "سیاسی" ناو دەبات و هەرێم "بێبەری دەکات" لە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران.

پێشتر نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەندین جار ئاماژەیان بەوەدا، کە هۆکاری دواکەوتنی مووچە "حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی هەرێمە"، بەهۆی هەبوونی ناوی دووبارە و وەهمی، نەبوونی بایۆمەتری بۆ بەشێک لە مووچەخۆران، زیاد کردنی فەرمانبەری نوێ و چەند هۆکارێکی تر لە لیستی مووچەدا.

دەنگی ئەمەریکا بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر چەند جارێک پەیوەندی کرد بە وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

شارەزایەکی داراییش پێی وایە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی "دان نانە بە هەبوونی کەم و کوڕی لە لیستی مووچەدا"، بەڵام وەزارەتەکە "بیانوو" بۆ کەم و کوڕیەکان دەهێنێتەوە.

گوڵاڵە سدیق شارەزای دارایی و بانک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" وەزارەتی دارایی دانیناوە بەوەی ڕەخنەکانی بەغداد ڕاستە، ناوی دووبارە هەیە و کەم و کوڕی لە لیستەکەدا هەیە، خەڵک هەیە بایۆمەتری نییە واتە وەهمین، بەڵام بیانوویان بۆ ڕەخنەکانی بەغداد هێناوەتەوە، ئەگەر یەک کارمەندی فەرمی بایۆمەتری نەبێت، ڕاستەوخۆ مووچەکەی دەبڕێت، ئەگەر ڕاستدەکەن با مووچەکانیان ببڕن ئەوانەی بایۆمەتریان نییە."

دەشڵێت،" کەواتە بیانوەکانیان ئەسڵ و ئەساسی نییە، فەرمانبەر هەیە من دەیناسم لە ماوەی ٨ مانگدا یەک مانگ لە هەرێم بووە و لە ئەوروپا دەژی، بەڵام مووچەکەی وەردەگرێت."

ماوەی زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دواکەوتووە، ئەمەش دەر ئەنجامی جیاوازی لێکەوتۆتەوە، هەرچەندە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان نزیک بۆتەوە، بەڵام مامۆستایان مەرجیان هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی.

ئەمڕۆ لە لاپەرەی فەرمی خۆی لە فەیس بووک بەرهەم مستەفا، ئەندامی یەکێتی مامۆستایانی سلێمانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت،" سەبارەت بەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەو خوێندنگاکان واتە دەستپێکردنەوەی دەوام بەندە بە گێڕانەوەی پلەبەرزکردنەوە و دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆییدا."

XS
SM
MD
LG