Accessibility links

وەزیری کاروباری ئیسلامی عەرەبستانی سعودیە: مافەکانی ژنان لە وڵاتەکەمان هەنگاوی باشیان ناوە


دیمەنی کۆمەڵێک لە ژنانی سعودییە لە کاتی "پیاسەکردن" لە یەکێک لە پارکەکانی ناوچەی حەمدانییەی شاری جەددە.
دیمەنی کۆمەڵێک لە ژنانی سعودییە لە کاتی "پیاسەکردن" لە یەکێک لە پارکەکانی ناوچەی حەمدانییەی شاری جەددە.

وەزیری کاروباری ئیسلامی شانشینی سعودیە ستایشی "پێشکەوتنە بەرچاوەکان" لە بواری مافەکانی ژنان دەکات لە وڵاتەکەیدا و دەڵێت هەنگاوەکان "لە ژێر سەرکردایەتی شا سەلمان و پشتگیری شازادەی جێنیشین محەمەد بن سەلمان" بوون.

شێخ عەبدولەتیف شێخ، وەزیری کاروباری ئیسلامی عەرەبستانی سعودیە، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، ژنانی سعودیە "هەلی بەرچاویان بەدەستهێناوە" لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و دارایی و سەرۆکایەتی و لە ئێستادا لە چەندین پۆستی باڵای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ڕۆڵدەبینن.

شێخ عەبدولەتیف شێخ، لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی ساڵانە سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان کە ئەمڕۆ لە قاهیرە بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند ژمارەی ئەندامانی ژن لە ئەنجومەنی شورای وڵاتەکە زیادکراوە بۆ نزیکەی 30 کەس؛ هەروەها وەزارەتەکەی ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی زیاتر لە 6 هەزار ئافرەت ڕۆڵی سەرکردایەتی بگێڕن لە چەندین کایەی وڵاتەکەدا، لە چوارچێوەی پرۆژەی دیدگای سعودیە بۆ ساڵی 2030.

وتەکانی ئەو بەرپرسە باڵایەی سعودیە لە کاتێکدایە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام بە نیگەرانییەوە باسی مافەکانی ئافرەتان لەو وڵاتەدا دەکەن، سەرەڕای پێشوازیکردنیان لە هەندێک بڕیاری وەکو ڕێگەدان بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل.

سەرەڕای ناڕەزایی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی ژنان مانگی سێی ئەمساڵ بە کۆی دەنگ نوێنەری سعودیەی هەڵبژارد بۆ سەرۆکایەتی دانیشتنی 69 لە ساڵی داهاتوودا.

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند بڕیارەکە "فەرامۆشکردنێکی تاسێنەرە بۆ دۆخی مافی ئافرەتان لە هەموو شوێنێک."

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش دەڵێت حکومەتی سعودیە پێویستە کۆتایی بە سیستەمی سەرپەرشتیکردنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە بهێنێت و دەڵێت ژنان لە وڵاتەکە قوربانی کوشتنن لە ژێر ناوی شەرەفدان.

XS
SM
MD
LG