Accessibility links

ڕێکخراوێکی لێکۆڵینەوە ڕادەگەیەنێت 139 ئەندامی داعش لە نێو هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا هەن


ناوەندی بە بەڵگەکردنی پێشێلکارییەکان لە باکووری سوریا (VDC-NSY) ڕایگەیاند، دەیان چەکداری داعش لە ناوچەکانی ژێردەستی تورکیا لە باکووری سوریا نیشتەجێ بوون.

لە ڕاپۆرتێکدا نێوەندی VDC-NSY ناسنامەی 139 ئەندامی داعشی بە بەڵگە کردووە کە بەشێکن لە "سوپای نیشتمانی سوریا".

بەڕێوەبەری VDC-NSY مستەفا عەبدی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەم ڕاپۆرتە دەرئەنجامی چەند مانگێکە لە چاودێریکردن و کۆکردنەوەی زانیاری لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە کە زانیارییەکان بەردەوام نوێ دەکرێنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ناوچانەی تورکیا لە باکوری سوریا داگیریکردوون کراونەتە ناوچەیەکی ئارام بۆ لە ئامێزگرتنی ئەندامانی داعش.

عەبدی گوتیشی "ئەندامانی داعش لەژێر ناسنامەی حکومەتی کاتی ئۆپۆزسیۆن کە بارەگاکەی لە ئەنتابە و هاوئاهەنگی نیشتمانی کە بارەگاکەی لە ئەستەنبوڵە مامەڵە دەکەن و ڕاستییەکانیان دەشارنەوە، هەروەها بە بڕیاری ئەوان پلان دادەڕێژن بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی خۆسەری دیموکراتیک. خۆی دەوڵەتی تورکیا ئەو ئەم داعشانە باش دەناسێت، بەکاریان دەهێنێت و شوێنی سەلامەتیان بۆ دابین دەکات."

شایانی بیرهێنانەوەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا چەندین ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەکانی باکوری سوریا لە ژێر دەسەڵاتی تورکیا و بەشەکانی تری ئەنجامداوە و چەندین سەرکردەی داعشیشیان کوشتووە لەو ناوچانەدا، لەنێویاندا دوو خەلیفەی ئەو سەردەمە "ئەبوبەکر بەغدادی" و "عەبدوڵڵا قەرەداش"، هەروەها فەرمانڕەوای دیمەشق "ماهیر ئەلعەگال"، و دواجاریش لە مانگی حوزەیران، سەرکردەی داعش بە ناوی " ئوسامە ئەلجەنابی" لە عەفرین کوژرا.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی خۆجێی لە عەفرین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەندامانی داعش لە زۆرێک لە گوندەکانی ناوچەکەدا دەبینرێن و ڕەفتار و ڕواڵەتیان جیاوازە لە چەکدارەکانی دیکە".

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەبەر هۆکاری ئاسایشی، ئاماژەی بەوەکرد، "رێوشوێنە ئاسایشییەکان لەو ناوچانە توندترن کە ئەندامانی داعش تێیدا دەژین، وەک لە گوندی کەفیرشیل لە نزیک شاری عەفرین، هەروەها لە گوندی خەڵتە، لە ناوچەی جندیرێس، کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە فڕۆکەیەکی ئەمەریکایی ئەلعەگالی لەو گوندە کوشت، بەڵام هێشتا ئەندامانی داعش لەوێ هەن."

لامار ئەرکەندی، ڕۆژنامەنووسی پسپۆڕی تیرۆر ڕایگەیاند، لە دوای ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقە و شکستی داعش لە باهۆز، زۆرێک لە ئەندامان و سەرکردەکانی ئەم ڕێکخراوە بەرەو ئەو ناوچانە هەڵاتوون کە لە ژێر دەستی تورکیادان.

ئەرکەندی گوتی "ئەندامانی داعش لەو ناوچانە پەیوەست بوون بە چەکدارانی (سوپای نیشتمانی)، هەروەها لیوایان هەیە، کاتێک تورکیا هێرشی کردە سەر سەرێکانی و گرێسپی، زۆرێک لە ئەندامان و سەرکردەکانی داعش پەیوەندییان بە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنەوە کرد".

ئەرکەندی هەروەها زانیاری لەبارەی هەندێک گروپەوە بڵاوکردەوە کە لە ئەندامانی داعش پێکهاتوون و گوتی "کەسێک بە ناوی فەیسەڵ ئەلبل، کە سەرکردەی داعش بووە، گروپێکی بە ناوی لیوا القادیسییە پێکهێناوە و لە شارۆچکەی سلۆک نیشتەجێیە. جگە لەوەش لیوای سەدحم حسێن کە خەلیفەی داعش ئەبو بەکر بەغدادی دەپاراست لە عەفرین لە ناو جەیش ئەلئیسلام بوو بەڵام ئێستا لە سلوکن. هێشتاس لە گرێ سپی کۆمەڵەیەک بە ناوی لیوای ئەلقاقا هەیە کە ئەوانیش سەر بە داعشن."

ئەرکەندی هەروەها ڕایشیگەیاند کە "تورکیا ئەو ئەندامانەی داعش کە پێیان دەوترێت چەکداری ئۆپۆزسیۆن وەکو بەکرێگیراو بەکاردەهێنێت و دەیاننێرێت بۆ وڵاتانی دیکە. ئەوان چوونەتە لیبیا و ئازەربایجان و هەندێکیان چوونەتە نایجەر لە ئافریکا. لەم دواییانەشدا زۆرێک لەو ئەندامانەی داعشیش چوونەتە وڵاتەکەوە و ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێن بۆ شەڕی چەکدارانی پەکەکە."

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە داڵدەدانی ئەندامانی داعش، هەروەها ئەو زانیارییانەی کە لە ڕاپۆرتی ناوەندی بەڵگەنامەی سەرپێچییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، ویستمان هەڵوێستی حکومەتی کاتی و وەزارەتی بەرگری حکومەتەکە بزانین، بەڵام وەڵامی پرسیارەکانی دەنگی ئەمەریکایان نەدایەوە.

جگە لەوەش فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە داعش هەوڵی خۆ ڕێکخستنەوەی دەدات و ژمارەی هێرشەکانی ئەم ڕێکخراوە توندڕەوە لە سوریا و عێراق بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادی کردووە.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیش لە بەیاننامەیەکی پێشوودا ڕایگەیاندبوو "ناوچە داگیرکراوەکانی تورکیا بوونەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ سەرکردە باڵاکانی داعش، کە کوشتنیان لەو ناوچانە لەلایەن هاوپەیمانانەوە، نیشانەی پشتیوانی تورکیایە بۆ داعش".

XS
SM
MD
LG