Accessibility links

31ی ئاب لە نێوان" خیانەت و دەستکەوت" دا


یەکێتی نیشتمانی کوردستان 31ی ئاب بە "خیانەت" ناو دەبات و پارتیش بە "دەستکەوت"ی دەزانێت، چاودێرانی سیاسی و ڕۆژنامەنوسە بێلایەنەکانیش ئەو دۆخەی کە لەمیدیادا دەگوزەرێت بە" زبڵخانە" ناو دەبەن.

ئەمڕۆ شەممە 31ی مانگی هەشتی 2024، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی لە پێش بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکەیان لە هەولێر بە نیگەرانیەوە مەراسیمێکی ماتەمینیان ڕێکخست و بەگوتەی خۆیان مەراسیمەکە" ماتەمینیە بۆ شەهیدانی خیانەتی 31ی ئاب لە شاری هەولێر."

دارا خەیلانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" گردبوونەوەکە بۆ ڕێزلێنان بوو لە شەهیدانی ئەو یادەی بەسەر گەلەکەمان هات، هیوادارین کە ببێتە وانەیەک بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە و نابێت شتی خراپمان بیر بچێتەوە."

وتیشی،" بە دڵنیایەوە هەر کەسێک سواری دەبابەی دوژمنانمان بێت و خەڵکی خۆمانی پێ تیرۆر بکات، کارێکی قێزەونە و بە خیانەتی دادەنێین جا هەر لایەنێک بیکات، بە داخەوە ئەو شتە ڕوویدا، ئێمە ئێستا نامانەوێت ئەو بابەتانە نوێ بکەینەوە، بەڵام دەبێت وانەیەک وەربگیرێت بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت ئینتیمای بۆ وڵاتەکەی هەبێت."

دوا بەدوای مەراسیمەکەی سەرکردەکانی یەکێتی لە پێش بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکە، ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێپێوان ڕژانە سەر شەقامەکان و چوونە پێش بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی و دروشمەکانیان دژ بە یەکێتی بەناوی " شانازی" بوو 31ی ئاب و ڕۆژەکەیان بە" دەستکەوت" بۆ پارتی ناوزەند کرد و دەیانگوت" گەر 31ی ئاب نەبوایە ئەوە هەولێر دۆخی بەم شێوەیە نە دەگەشت" و دواتر لە میدیای هەردوو حزبەوە هێرشی توندیان کردە سەریەک.

شوان محەمەد ڕۆژنامەنوسی بێلایەن لەسەر خراپی ڕۆڵی میدیا لە شەڕی نێوان حزبەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو دۆخە میدیایەی کە ئێستا هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت وەک هەمان ‌شێوەی دۆخە سیاسیەکە پڕ ئاڵۆز و تەنگەشە و قەیراناوی و تەڵزگەیە، ئەمە بەو مانایە دێت ئەگەر ئەو قەیرانەی کە لەناو میدیایی کوردیدا هەیە تۆختر و خەستر نەبێت لە سیاسیەکەی هیچی کەمتر نیە."

وتیشی،" دەبێت میدیا پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیان و پیشاندانی شتە جوانەکان و پەیامی کێبڕکێیەکی تەندروست و تاڕادەیەکی زۆر هاوبەشی هەبێت، بەڵام ئەوەی لە کوردستان ڕوودەدات ڕێک زیبالەیە."

ڕۆژی 31ی ئاب، ڕووداوێکە کە پارتی دیموکراتی کوردستانی پێ تۆمەتبار دەکرێت،" بەوەی بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕی ناوخۆیی خۆی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەنای بۆ هێنانی سوپای عێراق بردووە."

31ی ئاب ئەو مێژووەی کە پارتی خۆیی ڕەتی ناکاتەوە و بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەک مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێکی دووبارەی بڵاوکردوەوە و دەڵێت،" چەند هاوار بکەن، قسە بکەن و بەیاننامە بڵاوبکەنەوە، هەرچیەک دەکەن، حەقیقەتی 31ی ئابی 1996 ئەوەیە: 31ی ئاب( دفع الافسد بالفاسد) بوو." کە بەوەڵامێکی توند دژی هەڵویستەکانی یەکێتی لێکدەدرێتەوە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە هەریەک لە وتەبێژ و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتیەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکان وەڵام نەدراونەتەوە.

بەشێک لە ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی لەم ڕۆژەدا پێیان وایە هاتنی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان" خیانەتێکی" دیکەیە و هیچی کەمتر نیە لە " 31ی ئاب"، بۆیە وێڕایی 31ی ئاب ڕەخنەی جدیش ئەو حزبە دەکرێت لەبەرامبەر هاتنی سوپای تورکیادا.

دارا خەیڵانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاشیگەیاند،"هاتنی تورکیا بە هەر بیانوویەک بێت بۆ ناو خاکی هەرێم لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا نیە، بەڵکو ئەو بیانووە و بە دڵنیایەوە ڕەوشی کوردستان ئاڵۆزدەکات و مەرامەکانی تورکیا بێگومان زیان گەیاندنە لە کورد و کورد لە هەر شوێنێک بێت ئیمە هەموومان دەزانین مەبەستی سەرەکی تورکیا دژی ئەزموونی هەرێمە و ترسی ئەوەی هەیە کە کورد سەرکەوتن بە دەست بهێنێت."

وتیشی،" کورد دوژنایەتی هیچ کەس و وڵاتێک ناکات، ئێمە هەرگیز دژایەتی و عنسوریەتمان بەکارنەهێناوە، بۆیە هاتنی سوپای تورکیا بۆ ئێرە، هیوارداین هیچ لایەنێک ڕێگەیان پێنەدات زیاتر تەشەشەنە بکات و ببنە مایەی تێکدانی ئەزموونی هەرێم."

ماوەی چەند ڕۆژێکە زۆریەک لە میدکان لەهەرێمی کوردستان بوونەتە میمبەری بڵاوکردنەوە و گواستنەوەی وتەی سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی و هێرشی توند دەکەنە سەر یەکتر و هەردوو حزب یەکتر تۆمەتبار دەکەن، میدیاکارە سەربەخۆکانیش پێیانوایە میدیا و میدیاکاران کاریگەری" نەرێنی"یان لە سەر دەرونی تاکی کوردستان دروستکردووە.

شوان محەمەد میدکاری سەربەخۆ ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" ئەو دۆخەی دەگوزەرێت لە میدیادا بە مانای ئەوە دێت سیستەمی میدیای ئێمە و کارەکتەرەکانی میدیای ئێمە هێندە لاوازن لە بەر دەم سیاسیەکاندا چۆن بیانەوێت وا هەڵیان دەسوڕێنن، لە دونیادا پیشەی ڕۆژنامەنوسی پیشەیەکە کایەی خۆیی هەیە و بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەگەر هەتا حزبەکانیش یان لە ژێر هەژموونی حزبیشدا بێت، دەبێت نیمچە سەربەخۆیەکی هەبێت و کاری پیشەی خۆیان بکەن، بەڵام لە کوردستاندا میدیا بەتەواوەتی لەگەڵ میدیاکارا تەسلیمی کایەی سیاسی بووە."

وێڕای شەڕە میدیاییە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی لەیەکتر، بەشێک لە چاودێران و لایەنە سیاسیەکان ڕەخنەی توند لەو دووحزبە دەگرن و پێیانوایە" ئەوەی دەکرێت تەنها شەڕی میدیایە و بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان."

XS
SM
MD
LG