بەشێک لە لیواو فەوجەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێ بەشکراون لەو هاوکارییەی مانگانە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بە هێزی پێشمەرگە دەدرێت، هۆکارەکەشی بۆ هەبوونی تێبینی لەسەر فەرماندەی ئەو هێزانە دەگێڕدرێتەوە.
رزگار محەمەد، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە بە دواداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو لیواو فەوجانەی بێبەشکراون لە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان تێبینی لەسەر فەرماندەکانیان دروستبووە."
دەشڵێت،" لەکاتی شەڕی داعش دا چەک و تەقەمەنی بە هێزی پێشمەرگە دراوە، دواتر کاتێک ئەو چەک و تەقەمەنییانە جەرد کراون کەم و کوڕی هەبووە، یاخود هەندێک لەو فەرماندانە سەردانی وڵاتانی دەوروبەریان کردووەو مۆر بە پاسەپۆرتەکانیانەوە هەبووە، ئەمەش تێبینی لای هاوپەیمانان دروستکردووە."
ناو بە ناو بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە کە بێبەشکراون لەو هاوکارییەی مانگانە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە فەوج و لیواکان دەدرێت، ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوادەکەن هاوکارییەکانیان بۆ بگێڕدرێتەوە.
رزگار محەمەد دەڵێت،"پێشتر هاوپەیمانان مانگانە 20 ملیۆن دۆلاریان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەدا، بەڵام ئێستا بڕەکە بۆ 15 ملیۆن دۆلار کەمکراوەتەوە، لەو هاوکارییە مانگانە هەر پێشمەرگەو ئەفسەرێک بڕی 432 هەزار دیناری عێراقی پێدەدرێت."
هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان لیوا یەکخراوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە، کە ژمارەی ئەو لیوایانە سەرووی 24 لیوایەو هەر لیوایەکیش سێ فەوجە.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، پێشتر هێزەکانی هاوپەیمانان موچەی مانگانەی بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەیان دابینکردووە، بەڵام دوای ئەوەی موچەی پێشمەرگە خرایە سەر عێراق، بۆیە موچەکەیان بۆ هاوکاری گۆڕی.
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەمەریکا سیستەمێکی پێداچوونەوەی ئەمنی هەیە و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی فەرماندەی لیواو فەوجەکان دەکات کە مانگانە سودمەند دەبن لە هاوکاری هاوپەیمانان. لیواو فەرماندەی فەوجەکان فۆرمێکی تایبەت پڕ دەکەنەوە کە زانیاری کەسی تێدایە."
هەروەها وتیشی،"دواتر فۆرمەکان دەڕواتە بەشی لێکۆڵینەوەو لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکان دەکرێت، هەر فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سیستەمی لێکۆڵینەوە دەربچێت هەموو فەوجەکەی هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرێت، هەر فەرماندەیەکیش دەرنەچێت هاوکاری هێزەکەی ڕادەگیرێت تا ئەوکاتەی فەرماندەکە دەگۆڕێت."
بەپێی وتەی بەرپرسانی پێشمەرگە، هەر فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە گەر تێبینی لەسەر دروست بووبێت و لە سیستەمی لێکۆڵینەوەی هاوپەیمانان دەرنەچووبێت، تەنانەت لە ڕووی پێدانی چەک و تەقەمەنیشەوە وەک پێویست هاوکاری لیواو فەوجەکەی ناکرێت.