Accessibility links

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هۆشداری دەدەن لە دەستپێكردنەوەی چالاكییەكانیان


ئەنجومەنی سەرتاسەری ناڕازی مامۆستایان لە هەرێمی كوردستان، هۆشداری جێ بەجێ نەكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن و دەڵێن، ئەگەر حكومەت بڕیارەكان جێ بەجێ نەكات، چالاكی مەدەنی" گەورە بەڕێوەیە". وەزیرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، دواكەوتنی موچە لە هەموو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران باسكراوە، تیمەكانی حكومەت لە پەیوەندیدان تا موچە نەبێتە، "هەواڵی بە پەلە".

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ئەم شەو 1ی مانگی 9ی 2024 لە قەزای خوڕماڵ كۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، لە ئەگەری جێ بەجێ نەكردنی داواكاری مامۆستایان و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی فشاری توندتر لە ساڵانی ڕابردوو لە هەرێم و ناوەند دەگرینەبەر.

سەعد حەمەساڵح نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە بەینامەیەكدا ڕایگەیاند، بەهۆی بێ باكی حكومەتی هەرێمەوە ڕوومان لە بەغدا ناو بڕیاری مێژووی دادگای فیدڕاڵی بە دوای داوكارییەكانمان هات كە دەستەبەری موچەكانمانی كرد و لە دەستی ئەوان دەریهێنا، بەڵام لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیان نیە جێ بەجێ ناكەن."

گوتیشی،" 155 ڕۆژ خەباتی مەدەنیمان كرد بەڵام داواكارییەكانمان جێ بەجێ نەكرا، هەموو ئەگەرێک لەبەردەمان كراوەیە دژی شكۆشكانی موچە خۆرانین و سێ جار لەم پشووی هاوینەدا سەردانی بەغدامان كردووە و ڕێگە نادەین یاری بە موچەی موچەخۆران بكرێت."

لە 21 مانگی 2 ی 2024 دادگای فیدڕاڵی عێراق دواخستنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی بە پێشەلكاری ناوبرد و بڕیاردا موچەی موچە خۆران وەك قەرز مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت و بە بانكی بكرێت .

19ی مانگی 2 ی ساڵی 2024 دوای زیاتر لە پێنج مانگ بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن، مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە ودوای پێدانی، چەند بەڵێنێک، كە خۆی لە بەرزكردنەوەی پلەی مامۆستایان بە پێ ساڵانی خزمەت وجێ بەجێ كردنی بڕیارەكانی هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2024 دەبینیەوە، بایكۆتیان لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ڕاپەڕین شكاند، ساڵی خوێندنی 2023-2024 بە كۆتا گەیاند.

دانا عەبدول ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ئەنجومەنی ناڕازی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" جێ بەجێ نەكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و دەستپێنەكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەلایەن جێگری سەرۆكی حكومەتەوە پێمان درا، نیگەرانی كردووین و ماوەیەكی ماوە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، هۆشداری دەدەین ئەگەر بەڵێنەكان جێ بەجێ نەكرێن چالاكیەكانمان دەستپێدەكەینەوە."

دانا عەبدول وتیشی" بۆیە ئێستا ئەم پەیامە بڵاو دەكەینەوە، ماوەكی دیكە دەكەوینە ناو پرۆسەی بانگەی هەڵبژاردنەوە، نامانەوێت خوێندنەوەی دیكەی بۆ بكرێت، دڵنیایی دەدەین بە حكومەت كە لایان ڕوونبێت بەڵێنەكانمان جێبەجێ نەكەن بایكۆت دەست پێدەكەینەوە."

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی لە نوێنەی 14 ناوچەی جیاجیا هەرێمی كوردستان پێكهاتووە.

پێشەوا هەورامانی، ووتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا و لە هەڵەبجە ڕایگەیاند،"جگە لە بیانوگرتنی ناڕەوا،هیچ بیانویەك بۆ نەناردنی موچە لەلایەن بەغداوە نیە، موچەی هەموو خەڵكی كوردستان لەلایەن بەغداوە بەدیل گیراوە،نەناردنی موچە وەك گێچەڵی سیاسی دەبینین."

تێبینیەكانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لەسەر موچەی موچەخۆرانی هەرێم خۆی لە نەبوونی بایۆمەتری موچە و دووبارە بوونەوەی ناوی موچەخۆران وموچەخۆرانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم و خاوەنداریەتی موچەی كەسێك لە چەند موچەیەكی دیكە دەبینێتەوە.

هەریەك لە وەزارەتەكانی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا تا ئێستا هیچ وادەیەكیان بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن دیاری نەكردووە، دەڵێن پێویستە كێشەی موچە چارەسەربكرێت تا مەترسی لەسەر پرۆسەی خوێندن دروست نەكات.

د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ یەك شەمە 1ی مانگی 9ی 2024 لە زانكۆی هەڵەبجە ڕایگەیاند، " بەبێ ئەوەی دوای كەوتنی موچە مەترسی بێت یان نا لەسەر پرۆسەی خوێندن، دەبێت موچە لەكاتی خۆیدا بێت،چونكە پلانەكانی ژیانی هەر فەرمانبەر و مامۆستایەك لەسەر موچەكەیەتی، ساڵانێكی زۆرە موچە بووە بە هەواڵی بە پەلە، هیوادارین كۆتایی پێ بێت."

وەزیری خوێندنی باڵا وتیشی، هەموو جارێك لە كۆبوونەوەكاندا باس دەكرێت، بەشێک لە گرفتەكان تەكنیكین و وەزارەتی دارایی بە بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ بەغدا تا ئەم كێشە چارەسەر بكرێت."

هۆشداری مامۆستایان و موچە خۆران لەكاتێكدایە تا ئێستا موچەی مانگی 7 و 8 ی موچە خۆران دابەش نەكراوە و وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێن، تەواوی پارەی موچەخۆران لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم نەنێراوە .

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:41 0:00

XS
SM
MD
LG