Accessibility links

سەعدی ئەحمەد پیرە: یەکێتی دژی زیادکردنی ناوی نوێ و مناقەشەی بێمانایە لەسەر هەژماری من


سەعدی ئەحمەد پیرە
سەعدی ئەحمەد پیرە

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی هیچ ناوێکی تازەی نەخستووەتە سەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێم و دژی زیادکردنی ناوی نوێیە بۆ لیستی مووچەخۆران، بڕینی مووچەی ناوە زیادکراوەکانیش بەباشترین چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە دەزانێت. هەروەها دەشڵێت، یەکێتی دژی "مناقەشەی بێمانایە" لەسەر هەژماری من.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لیستی مووچەخۆران ئێمە نایکەین وەزارەتی دارایی دەیکات و سەرپەرشتی دەکات، داخڵ کردنی یەکێتی بەو قەزیەیە نازانین بۆ؟ ئەگەر ئێمە ناومان زیادکردووە لە کوێیە کام وەزارەت ئاسایش پێشمەرگە کامیان؟ ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆ 2000 کەسێک زیاد کراوە ئێمەی تێدا نییە، لە پێشمەرگە باس لە 30 هەزار دەکرێت یان لە پەروەردە هی ئێمە نین و ئێمە زیادمان نەکردوون واتە لە سلێمانی ناوی نوێ زیاد نەکراوە بۆ لیستی مووچە."

وتیشی،" یەکێتی دژی زیادکردنی ناوی نوێ و بە بارمتەگرتنه مووچەی هاوڵاتیانە، دەبێت ئەو هەژمارە حسابی بۆ بکریت کە هاوڵاتیان لە ڕێگەیەوە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن، وە دژی و مناقەشەی بێ مانایە لەسەر هەژماری من."

زیاتر لە 55 ڕۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، نوێنەرە کوردەکانیش لە بەغداد دەڵێن، بەهۆی هەبوونی كێشەیە لە لیستی مووچەی مووچەخۆراندا و یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانیش دەگێڕنەوە بۆ زیادکردنی ناوی نوێ بۆ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، جگە لەمە لایەنەکانیش یەکتری "تۆمەتبار" دەکەن بە هۆکاری دواکەوتنی مووچە.

دوێنێ 27ی مانگی هەشت ڕێبوار ئەوڕەحمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە بەغداد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" نزیکەی 30 هەزار ناوی نوێ بۆ لیستی مووچەخۆران زیادکراوە کە مانگانە دەکاتە زیاتر لە 100 ملیار دینار" بۆیە بەغداد ئامادە نییە مووچەی مانگی حەوت بنێرێت و بە حکومەتی هەرێمی وتووە، کە پێویستە لە زیادەی مووچەی مانگەکانی 2، 3، 4، 5، 6 دابینی بکات.

بەڵام وتەبێژی یەکێتی لەو بارەیەوە دەڵێت،" نەوەی نوێ بۆ ڕازیکردنی پارتی یەکێتی دەخاتە بابەتەکانەوە."

وتەبێژی یەکێتی وێڕای جەخت کردنەوە لەوەی حزبەکەی بێبەریە لە زیادکردنی ناوی نوێ لەلایەن ئەوانەوە، دەشڵێت،" ئەگەر حکومەتی هەرێم یان لایەنێک دەیەوێت ناو زیاد بکات با بە ئاگاداری عێراق بێت."

سەعدی پیرە وتی،" عێراق لە خۆیەوە مووچەی خەڵک نابڕێت، ناو زیاد دەکرێت بۆیە مووچە دەبڕێت و کيشەی بۆ دروست دەکرێت، ئەگەر دەیانەوێت ناو زیاد بکەن و خەڵک دابمەزرێنن، با داوا لە عێراق بکەن، بەڵام بە بێ ڕەزامەندی عێراق نابێت."

وتیشی،" پێویستە عێراق مووچەی ئەوانە ببڕێت کە لە لیستەکە زیاد دەکرێن، ئەوانەشی تەواون و گومانیان لەسەر نییە دەبێت مووچەکانیان بنێرێت، پارتی واز لە زیاد کردنی ناو ناهێنێت یەکێتی دژی ئەوەیە، بابەتی هەژماری من و هەژماری تۆ و زیاد کردنی ناو دەبێ کۆتایی پێ بهنرێت، پێمان وایە دەبێت ئەو بڕیارەی لە مەحکەمەی ئیتیحادی بڕیاری لێدراوە سەبارەت بە مووچە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت."

وێڕای ناوهێنانی پارتی بە زیادکردنی ناوی نوێ بۆ لیستی مووچە لەلایەن هەریەکە لە وتەبێژی یەکێتی و پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێوە، بەڵام پەرلەمانتارێکی پارتی ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت "ئەو بابەتە پەیوەندی نییە بە پارتیەوە."

شوان محەمەد پەرلەمانتاری پارتی لە بەغداد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەیاننامەی فەرمی بەڕیوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی هەیە کە جەخت دەکاتەوە لە مانگی حەوت بە بەراورد بە مانگی هەشت 577کەس لە کۆی لیستەکان کەمی کردووە نەک زیادی کردبێت، تەنها ئەوانە نەبێت کە لە ڕابردوودا چەندین کەس بایۆمەتری نەکردووە لە هەموو سلکە مەدەنی و سەربازیەکان لە خودی عێراقیش ئەم بابەتە هەیە، جگە لە مووچەی هەندێک لە مامۆستایانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم مووچەیان لەسەر هەرێمە، بەڵام لە لیستەکەدا ناویان نەنوسراوە، بەشێکی تریش جگە لە مووچەی خۆیان چاودێری کۆمەڵایەتیش وەردەگرن کە دەبوو عێراق ئەوە ببڕێت نەک مووچەی فەرمانبەریەکەیان."

وتیشی،" ئەوەی وەزارەتی دارایی و وەزیری دارایی عێراق دەیکات ئەجێندای سیاسی و دەستی سیاسی لە پشتە بۆ سزاداری هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئێمە وەک پارتی چ پەیوەندیمان بەو با بەتەوە هەیە هەرچی دەکرێت وەزارەتی دارایی هەرێم خۆی دەیکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:43 0:00

XS
SM
MD
LG