لە تورکیا هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە 14ی پێنجی 2023 بەڕێوەچوو. هێشتا ساڵ و نیوێک بەسەر ئەم هەڵبژاردنانەدا تێپەڕ نەبووە و مشتومڕ لەسەر هەڵبژاردنی داهاتوو دەستی پێکردووە.
ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕایگەیاند کە پێویستە لە تورکیا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت. ئۆزەل ئاماژەی بە مانگی یازدەی 2025 یان بەهاری 2026 کرد بۆ هەڵبژاردن.
بەگوێرەی دەستوور، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ناتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە ئەگەر هەڵبژاردنەکە لە کاتێکی ئاساییدا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، ئەردۆغان دەتوانێت.
سەبارەت بە دۆخی ئەردۆغان، ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە وتی "دەمانەوێت ئەردۆغان کاندید بێت و شکستی پێبهێنین". ئەگەر کاندید نەکرێت، ئەوا دەڵێن 'ئەگەر ئەردۆغان کاندید بوایە سەرکەوتوو دەببوو. نابێت ڕێگە بەم بۆچوونە بدەین و با ئەردۆغان کاندید بێت و لە بەرامبەریدا سەرکەوتوو دەبین."
عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان وەڵامی ئۆزگول ئوزەلی دایەوە و ڕایگەیاند "ئۆزگور ئوزەل دەڵێت شکست بە سەرۆکەکەمان دەهێنم، ئەمە خراپترین گاڵتەجاڕییە لە ساڵی 2024دا. لە کارنامەی ئێمەدا هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە، پێموایە هەڵبژاردنی پێشوەختە لەناو جەهەپەدا هەیە."
هاوسەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپەش ڕایگەیاند کە ئەوان نایانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
سەزگین تانریکولو پەرلەمانتاری جەهەپە لەبارەی ئەم پێشهاتانەی هەڵبژاردنەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا ئەوە ڕوون بووەوە کە ئاکەپە چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت لە دەسەڵات. ئابووری شکستی هێناوە، ململانێی نێوان خەڵک زیاتر بووە تا دێت زیاتر خەڵک لە ئاکەپە دوور دەکەوێتەوە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیشدا ئاکەپە دۆڕا. ئەوەی کە دەیبینین خواستی خەڵکیش هەڵبژاردنی پێشوەختەیە."
هەڵبژاردنی ئاسایی لە تورکیا لە ساڵی 2028 بەڕێوەدەچێت. بەڵام پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل (پارتی دەم)یش هەر وەک جەهەپە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات. هەڤاڵ بۆزداغ پەرلەمانتاری پارتی دەم، دەڵێت هەر پاش هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لە تورکیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە کراوە.
بۆزداغ گوتیشی "دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، وەک پارتی دەم، خۆمان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەمان کرد. ئەم هەڵوێستەی ئێمە بەردەوامە. بەڵام دەتوانم بڵێم هەڵبژاردنی پێشوەختە لە بەرژەوەندی حکومەتدا نییە، بۆیە مەحاڵە حکومەت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات. چونکە دەزانێت بەهۆی سیاسەتە خراپەکانی تا دێت زیاتر لە ناو خەڵکیدا لاواز دەبێت."
زیڤەر ئۆزدەمیر، پەرلەمانتاری ئاکەپە بۆ خولی 27، هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی بۆ دەنگی ئەمەریکا هەڵسەنگاند.
ئوزدەمیر گوتی "ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا سەرکەوتوو بوو، بۆیە باس لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن. بەڕای من ئۆپۆزسیۆن نایەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، ئامانجی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە سەر لە خەڵک بشێوێنێت و خەڵک بخاتە ناو ترس و دڵەڕاوکێ و هەروەها دروستکردنی کاریگەری دەروونی لەسەر حکومەت، بەڵام لەم ئامانجەدا سەرکەوتوو نابێت ."
شایانی باسە، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، یان سەرۆک دەتوانێت ئەمە پەسەند بکات، یان 360 دەنگی بەڵێ لە پەرلەمان بدرێت. لە ئێستادا بۆ بەدەستهێنانی 360 دەنگ لە پەرلەمان پێویستە پەرلەمانتارانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنیش دەنگ بە بەڵێ بدەن.