Accessibility links

سیروان سەرحەد: قوربانیەکانی ناحیەی خەلەکان ئەندامی یەک خێزانن و خەڵکی ڕانیەن


پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە لەسەر ڕێگەی خەلەکان_ دوکان ئوتۆمبێلێک کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا، بەرپرسانی ئیداری ناوچەکەش دەڵێن،" دوو لە کەسەکان باوک و کوڕن و خەڵکی شارۆچکەی ڕانیەن، کەسی سێهەمیش هەر ئەندامی هەمان خێزانە."

سیروان سەرحەد، قائمقامی قەزای دوکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هێرشەکە کاتژمێر 1 و نیو ڕوویداوە و بەهۆی درۆنەوە بووە بۆسەر ئۆتۆمبێلێک لە جۆری لاند کرۆزەر کە سێ کەسی تێدا بووە و هەرسێکیان گیانیان لەدەستداوە."

وتیشی،" دووان لە قوربانیەکان باوک و کوڕن و خەڵکی ناحیەی ناودەشتن لە قەزای ڕانیە، باوکەکە ناوی (موزەفەر حسێن)ە وتەمەنی 45 ساڵە کوڕەکەشی ناوی (محەمەد موزەفەر)ە، بەڵام هاووڵاتی سێیەم بە هۆی نەبوونی ناسنامەوە تا ئێستا نەناسراوەتەوە."

هەرچەندە قائمقامەکەی دوکان ئاماژەی بە ناوی کەسی سێیەم نەکرد بەهۆی نەبوونی ناسنامەوە، بەڵام بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان دەڵێت ئەویش ئەندامی هەمان خێزانە.

کامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحەیەی خەلەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کەسی سێیەمیش ئەندامی هە مان خێزانە، بەڵام دڵنیا نین کوڕیەتی یاخود ئامۆزا، بەڵام ئەندامی هەمان خێزانە."

دەنگی ئەمەریکا بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی کرد بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڵام ڕایانگەیاند،" لە ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوەن لە ڕووداوەکە بۆیە زانیاریان لەلا نییە."

هەرجەندە هیچ لایەنێکی فەرمی پشت ڕاستی نەکردۆتەوە کە درۆنەکە سەر بە چ وڵاتێک بووە، بەڵام ئەندامێکی ڕێکخراوی سی پی تی دەڵێت، گومانیان نییە کە "درۆنەکە تورکیە."

کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەرچەندە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و کە زۆری ڕێژەی سووتاوی کەسەکانیش کارەکەی قورستر کردووە، بەڵام گومانیان نییە لەوەی هێرشەکە بەهۆی درۆنی تورکیەوە بووە."

ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و بە پێی زانیاریەکانی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژی رابردوودا تورکیا 24 جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە و بەو هۆیەشەوە دوێنێ 3ی مانگی 9 کەسێکی سڤیل لە دەڤەری برادۆست گیانی لەدەستدا، لەماوەی 8 مانگی ڕابردووشدا 12 هاوڵاتی مەدەنگی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات ڕۆژی 23ی مانگی 8ی 2024یش، بە هۆی هێرشێکی تری درۆنی ئۆتۆمبێلێکی تەلەفزیۆنی ستێرک تیڤی کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووسی ئەو دەزگایە گیانیان لەدەستدا.

XS
SM
MD
LG