ئەو مامۆستا ئاینیەی کە پێنج ساڵ لە مەوبەر بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە "داعش و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری" هەرێم سزای دوانزە ساڵ زیندانی بەسەردا درا، ئەمڕۆ بە فەرمانێکی تایبەتی سەرۆکی هەرێم ئازاد کراو لە یەکەم لێدوانیشیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، سوپاسی هەڵوێستی ڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، کە کاریان بۆ ئازادبوونی کردووە.
ئەمڕۆ سێ شەممە 3ی مانگی نۆی 2024، ئیسماعیل سوسەیی کە پیشەی مامۆستای ئاینیە، دوای پێنج ساڵ لە دەستگیرکردنی بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە ڕێکخراوی "تیرۆرستی ناسراو بە داعش" بە فەرمانێکی هەرێمی کە واژووی نێچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی لەسەرە ئازاد کرا.
سەبارەت بە ئازادبوونیشی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئیسماعیل سوسەیی ڕایگەیاند،" ئازاد بوونم بە مەرسومی تایبەتی سەرۆکی هەرێم بووە، سەرەتا سوپاسی خوا دەکەم کە ئازاد بووم وە سوپاسی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەم کە هەڵوێستیان هەبوو بەرامبەر دەستگیرکردنم، چی بە وشەیەک بێت یان بە هەر هەڵوێستێک، ئەمە وایکرد من بگەرێمەوە ناو خێزانەکەم و جەماوەر و کەس و کارەکەمان وە جارێکی تر بووە دەرفەتێک بە ژیانێکی تر بژیم لە دەرەوەی زیندان."
وتیشی،" سەرەتا دەچمە خزمەتی دایکم و دەست و قاچی ماچ دەکەم، پاشان لای هاوسەرانم کە بە سەربەرزی و شکۆوە منداڵەکانیان بەخێو کردم و ژیانیان بەسەر برد ئەو مەینەت و خەمەی هاتە ڕێگامان تەحەمولیان کرد."
ڕۆژی 23ی مانگی حەوتی 2018، سێ چەکدار پەلاماری باڵەخانەی پارێزگاری هەولێریاندا و بیناکەیان کۆنترۆڵکرد، دواتر هەرسێ چەکدارەکە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کوژران و باڵەخانەکە کۆنترۆڵکرایەوە و لە ڕۆژی 2ی مانگی هەشتی هەمان ساڵ، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،" ئیسماعیل نەجمەدین ئیسماعیل ناسراو بە مەلا ئیسماعیل سوسەیی لە 2014 ەوە پەیوەندی بە داعشەوە کردووە و چەک و پارەی بۆ ئەو گروپە دابینکردووە، کە هێرشیانکردە سەر باڵەخانەی پارێزگاری هەولێر."
لەگەڵ ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنی ئاسایش دانپێدانانێکی ئەو مامۆستایی بڵاوکردەوە لە دوایی دوو ساڵ لەسەر ڕووداوەکەش دادگای تاوانەکانی 2ی هەولێر سزای دوانزە ساڵ زیندانی بەسەر مامۆستا ئاینیەکە سەپاند.
دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ سێ شەممە 3ی مانگی نۆی 2024، یەکێک لە پارێزەرەکانی مامۆستا ئاینیەکە بەناوی بەشدار حەسەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک وێنەیەکی خۆیی لەگەڵ مامۆستا ئاینیەکە بڵاوکردەوە و نوسیوێتی،" ئێستا لەگەڵ مامۆستا ئیسماعیل سوسەیی، چوونمان بۆ لای دایکی و دواتر گەڕانەوە بۆ ناو خێزان و منداڵەکانی." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئازادکردنی بە ڕای گشتی ڕاگەیاند.
هەرێم ڕەفعەت پارێزەرێکی دیکەی ئەو مامۆستا ئاینیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سەبارەت بە کەیسی مامۆستا ئیسماعیل کە ناسراوە بە مەلا ئیسماعیل سوسەیی، کاتێ دەستیگرکرا سێ کەیسی لەسەر کرایەوە، لە دادگای تاوانی 2ی هەولێر لە ڕۆژی 15ی مانگی نۆی 2019 و لەڕۆژی 30ی مانگی نۆی 2019 دوو کەیسی بڕیاری یەکلاکەرەوەی بۆ دەرچوو، دوای ئەوە لە ڕێگای خانەوادەکەیەوە داواکاریەک درا بە سەرۆکایەتی هەرێم و داوای لێبوردنی تایبەتی بۆ کرا و لەسەر ئەو کەیسانەی لەسەری هەیە."
وتیشی،"سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر داواکە بە فەرمانی 282 ی 2024 فەرمانی لێبوردنی تایبەتی دەرکرد و ئاراستەی چاکسازی گەورانی هەولێری کرد لە کەیسی ژمارە 58ی ج دووی 2019 و بڕیاری ئازادکردنی درا."
ئیسماعیل سوسەیی تا پێش دەستیگرکردنەکەی وتاربێژی مزگەوتی گەڕەکی ئاشتی بوو لە هەولێر و دوای دەستیگرکردنی پەڕاوی بۆ کرایەوە و لەسەر سێ کەیسی تیرۆر و هاندان بۆ پێشووی سزای دوانزە ساڵ زیندانی بەسەردا درا.
لە کۆی ئەو سێ کەیسەی کە لەسەر ئەو مامۆستا ئاینیە بوو، سەرۆکی هەرێم تەنها لەسەر کەیسێکیان لێبوردنی تایبەتی بۆ دەکردووە ئەویش بریتیە لە کەیسی لێخۆشبوون لە کێشەی ژمارە (58/ج2/2019) لە ڕێکەوتی 30ی مانگی نۆی 2019، کە لە دادگای تاوانی هەولێر/2 سزای بۆ دەرچووە بە پێی مادەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969ی هەموارکراو و بە مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003.
مادەی 156 سزاکەی بەم شێوەیە کە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت، هەر کەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک ببێت لە کارێکدا تێوەگلی بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە بە بەندکردنی هەتا هەتایی یاخود بەنکردنی کاتی سزادەدرێت.
ئەردەڵان شێخ فاتیح پارێزەری ڕاوێژکار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە عێراق یاسایەکەمان هەیە بە ناوی یاسای لێبوردنی گشتی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2024 لە مادەی 29 و 30 ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاوەن لە تەکبیرکردنی ئیرهاب یان پەیوەندی ئەوە لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە، هەروەها یاسایەکی دیکەمان هەیە ئەویش یاسای لێبوردنی گشتیە لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2017 لە مادەی نۆیەم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەموو ئەو تاوانانەی کە پەیوەندی بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم هەیە ئەوە لێبوردن نایانگریتەوە."
وتیشی،" جگە لەوانەی کە ئاماژەمان پێدا، دەتوانرێت لە کەیسەکانی دیکە لێبوردنیان بۆ دەربکرێت و لێبوردن بیانگرێتەوە."
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەیی گشتی چاکسازیەکان، لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازی تێدایە، لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک، کەسیانیان گەورانە و سیانەکەی دیکە چاکسازی ژنان و منداڵانە لەم چاکسازیانە، 5190 کەس سزایان بەسەردا دراوە و لەزینداندان، لەو ژمارەیە 1058 بە مادەی هۆشبەرن سزادراون.
.