Accessibility links

ئایا خواردنی جۆرەکانی مێروو دەتوانێت هەسارەکەمان ڕزگاربکات؟


ڕەنگە تۆی خوێنەر زیادکردنی برێک مێروو بۆ ژەمە خواردنەکانت بە پێشنیارێکی نامۆ بزانیت؛ بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی مرۆڤ لەسەر زەوی و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی خۆراکی پڕۆتین، ئەمە یەکێکە لە پێشنیارەکان کە خەریکە پاڵپشتی نێودەوڵەتی پەیدادەکات.

حکومەتی سینگاپور مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند 16 جۆر لە مێرووی پەسەندکردووە بۆ خواردن لە لایەن هاوڵاتییانیەوە، کە پێکهاتوون لە چەند جۆرێکی قالۆنچە، کولە (کلۆ)، کرم و جۆرێکی مێشی هەنگ.

ئاژانسی خۆراکی سینگاپور دەڵێت بڕیارەکەی داوە "بەو پێیەی پیشەسازی مێرووەکان لە سەرەتای گەشەکردندایە و مێرووەکان بونەتە کەرەستەی نوێی خۆراک."

دەشڵێت دوای بڕیارەکە هەموو کارگەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک و چێشتخانەکان دەبێت بە ڕوونی ئاگاداری کڕیارەکانیان بکەنەوە لە هەبوونی مێروو لە پێکهاتەی بەرهەمە خۆراکییەکانیاندا.

سینگاپور تاکە وڵات نییە کە بە فەرمی ڕێنمایی بۆ جۆرەکانی خۆراکی مێروو دەرکردووە. بەڵکو لە چەند ساڵی ڕابردوودا یەکێتی ئەوروپا و ئوسترالیا و نیوزیلاند و کۆریای باشور و تایلاند ڕێنمایی هاوشێوەیان دەرکردووە.

فراوانبوونی پاڵپشتی لە زیادکردنی مێروو بۆ ژەمەخۆراکەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانە: یەکەم، شارەزایان دەڵێن بڕێکی زۆر پرۆتین و مادەی سودبەخشیان تێدا هەیە. دووەم، سەرچاوەیەکی فراوان و ئاسانن بۆ خۆراک بەو پێیەی نزیکەی 1900 جۆریان شیاون بۆ مرۆڤ و بەخێوکردنیان ئاسانە. سێیەم، یارمەتی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەدەن لە ڕێگەی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بەرهەمەکانی گۆشتی سور و ماسی. چوارەم، بۆ بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی مێروو هۆکارێکی تری گرنگ تامەکەیەتی.

سودە تەندروستییەکان

ساڵی 2013 ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند پەنابردنە بەر خواردنی مێروو دەکرێت بەکاربهێندرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسییەتی لە وڵاتە هەژارەکان و کێشەی قەڵەوی بەهۆی خواردنی گۆشتی سور.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، "زۆر جۆری مێروو هەمان بڕی پڕۆتین و کانزایان تێدا هەیە کە لە گۆشتی سوردا هەن، ئەمە جگە لەوەی ڕێژەیەکی زیاتر لە چەوری سودبەخشیان تێدا هەیە."

دیمەنی یەکێک لە چێشتخانەکانە لە وڵاتی تایلەند کە تێیدا یەکێک لە ئەندامانی چێشتخانەکە ژەمێکی کرم و هێلکەی سورەوەکراو پێشکەش بە کڕیارانی دەکات لە ساڵی 2008.
دیمەنی یەکێک لە چێشتخانەکانە لە وڵاتی تایلەند کە تێیدا یەکێک لە ئەندامانی چێشتخانەکە ژەمێکی کرم و هێلکەی سورەوەکراو پێشکەش بە کڕیارانی دەکات لە ساڵی 2008.

مایتی کریکێت کە کۆمپانیایەکە تایبەت بە بەکارهێنانی جۆرێکی کولە لە خواردنەمەنییەکاندا دەڵێت، کولەی کریکێت 10 ئەوەندەی گۆشتی مانگا ڤیتامین B12 لە پێکهاتەکەیدا هەیە. ڕێکخراوەکە جۆرەها کێک و شیرینی و ژەمی سەرەکی ئێوارە و نیوەڕۆ لە کولە دروستدەکات و بەڵێنی تامێکی بێوێنەش دەدات بە کڕیارەکانی.

هەروەها کۆمپانیای خۆراکی ناک لە کەنەدا دەڵیت بڕی 100 گرام لە گۆشتی مانگا تەنها 20 گرام پرۆتینی تێدایە لەکاتێکدا هەمان بڕ لە کولە 60 گرام پرۆتین دەادت بە مرۆڤ.

بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا

شارەزایان دەڵێن خواردنی مێرووەکان بێگومان هاوکاردەبێت لە ڕزگارکردنی هەسارەکەمان لەو گۆڕانکارییانەی بەهۆی کرارەکانی مرۆڤەوە دروستبوون و مەترسی کارەساتی گەورەیان لیدەکرێت.

ساڵی 2022 ڕێکخراوی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا هانی وڵاتانی دا بەرهەمەکانی مێروو لە خۆراکدا بەکاربهێنن بەهۆی سودە تەندروستییەکانی و گرنگی لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاری کەشوهەوادا.

بەگوێرەی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، پیشەسازی گۆشتی سور و شیرەمەنی بەرپرسیارە لە دەردانی نزیکەی 15% گازی گەرمخانەیی کە هۆکارێکی سەرەکی گەرمبوونی زەوییە.

ڕێکخراوەکە دەڵیت بەرهەمهێنانی هەر پارچە گۆشتێکی 100 گرامی دەبێتە هۆی دەردانی 750 گرام لە گازی گەرمخانەیی، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی هەمان بڕی گۆشتی کولە سەد جار کەمتر ئەو گازە دروستدەکات.

ڕێکخراوەکە مەزەندە دەکات لە تەواوی زەوی نزیکەی 2 ملیار کەس جۆرەکانی مێروو نۆشبکەن.

XS
SM
MD
LG