Accessibility links

لێکۆڵینەوەیەک: ڕێژەی پلاستیک لە مێشکی مرۆڤدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە


لە هەشت ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی پێکهاتەی پلاستیک لە مێشکی مرۆڤدا بە شێوەیەکی خێرا بەرزبووەتەوە و گەیشووەتە 0.5%، ئەمە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لە زانکۆی نیو مەکسیۆ لە ئاڵبەرکرکی.

ماسیو کامپێن، سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە، بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، "بەراور بە نمونەکانی ساڵی 2016 لەسەر پشکنینی مێشک، ڕێژەی پلاستیک بۆ نیوە بەرزبووەتەوە؛ واتا مێشکی ئێمە ئەمڕۆ 99.5% پێکهاتووە لە مێشک و ئەوەی دەمێنێتەوە بریتییە لە پلاستیک."

بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە، لێکۆڵەرەوان پشکنینیان بۆ خانەی مێشک و گورچیلە و جگەری 92 کەس کردووە کە لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2024 بە هۆکاری جیاواز مردوون. دەڵێن تێبینی ئەوەیان کردووە بۆ هەر گرامێک لە مێشک ڕێژەی 4 هەزار و 800 مایکرۆگرام پلاستیک هەبووە لە مێشکیان.

شارەزایان دەڵێن لەگەڵ پەرەپێدانی بەرهەمی بازرگانی و زۆری بەکارهێنانی پلاستیک لەلاین مرۆڤ، ڕێژەی مایکرۆپلاستیک بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

مایکرۆپلاستیک پێکهاتووە لە گەردیلەی پلاستیکی بچووک کە لە پلاستیکە گەورەکانەوە دروستدەبێت و بەهۆی بچووکی قەبارەیانەوە ناتواندرێت بەچاو ببیندرێن.

زانایان دەڵێن مایکرۆپلاستیک لە خواردن و ئاو تەنانەت ئەو هەوایەش کە هەڵیدەمژین بڵاوبووەتەوە و مرۆڤ ناتوانێت بەتەواوی خۆی لێ بپارێزێت.

بە گوێرەی دوایین لێکۆڵینەوەکان، مایکرۆپلاستیک بە ڕێژەی جیاواز لە نێو دەمارەکان و دڵ و گورچیلە و ئەندامانی تری جەستە، وە تەنانەت لە شیری مەمکی مرۆڤیشدا بوونی هەیە.

باوترین جۆری پاشماوەی پلاستیک لە جەستەی مرۆڤدا پێکهاتووە لە پۆڵیاسلین کە بۆ دروستکردنی زەرفی نایلۆن و بوتڵ بەکاردەهێندرێت.

فلیپ لاندریگان، بەڕێوەبەری پرۆگرامی تەندروستی گشتی جیهانی لە کۆلێژی بۆستن، بە سی ئێن ئێن دەڵێت سەرەڕای بڵاوی پلاستیک، "گرنگە خەڵک نەتۆقێنین چونکە زانست لەم بوارەدا هەتا ئێستا لە پەرەسەندندایە، وە هیچ کەسێک لە ساڵی 2024 بەبێ پلاستیک ناژێت...بە خەڵک دەڵێم، 'گوێبگرن، هەندێک لە پلاستیک هەیە کە ناتوانن لێی ڕابکەن. ناتوانن مۆبایل یان کۆمپیوتەرێک دەستبخەن کە پلاستیکی تێدا نییە.' بەڵام هەوڵبدەن بەکارهێنانی ئەو جۆرانەی پلاستیک کەمبکەنەوە کە دەتوانن خۆتانی لێ دووربخەنەوە وەکو زەرفی نایلۆن و بوتڵ.

XS
SM
MD
LG