Accessibility links

یەکێک لە جووتە پەنگوینە هاوڕەگەزخوازەکەی ئوسترالیا گیانی لەدەستدا


سفێن و ماجیک دوو پەنگوینی هاوڕەگەزخواز بوون کە ماوەی شەش ساڵ لە باخچەیەکی ئاژەڵانی ئوسترالیا بەیەکەوە دەژیان و تەنانەت دوو بێچووی پەنگوینیان بەیەکەوە گەورەکرد.

ئەندامانی باخچەی ئاژەڵانی ئاوی لە سیدنی ئەم پینجشەممەیە ڕایانگەیاند سفێن سەرەتای ئەم مانگە لە تەمەنی 11 ساڵیدا گیانیلەدەستداوە و ماجیکی تەمەن 8 ساڵانی بۆ هەمیشە بەجێهێشتووە.

ڕیچارد دیڵی، بەڕێوبەری باخچەی ئاژەڵانی ئاوی لە سیدنی، لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی دا بەوەی کارمەندانی باخچەکە جەستەی سفێنیان بۆ ماجیک بردووە "بۆ ئەوەی بزانێت هاوسەرەکەی ناگەڕێتەوە بۆ ژیان."

ڕیچارد دیڵی وتی بۆ دەربڕینی لەدەستدانی سفێن، "ماجیک یەکسەر دەستیکرد بە جریواندن و خوێندن، بەدواشیەوە هەموو ئەندامانی تری گرووپی پەنگوینەکان دەستیانکرد بە خوێندن."

ڕیچارد دیڵی دەشڵێت، "لەدەستدانی سفێن دڵشکێنەرە بۆ گرووپی پەنگوینەکان و تیمی کارمەندانی باخچەکە و تەواوی ئەو کەسانەی کە بە چیرۆکی سفێن و ماجیک کاریگەربوون."

دیمەنی سفێن و ماجیک لەگەڵ ئەکەم جوجەڵەیان لارا لە باخچەی ئاژەڵانی ئاویی سیدنی.
دیمەنی سفێن و ماجیک لەگەڵ ئەکەم جوجەڵەیان لارا لە باخچەی ئاژەڵانی ئاویی سیدنی.

ئەم دوو پەنگوینە کە لە ڕەگەزی نێرینەن ساڵی 2018 بوونە جێگای سەرنجی میدیا جیهانییەکان دوای ئەوەی کارمەندانی باخچەی ئاژەڵانی سدنی تێبینی ئەوەیان کرد دوو باڵندەکە دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی پارچە بەرد بۆ دروستکردنی هێلانەیەک. ئەوان هەرگیز لەیەتر جیانەدەبوونەوە و بەردەوام بەیەکەوە مەلەیان دەکرد.

کارمەندانی باخچەکە دەڵێن دواتر لەلایەن دوو پەنگوینی گرووپەکەیان هێلکەیەکیان پێبەخشرا و سفێن و ماجیک لەسەری کڕکەوتن و بەردەوام نۆرەگرییان دەکرد بۆ چاودێریکردنی هێلانەکە و ڕێگری لە زیانگەیاندن بە هێلکەکە.

دوای نزیکی دوو مانگ، هێلکەکە تروکا و سفێن و ماجیک بوون بە خاوەنی جوجەڵەیەک کە دواتر لە لایەن ئەندامانی باخچەی ئاژەڵانی سدنییەوە ناونرا لارا.

دوو پەنگوینەکە ساڵی 2020 بوون بە خاوەنی بێچووێکی تر بەناوی کڵانسی.

ڤینسنت ساڤەڵۆنین، پرۆفیسۆری بواری بایەلۆجی ئورگانیزم لە کۆلێجی شاهانەی لەندەن بە ماڵپەڕی ئێن بی سی وت، " سفێن و ماجیک نمونەیەکی جوانی باوکایەتییان وەکو جووتێکی هاوڕەگەزخواز نیشان دا."

شارەزایان دەڵێن پەیوەستبوونی هاوڕەگەزخوازی بەفراوانی لە نێو ئاژەڵان تۆمارکراوە، کە تێیدا جووتە هاوڕەگەزخوازەکان تەنها هەستی سۆزداری بۆ یەکتر دەرنابڕن بەڵکو کرداری بەخێوکردنی وەچەش لەگەڵ یەکتر ئەنجامدەدەن.

بەگوێرەی کۆلێجی شاهانەی لەندەن هاوڕەگەزخوازی لە نێوان زیاتر لە هەزار جۆری گیانداران تۆمارکراوە و دەکرێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتربێت کە لێکۆڵەرەوان تۆمارییان کردووە.

سەرەتای ئەم مانگەش لە باخچەی ئاژەڵانی پەیجنتنی بەریتانیا، کارمەندان ڕایانگەیاند جووتە باڵندەیەکی فلامینگۆی هاوڕەگەزخواز کە لەسەر هێلکەیەک کڕکەوتبوون بوونەتە خاوەنی جوجەڵەیەک.

XS
SM
MD
LG