Accessibility links

گوڵەبەڕۆژەکان "سەما دەکەن" و بەشێوەیەک گەشەدەکەن کە زۆرترین تیشکی خۆر بدەن بەیەکتر


ڕەنگە تۆی خوێنەر کاتێک سەردانی کێڵگەیەکی گوڵەبەڕۆژە دەکەیت تێبینی ئەوەت کردبێت کە گوڵەکان بە شێوەیەکی بازنەیی دەجوڵێنەوە و بەجۆرێک ڕواون کە بتوانیت هەموو گوڵەکان بەجوانی ببینیت. لێکۆڵەران دەڵێن ئەمە ڕێکەوت نییە، بەڵکو کردارێکی بەمەستی گوڵەبەڕۆژەکانە بۆ ئەوەی بەیەکەوە بتوانن زۆرترین تیشکی خۆر هاوبەش بکەن و سێبەری گوڵەکانیان لەسەر یەکتر کەمبکەنەوە.

گروپێک لێکۆڵەران لە زانکۆی تەلئەڤیڤ لە ئسرائیل گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو گوڵەبەڕۆژانەی بە ڕێژەیەکی چڕ لە کێڵگەکان ڕوێندراون بەشێوەیەکی زیگزاگی گەشەدەکەن و گوڵەکانیان بە شێوەی بازنەیی هەڕەمەکی "سەما دەکەن" بۆ ئەوەی هەموو ڕووەکەکان زۆرترین تیشکی خۆریان بەربکەوێت و یارمەتیدەریانبێت لە کرداری ڕۆشنەپێکهاتن کە بریتییە لە گۆڕینی تیشکی خۆر بۆ وزە.

پرۆفیسۆر یاسەمین مێرۆز سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکەی کردووە و دەڵێت، "ئەگەر گوڵەبەڕۆژەکان بە چڕی لە کێڵگەیەکدا بڕوێندرێن بە جۆرێک کە سێبەری یەکتریان بەربکەوێت، ئەوا بە شێوەیەکی زیگزاگ گەشە دەکەن – واتا یەکێکیان بۆ پێشەوە و ئەوی تریان بۆ دواوە – بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر سێبەری یەکتر. بەم شێوەیە شان بە شانی یەکتر گەشە دەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ڕووناکی لە خۆرەوە وەربگرن و لەسەر ئاستی کۆمەڵ کرداری ڕۆشنەپیکهاتن ئەنجامبدەن. وە لە ڕاستیدا ڕووەکەکان تەنانەت دەزانن چۆن جیاوازی لە نێوان سێبەری بینایەک و سێبەری سەوزی گەڵایەکدا بکەن."

پرۆفیسۆر یاسەمین مێرۆز دەشڵێت، "ئەگەر گوڵەبەڕۆژەکان هەستبکەن سێبەرەکە بەهۆی باڵەخانەیەکەوە دروستبووە، ئاراستەی گەشەکردنەکەیان ناگۆڕن چونکە 'دەزانن' ئەم ئاراستەگۆڕینە سودی نابێت بۆیان. بەڵام ئەگەر هەستبکەن سێبەرەکە بەهۆی ڕووەکێکی ترەوەیە، ئەوا بە ئاراستەیەک گەشە دەکەن کە لە سێبەرەکە دوریان بخاتەوە."

لێکۆڵینەوەکەی زانکۆی تەلئەڤیڤ بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی کۆلۆڕادۆی ئەمەریکا ئەنجامدراوە و 15ی ئەم مانگە لە گۆڤاری فیزیکاڵ ڕڤیو بڵاوکراوەتەوە.

لێکۆڵەرەکان بە وردی چاودێری گەشە و جوڵەی کێڵگەی چڕی گوڵەبەڕۆژەیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە ڕووەکەکان بەردەوام "سەما دەکەن" بەشێوەیەکی بازنەیی هەڕەمەکی.

زانایانی بایەلۆجی دەمێکە تێبینی دیاردەی جوڵە هەڕەمەکییەکان لە چەندین جۆرید ڕووەکدا دەکەن و چاڕلس داروین ساڵی 1880 کتێبێکی لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردووەتەوە.

پرۆفیسۆر یاسەمین مێرۆز دەڵێت لە لێکۆڵینەوەکەیان بۆیان دەرکەوتووە "هەر گوڵەبەڕۆژەیەک 'شایی دەکات" بەجۆرێک بتوانێت باشترین گۆشە بۆ جوڵەکەی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگە نەگرێت لە گەیشتنی تیشکی خۆر بە گوڵەبەڕۆژەکانی دراوسێی. ئێمە پشتئەستور بە ئامار و مۆدێڵی کۆمپیوتەری ئەوەمان سەلماندووە کە گوڵەبەڕۆژەکان بە کۆمەڵ ئەو جوڵانە ئەنجامدەدەن بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سێبەر لە نێوانیان."

زانایان دەڵێن ڕووەکەکان و دراودەرختەکان کرداری ئاڵۆزی هاوکاریکردنی یەکتر ئەنجامدەدەن لە ژینگەکانیان. بۆ نمونە، سەلمێندراوە کە ئەسپیندار یاخود داری ئاسپێن تۆڕێکی ئاڵۆزی هاوکاریی لە نیوان خۆیان دروستدەکەن لە ڕێگەی ڕەگەکانیانەوە و خواردن و ئاو دەبەخشن بە یەکتری.

XS
SM
MD
LG