ئەمڕۆ شەممە 24ی مانگی هەشتی 2024، ڕێکخراوی پەیامنێران لە پێش بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر لە بەیاننامەیەکدا بە ئامانجگرتنی تیمی کەناڵی ستێرک تیڤی ئیدانەکرد و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، فشار بخەنە سەر وڵاتانی دراوسێی عێراق بە مەبەستی دوورخستنەوەی ئاڕاستەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە و بەشدارنین و مەدەنین، ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایش دەڵێت،" تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا بەهۆی بۆردومان و بە ئامانگرتنی سوپای تورکیاوە پێنج ڕۆژنامەنوس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەستداوە."
هۆزان قادر سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بۆردومانکردنی ئۆتۆمبیلێک لە سنوری شاری سلێمانی کە بووە هۆی ئەوەی دوو کچی ڕۆژنامەنوس گیان لە دەستبدەن، ئەم کردەوەیە تاوانێکی پاسا و هەڵنەگرە و دژی هەموو یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتییە و ئێمە وەکو ڕێکخراوی پەیامنێران بە توندی ئیدانەی دەکەین."
وتیشی،" جگە لەوەی هێرشەکە بۆ سەر گیانی ئەو دوو ڕۆژنامەنوسە تاوانە لەهەمانکاتدا پێیشلکاری زەقی سەروەری خاکی عێراقیشە، بۆیە ئێمە لە ڕێگای یاداشتێکەوە کە ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکانمان کرد و داوامان لێکردن ئەو هێرشانە چ ئاسمانی بێت یاخود زەمینی لەلایەن وڵاتانی دراوسێ ڕابگیرێت کە بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی ڕێکەوتنی ژنێفی ساڵی 1949 یان نەکردووە و داوایان لێدەکەین چیتر خەڵکی مەدەنی و ڕۆژنامەنوسان نەکەنە قوربانی، چونکە بە دڵنیایەوە ئەوان دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگدا نیە."
ڕێکخراوی پەیامنێران ڕەخنە لە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەگرێت لەوەی لەو نێوەندەدا وەک پێویست نین و ناتوانن سەروەری خاکی هەرێم و عێراق بپارێزن و ڕۆژانە گوند و هاووڵاتیانی مەدەنی دەبنە قوربانی ئەو بۆردوومانانەی وڵاتانی دراوسێ.
سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی 23ی مانگی هەشتی 2024، لە نزیک گوندی تەپە ڕەش لە سەر ڕێگای هەڵەبجە- سەیدسادق، لە هێرشێکی درۆنیدا ئۆتۆمبیلێک کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە 2 کەس گیانیان لە دەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو.
دژە تیرۆری کوردستان کە بنکەی لە هەولێر Kurdistan CTD ، بەیاننامەیەکی لەسەر هێرشە درۆنیەکە بڵاوکردەوە و وتی،" چەکدارانی پەکەکە لە گوندی تەپەڕەش کراونەتە ئامانج."
لە بەیاننامەکەی دژەتیرۆری کوردستان هاتبوو،" فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە نزیک گوندی تەپەڕەشی قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسێکی پەکەکە و شۆفێرەکەی و چەکدارێکی یاوەری کوژران."
دوا بە دوای هێرشەکەش کەمال حەمە ڕەزا، بەڕێوبەری کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی ڕەتیکردەوە کە کوژراوەکان چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان بن و وتی،" هەردوو ئەو کەسەی کوژراون لەگەڵ ئەوەشی برینداربووە کارمەندی کۆمپانیای چەترن."
ناسنامەی ڕۆژنامەنوسە کوژراوەکان بەم جۆرەیە (گوڵستان تارا) تەمەنی چل ساڵە وهەواڵسازی سیاسییە لە کەناڵی ستێرک تیڤیە کە نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان و خەڵکی شاری باتمانە، هەروەها (هێرۆ بەهادین) تەمەن ٢٧ ساڵە و کامێرامان و مۆنتێرە و خەڵکی شاری سلێمانیە، ڕێبین بەکر کە تەمەنی 30 ساڵە ولێپرسراوی سۆشیال میدیای کەناڵەکەیە و خەڵکی شاری سلێمانییە.
کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە نیسبەت ڕووداوەکەی دوێنی هەینی، تاوەکو ئێستا لە لێکۆڵینەوەداین بۆ ئەوەی بە تەواوی ناسنامەی قوربانیەکان بۆ ئێمە یەک لابێتەوە کە ئایە مەدەنین یان خەڵکانێکن کە ئەنجومەنی ئاسایش بڵاویکردەوە کە چەکداربن، ئەوەش پێویستی بەوەیە کە وەفاتنامەیان دەردەچێت، بەڵام لەو بڕوایەداین کە مەدەنی بن و کرا بنە ئامانج."
وتیشی،" لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی هەشت نۆ هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردمان ولەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ سەرخاکی هەرێم گیانیان لە دەستداوە و دوانی دیکەش برینداربوونە، هەروەها لە کۆی گشتی قوربانییەکانی ئەمساڵ 5 یان ڕۆژنامەنوسن."