Accessibility links

نیگەرانییەکان لەمەڕ هاتنی هێزێکی حەشدی شەعبی بۆ نزیک بیرە نەوتێکی گەرمیان


هێزێکی حەشدی شەعبی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە چووە ناوچەیەک لە گەرمیان کە وەک باسدەکرێت لەوەتای ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حسێنەوە هێزی حکومەتی ناوەندی عێراق نەچووەتە ئەو ناوچەیە. هەرچەندە حەشدی شەعبی لای خۆیەوە دەڵێت جموجۆڵی داعشیان لەو ناوچەیە بەدیکردبوو، بۆیە هاتوونەتە ناوچەکە، بەڵام ژمارەیەک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە ڕەتیدەکەنەوە هۆکارەکە داعش بووبێت. ئەم ڕووداوە جگە لەوەی کۆمەڵێک پرسیار و گومانی بەدوای خۆیدا هێناوە، خەڵکی ناوچەکەشی نیگەران کردووە.

دەپرسین:

بۆچی لەم کاتەدا حەشدی شەعبی دەچێتە ناوچەیەک کە شیانی هەیە پێکدادانی لێبکەوێتەوە؟

حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی لەم جۆرە بکات؟

بۆچی ماددەی 140 ی دەستوری عێراق هەتا ئێستا جێبەجێ نەکراوە کە بە کلیلی چارەسەری کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی دادەنرێت؟

وەک هەندێک سەرچاوە باسی لێوەدەکەن، ئەو هێزەی حەشدی شەعبی بۆ کۆنترۆڵکردنی بیری نەوت هاتبوو، ئایا حەشدی شەعبی دەسەڵاتی فەرمی هەیە سامانی سروشتی وڵات کۆنترۆڵ بکات؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم و شارەزای بواری سەربازی.

ڕزگار حەمەد مەحمود، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان.

نزار مەلا عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و کاروباری ناوخۆ لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێم لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا بەرپرسان لە وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی پێشمەرگە لەو ناوچەیە، بەرپرسی لیوای پاراستنی نەوت و گاز لەو ناوچەیە، ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بەشداری بکەن لە بەرنامەکەدا، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

please wait

No media source currently available

0:00 1:05:51 0:00

جەبار یاوەر:

زۆرجار حەشدی شەعبی کە پرۆسەی سەربازیی ئەنجام دەدەن پرس بە لایەنی هەرێمی کوردستان ناکەن، ئەمەی کە ڕوویداوە لە ڕۆژی 25 ی مانگ هێزەکەی حەشدی شەعبی نزیکەی سێ لیوا زیاتر بووە بە ئالیەتی سەربازییەوە لەگەڵ هێزێکی چەکداری زیاتر لە هەزار کەس هاتوون بەپێی بڵاوکراوەی خۆیان هاتوون بۆ پەلاماردانی گروپێکی تیرۆریستی داعش لە ڕووی سەربازییەوە ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە هاتوونەتە ئەو ناوچەیە بۆ زانینی هەڵوێستی هێزی بەرامبەرە، ئەو هێزە توانیویانە جێگیر بن و چواردەوری بنکەیەکی پۆلیسی نەوت و گازیان داوە ئەوەی لە کوڵەجۆ ڕوویدا کارێکی عەشوائی کۆمەڵە چێمکدارێک نەبوو، بەڵکو ئەو هێزە مەبەستیان توانای خۆیان تاقی بکەنەوە ئەگەر دواڕۆژ بڕیار دەرچوو هەموو چاڵە نەوتیەکان کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا نییە بگرنەوە، ئەمە وەکو خۆتاقیکردنەوەیەک وایە کە ئەو نیەتە بۆ داهاتوو هەیە بەتایبەت ئەگەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت چارەسەر نەبوو عێراق پلانی هەیە دەست بەسەر بیرەنەوتییەکاندا بگرێتەوە.

ئەو هێزەی حەشدی شەعبی یەکەمجار هاتوونەتە نزیک سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە دواتر چوونەتە سەر ئەو کێڵگە نەوتیانە سەرەڕای ئەوەی ئەو کێڵگەیە بنکەیەی پۆلیسی نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ جێگیر کراوە.

لە ناوچەی نزیک کفری و خانەقین کۆمەڵێک بیری نەوت هەیە کە هەندێکیان بەرهەمی لێدەهێنرێت پێش چەند مانگێک هێزێکی تر بەهەمان شێوە نزیک بوویەوە لە کێڵگە نەوتیەکانی کۆرمۆر ئەوکاتە پێشمەرگە ڕێگەی نەدا.

بێگومان هەموو هێزەکانی عێراق پلانی داڕێژراویان دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو بیرە نەوتیانە هێزی حەشدی شەعبی جگە لە چەکی سوک هەموو ئالیەتی سەربازی قورسی هەیە لەوانە تۆپخانە و هێلیکۆپتەر و درۆنی هەیە هیچ هێزێکی سەربازی لە عێراق بێ فەرمانی (جوڵە) ناجوڵێتەوە، ئەگەر کێشەکان قوڵَبوونەوە لەسەر مەسەلەی نەوت و گاز بێگومان دەوڵەتان بۆ هێزە سەربازییەکانیان پلان دادەنێن بۆئەوەی کە ئەنجامی بدەن لە دواڕۆژدا واتە ڕاهێنانی لەسەر دەکەن ئەگەر کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەر نەبن زۆر ئاساییە کە دەیان جاری تر ئەو گرژیانە ڕووبداتەوە، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکات ئەم کێشانە لە ڕووی سەربازییەوە چارەسەر نابێت، هەنگاوی یەکەمی گرنگی هەرێمی کوردستان ئەوەیە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان هەموویان بەشێوەیەکی گشتی لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتیمانی ڕێکبکەون کە هەندێک هێڵی گشتی تێدا بێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ دەستوری عێراقدا بکرێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئابوری هەرێمی کوردستاندا بکرێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا بکرێت لە هیچ قۆناغێکی مێژووی هێندەی ئێستا نێوانی لایەنە سیاسیەکان خراپ نییە بەتایبەتی دوو حزبی سەرەکی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان یەکێتی و پارتی، دەبێت بەزووترین کات کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکان وەلا بنرێت ئەگەر لەکاتی هەڵبژاردن هەلومەرجێکی وا ڕووبدات لەسەر کورسیەکانی پەرلەمان بەرامبەر یەکتری بوەستن، وە ئەگەر خوانەخواستە شتێکی وەکو ساڵی 1994 ڕووبدات بەدڵنیاییەوە ئەوکاتە حکومەتی عێراق بەزەبری هێز دێتەوە ناو هەرێمی کوردستان و هەموو هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ دەکاتەوە عێراق کەڵکی وەرگرتووە لەم هەلومەرجە ناجێگیرەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە ئەگەر خوانەخواستە ململانێی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی گۆڕدرا بۆ ململانێی سەربازیی ئەوکات عێراق دێت بەبیانوی کپکردنی شەڕوئاژاوەی هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات، لەبەرئەوە باشترین مامەڵە ئەوەیە بەهێزی سیاسیەوە مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بکەین چونکە مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زۆرن دەبێت هەتا پێمان بکرێت پەلە بکەین لە یەکخستنی هێزەکانمان و گۆشیان بکەین بە بیروباوەڕێکی جەنگی نیشتیمانی کە بەرگری لە خاکەکەیان بکەن و بەرگری لە حزبی سیاسی نەکەن بۆئەوەی هیچ نەبێت هاوپەیمانێتی وڵاتان پشتیوانیمان بکەن جگە لەمەش ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە لەو سنورەدا لەڕووی هەواڵگرییەوە کە نەیانزانییوە ئەو هێزانە چۆن هاتوون بۆ ئەو ناوچانە، بۆیە کەموکورتی هەیە لەبەدواداچوونی هەواڵ و زانیارییەکان، دەبێت دامودەزگا هەواڵگیرییەکانمان وشیار بن هەروەها دەبێت بەردەوام پلانمان هەبێت هەموو هەماهەنگیەک لەلایەن هەر لایەنێکی سیاسیەوە بێت کە هێزی چەکداری هەیە بەبێ ئاگاداربوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی دەوەستمەوە .

ڕزگار حەمەد مەحمود:

لە ڕاستیدا بەبیانوی بۆشایی ئاسایشی و بە مەبەست ئەمە دروستکراوە، حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆئەوەی هێزەکان لەو ناوچانە هەماهەنگی بکرێت، ئەمە شتێکی تازە نییە بەڵکو سوپای عێراق یان حەشدی شەعبی چەند جارێک هاتونەتە ئەو ناوچانە لەوانە خانەقین و قەرەتەپە و دووزخورماتوو بەبێ ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئاگاداربن حەشدی شەعبی پێشڕەوی کردووە بەبیانوی پاشماوەی داعش لەو ناوچەیەدا، مەبەستەکەشیان ڕوونە کە داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستانە ئێستا هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی کوڵەجۆ زەحمەتی خەڵک دەکەن کە وردە وردە خەڵکی ئەو گوندانەی ئەو ناوچەیە دەگوازنەوە بەرەو کەلار وادەکرێت کە ناوچەکە چۆڵ بکرێتەوە، ئەگەر ئێستا سەرژمێری بکرێت زۆرینەی ئەو ناوچەیە عەرەبن کە مەترسی دروستکردووە ئەو بەشە لە خاکی کوردستان وردە وردە چوڵ دەکرێت ئێستا بەداخەوە کورد لە جەلەولا نابینرێت کە دەبووایە بەمشێوەیە سیاسەت نەکرایە هێزی حەشدی شەعبی هێزێکی نایاساییە و هێزێکی مەزهەبییە کە تەنانەت سوپای عێراقیش لێی ڕازی نییە ئێمە هەرکات چووبین بۆ ئەو ناوچانە وەکو لیژنەی کاروباری پێشمەرگە سەردانی میحورەکانمان کردبێت ڕوخسەتمان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی وەرگرتووە واتە فەرماندەی لیواکەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕووخسەتی لە فەرماندەی هێزی حەشدی شەعبی وەرگرتووە هێزی پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە هیچ ماف و ئیمتیازێک کە لە دەستوردا بۆ پێشمەرگە دانراوە ڕێکنەخراوە.

کۆمەڵێک عەرەبی شۆڤێنی هێزی حەشدی شەعبی بەکاردەهێنن بۆ ئازاردانی هاونیشتیمانیان لەم ناوچانە لە ئێستادا لەناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاڵۆزییەک و ناکۆکی هەیە ئەمەش وایکردووە کە نەیارەکانمان ئێستا بە هەلێک بزانن یان گومان هەیە لایەنێکی دیاریکراو خولقی ئەم هێزەی کردبێت لەڕاستیدا ئەمە شتێکی باش نییە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لە ڕێگەی لیژنەکانەوە و ژووری هەماهەنگیەوە قسە دەکرێت لەسەر ئاستی وەزارەتی پێشمەرگە قسە دەکرێت لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق بۆئەوەی بتوانرێت خزمەتێک بەو ناوچەیە بکرێت ئێستا کۆمەڵێک لە عێراق حوکم دەکەن کە ئەجیندای ئیقلیمی جێبەجێ دەکەن و نیەتیان خراپە بیانوو دەگرن بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر دوژمنی ئەم قەوارەیە بن و هەوڵ بدە ئەم قەوارەیە هەڵبوەشێننەوە ئێمە لەوە دەترسین هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەتوانێت بەرگری لە خاکەکەی بکات لەبەرامبەر حەشدی شەعبی بەڵام ناتوانێت بەرگری لە پلانێکی گەورەی ئیقلیمی بکات ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بکرایە بەدڵنیاییەوە ئەم کێشانە ڕووینەدەدا، ئەگەر ئێمە دەستورێکمان هەبووایە ئەوان نەیاندەتوانی بەم شێوەیە بێن چونکە نەبوونی دەستور وەکو ماڵێک وایە حەوشەی نەبێت چونکە ئەگەر حەوشەی نەبوو هەموو کەسێک دەتوانێت بێتە ژوورەوە.

نزار مەلا عەبدولغەفار:

چەند سەرکردەیەک لە حەشدی شەعبی ڕوونکردنەوەی ئەوەیانداوە کە لەگەڵ لایەنێکی سیاسی ڕێککەوتوون و بەڕێککەوتن هاتونەتە ئەو شوێنانە هاتنی ئەو هێزەی حەشدی شەعبی بابەتێکی سیاسیە و دەستبردنە بۆ شکۆی هەرێمی کوردستان خروقاتێکی ڕوونە کە هیچ پەیوەندی بە بابەتی ئابورییەوە نییە بەڵکو بیانووە بەناوی بیرە نەوتەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاتووە دەکرێت بە هێزی پێشمەرگە ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکرێتەوە نیەتی گروپی حەشدی شەعبی نیەتێکی خراپە دەستدرێژی کردن بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان قابیلی قبوڵ نییە ئەمە وادەکات پەیوەندییەکان بچڕ بچڕ بن و دەستدرێژی زیاتر بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان کە بە پێشبینی خۆم وایدەبینم هەرێمی کوردستان لە ئێستادا داکۆکیکارێکی سەرسەختی خاکی کوردستان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە کە لەوە زیاتر لە هێز و توانایدا نییە لە هەرێمی کوردستان دەبێت هەموومان گوتاری سیاسی یەک بخەین و دوور بین لە بیرکردنەوەی تەسکی حزبایەتی، دەبێت بیر لە هەستی نەتەوایەتی بکەینەوە ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بکرایە ئێستا ئەو هەموو گرفتانە بۆ هەرێمی کوردستان دروست نەدەبوو من پێشبینی دەکەم گروپی حەشدی شەعبی لە دوو مانگی داهاتوودا خروقاتی زیاتر دروست بکەن بۆ ئەنجامنەدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بابەتی تر دروست بکەن، بەپێشبینی خۆم شتی خراپتریش ڕووبدات لەم دوو مانگەی داهاتوو.

XS
SM
MD
LG