Accessibility links

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنور جارێکی تر لە زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان ‌هۆشداری دەدات


ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پەیامنێرانی بێ سنور دەڵێت تەنها لە کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵەوە لە هەرێمی کوردستان بە لایەنی کەمەوە ڕۆژنامەنوسێک کوژراوە و 5 ڕۆژنامەنوس دەستگیرکراون و ڕۆژنامەنوسێکی تر بە 3 ساڵ زیندانی سزادراوە.

ڕێکخراوەکە کە بارەگای سەرەکی لە پاریسە داوای لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ڕۆژنامەنوس موراد میرزا ئیبراهیم دەکات کە مانگی ڕابردوو لە نزیک شەنگال گیانی لەدەستدا.

ڕۆژنامەنوسی چرا ئێف ئێم موراد میرزا ئیبراهیم یەکێک بوو لە ڕزگاربوانی هێرشەکەی داعش لە ساڵی 2014 و هەتا ئێستا چارەنووسی برا ڕفێندراوەکەی لەژێر دەستی داعش نەزاندراوە. بە گوێرەی هاوکارانی ڕۆژنامەنوسەکە، ئەو ڕۆژی هەشتی مانگی حەوت لەگەڵ گروپێک لە هاوپیشەکانی لە شەنگالەوە بۆ ڕووماڵی یادی جینۆسایدی ئێزیدییەکان سەردانی شارۆچکەی تل قەسەبی کردووە و لە کاتی گەڕانەوەیاندا بە درۆنێک ئۆتۆمبێلەکەیان لە ناوەندی شنگال کرایە ئامانج.

لە هێرشە درۆنییەکەدا کە گوماندەکرێت لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدرابێت، 6 کەس برینداربوون، لە نێوانیان ڕۆژنامەوانی چرا تیڤی مەدیا حەسەن کەمال. دواتر ڕاگەیێندرا موراد میرزا ئیبراهیم بەهۆی هێرشەکەوە گیانی لەدەستداوە.

جۆنەسان داگەر، بەرپرسی دێسکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنور، ڕایگەیاند، "ئەو هێرشە ئاسمانییەی کە زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر بووە هۆی کوژرانی موراد میرزا ئیبراهیم هەتا ئێستاش بێ سزا ماوەتەوە. هەروەها توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکانەوە بە هەمان شێوە بێ سزا ماوەتەوە."

بەرپرسەکەی پەیامنێرانی بێ سنور دەشڵێت، "داوای لێکۆڵینەوە لە کوشتنە تاسێنەرەکەی موراد میرزا ئیبراهیم دەکەین. هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش دەکەین کۆتایی بەو گێچەڵ و توندوتیژییانە بهێنن کە خۆیان لێی بەرپرسن. ڕۆژنامەنووسان لە کوردستانی عێراق دەبێت لە کەشێکی ئاسایشی تەواودا بتوانن کار بکەن، لە کاتێکدا کە کێبڕکێ سیاسییەکان لە بەرزبوونەوە دان."

پەیامنێرانی بێ سنور هەروەها دەڵێت لە سێ مانگی ڕابردوودا پێشێلکاری گرتن و دادگاییکردن کراوە بەرامبەر بە 6ڕۆژنامەنوس لە سنوری پارێزگای دهۆک کە بریتین لە ئومێد بەرۆشکی و سلێمان ئەحمەد و نژیار محەمەد و بەهێز ئاکرەیی و مورات یازار و ئەحمەد شەمکی.

هۆشدارییەکانی ڕێکخراوەکە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی پێشێلکارییەکان دژ بە ڕۆژنامەنوسان هاوکاتە لەگەڵ فراوانبوونی جوڵە سەربازییەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 20ی دەی 2024.

XS
SM
MD
LG