Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە عامودە کەسێک بریندار دەبێت


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت دوای هەوڵێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلێک لە شاری عامودەی باکووری سوریا کەسێک بریندار بووە.

ڕوانگەکە دەڵێت هێرشەکە بەر یەکێک لە ستونەکانی کارەبا کەوتووە، پاش ئەوەی کەسەکەی کە ئامانجی هێڕشەکە بووە لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزیوە بریندار بووە. بریندارەکە بەمەبەستی چارەسەرکردن گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

ڕۆژنامەوان ماهر قەرنۆ لە عامودە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو کەسەی کە بریندار بووە ڕەوشی تەندروستی باش نییە.

قەرنۆ گوتیشی " هێرشەکە لە عامودە لەسەر ڕێگای قامشلۆ ڕوویداوە و بێجگە لە برینداربوونی ئەو هاووڵاتییە زیانی دارایش بە دووکانێکی نزیک ڕووداوەکە گەیشتووە."

ڕۆژی چوارشەممەش لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لە گەڕەکی عەنتەرییەی شاری قامشلۆ دایک و کوڕێک گیانیان لەدەستدا.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج.

لە ماوەی ڕابردوودا تورکیا هێرشەکانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ناوچەکە زیاد کردووە بە تایبەتی گوندەکانی دەوروبەری حەسەکە.

لەوەتای سەرەتای ساڵی 2024 وە بە پێی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بەلایەنی کەم تورکیا 95 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام داوە، و لە ئەنجامدا 31 کەس کوژراون و زیاتر لە 40 کەسیش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG