Accessibility links

چەند حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەبرێنە سورداش و لە کەمپێک جێگیردەکرێن


دوای بڵاوبوونەوەی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ڕەزامەندبوونیان بە کەمپنشینکردنی حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، بەشێک لەو حزبانە ڕایدەگەیەنن، بە فەرمی لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت پابەند بن بە بڕیارەکەوە، دەشڵین، "بۆ ئەوەی خوێنی کورد بە کورد نەڕژێت ناچنە سەنگەری شەڕی دژ بە براکانیانەوە، بۆیە ناچارن بڕیارەکە قبوڵ بکەن، بەڵام بەو مەرجەی لە چالاکی سیاسی خۆیان بەردەوام بن."

حەسەن ڕەحمان پەنا، جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی کۆمەنیستی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە فەرمی ئاگادارکراوینەتەوە کە کەمپەکانمان چۆڵ بکەین، ئێمە بە بەرپرسانی هەرێممان وت، دەزانین فشارەکان هی ئێرانە نەک حکومەتی هەرێم، بەڵام بەداخەو ئێوە تەسلیم بوون و خۆزگە قبوڵتان نەدەکرد، چونکە ئەم کارەتان لە مێژوودا دەمێنێتەوە، ئەوانیش وتیان بڕیاری ئێمە نییە هی حکومەتی فیدڕاڵە، ئێمە تەنها جێبەجێی دەکەین."

وتیشی،" لەبەئەوەی نامانەوێت شەڕ دروست بێت، وە ناچینە سەنگەر دژی کورد کە ئامانجی ئێرانە خوێنی کورد بە کورد بڕژێت بۆیە دەچینە کەمپەکان، بەڵام پەنابەر نابین و چالاکی سیاسی خۆمان بەردەوام دەکەین، دەبێت ژینگەی کاری سیاسیمان بۆمان فەراهەم بکرێت، نابێت دەستبەسەر بین و یوئێن چاودێریمان بکات و پارچەیەک نانمان بدەنێ، ئەگەروابێت قبوڵی ناکەین."

بە پێی نوسراوێکی فەرمی کە لە بەشێک لە میدیاکان بڵاو کراوەتەوە، ڕۆژی 19ی مانگی هەشت قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، داوا لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکات ڕەزامەندی دەرببڕیت بە بەکارهێنانی کەمپی سورداش بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە بەرامبەردا ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە هەمان ڕۆژ وەڵامی نوسراوەکەی داوەتەوە و رەزامەند بووە بە داواکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق.

عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە کۆتایی مانگی سێی 2023دا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕێکەوتنامەیەکی ئەمنییان واژۆ کرد تایبەت بە ئاسایشی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات و سنوردارکردنی جموجۆڵی حزبەکانی کوردستانی ئێران.

لە دوای چەند جارێک هێرشی ئێران بۆسەر بارەگای حزبە کوردییەکان لە مانگی نۆی 2022، حکومەتی ئێران ڕۆژی 19ی نۆی 2023ی وەکو دوا وادە بۆ چەککردن و داخستنی بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دانابوو، بەڵام پێش ئەو وادەیە لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هێزە کوردییەکان لە ناوچە سنورییەکان کشێنرانەوە، هێزەکانیشیان لە کەمپەکانی زرگوێز و کۆیە و ناوچەکانی تر "چەککران." بەڵام لە ئێستادا حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە بەوەی لەو کەمپانەش بگوازرێنەوە و لە سورداش جێگیربکرێن.

سەرچاوەیەکی تر لە ناو یەکێک لە حزبەکانی کۆمەڵە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، پشتڕاستی قسەکانی حەسەن ڕەحمائ پەنای کردەوە و تی،" بەڵی دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی لەگەڵماندا دانیشتوون و چەند جارێک پێیان وتین کە دەبێت زڕگوێز چۆڵبکەین."

وتیشی،" لەبەر ئەوەی نەبینە مایەی سەرئێشە بۆ هەرێم و لەبەرچاوگرتنیت دۆخەکە، بە ناچاری دەچینە کەمپە نوێیەکە."

بەڵام هەریەکە لە پارتی ئازادی و دیموکرات ڕەتی دەکەنەوە بڕیارێکی لەو شێوەیەیان پێگەشتبێت، دەڵێن "بە فەرمی ئاگادارنەکراوینەتەوە."

خەلیل نادری وتەبێژی پارتی ئازادی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هیچ بڕیارێکی عیراقیمان پێنەگەشتووە سەبارەت بە گواستنەوەمان، ئێمە زیاتر لەگەڵ حکومەتی هەرێم دامەزراوەکان و حزبەکوردیەکان لە پەیوەندیداین و لایەندارین، بە درێژایی 33 ساڵی ڕابردوو کار و تێکۆشانمان بە جۆرێک بووە کە زیان بە باشوری کوردستان نەگەیەنێت و نەبێتە بیانوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەدەستیەوە بگرێت، فشارەکانی ئێران بەردەوامن و هەرچی بۆ بچیتە سەر درێغی ناکات، وە دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی ئەمەریکا و کابینەی نوێ خواستەکانی خۆی بەدیبهێنێت."

وتیشی،" فشارەکە لەسەر هەڤاڵانی کۆمەڵەکان چڕتربۆتەوە، بۆمان پرسیارە بۆ هەڤاڵان لە زڕگوێز یان کۆیە ببرێنە شوێنیکی تر، چ لە بابەتە دەگۆڕێت بە بۆ ئێمە و نە بۆ لایەنەکانی تر جێگە گۆڕکێ ئاڵوگۆڕی ئەوتۆ دروستناکات، ئێمە لە شەڕی داعش بەشداربوین و خوێنمان بۆداوە، بڕیارمان بە جۆرێکە قبوڵی تەسلیم بون و هەڵوەشاندنەوەی تێکۆشانی خۆمان ناکەین و هێڵیکی سورمان هەیە ناهێڵین کەس بیبەزێنێت. ئەگەر ناچار بین لەم شوێنانەی ئێستا نەمێنین دڵنیابن کە پلان و نەخشەگڵاوەکانی ئێران لە گۆڕ دەنێین."

هەرچەندە حزبی دیموکرات ئامادە نەبوو بە فەرمی لێدوان بدات لەو بارەیەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لەو حزبە بە دەنگی ئەمەریکای وت،" بڕیارێکی لەو شێوەیە بۆ ئێمە نەهاتووە."

وێرای فشارەکان و بڵاوکراوەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچ بەرانی عێراق، بەڵام نوێنەری ئەو وەزارەتە دەڵێت، بڕیارەکە بە فەمی نەگەشتۆتە دەستیان.

سامر مەشکور، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەبارەت بە بڕیارەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە هیچ بڕیارێکی فەرمیمان بەدەستنەگەشتووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی بڕیارێکی وا پێویستمان بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، چونکە سەڵاحیەتی جێبەجێکردنی لەلای ئەوانە، عێراق موافقە بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هیچ بڕیارێکی نەداوە لەو بارەیەوە، خزمەتگوزاری کەمپ و جێبەجێکردنەوەی لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمە."

XS
SM
MD
LG