Accessibility links

نەورەس عیسا: گۆڕانکاری لە یاسای باری کەسێتیدا داوایەکی ئاینییە و بە سیاسەت پەردەپۆش کراوە


لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لە پەرلەمانی عێراقدا دەنگدان نەکراوە لەسەر گۆڕینی یاساکانی باری کەسێتی ، بەڵام وەک ئاماژەی پێدەکرێت ئەگەرێکی زۆری هەیە وێڕای ناڕەزاییەکان ئەو بەرنوسە پەسەند بکرێت.

نەورەس عیسا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەو گۆڕانکاریانەی خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت داوای خەڵکە یان داوای سیاسی و ئاینی و ئاینزاییە؟ دەڵێت ئەو گۆڕانکاریانە لە یاسای باری کەسێتیدا "هەرگیز داوایەکی جەماوەریی نییە بەڵکو داوایەکی ئاینییە و بە سیاسەت پەردەپۆش کراوە؛ نە لەناو خەڵک و نە لەناو پەرلەمانیشدا هاوڕاییەک نییە بۆ دەستکاریکردنی ئەو یاسایە و ئەوانەی پشتیوانی لەو گۆڕانکاریانە دەکەن بریتین لە نوێنەرانی لایەنە ئاینییەکان و کەسی تر نا."

ئەم دەستکاریکردنەی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959، ئەندامانی پەرلەمان دەخاتە بەردەم بژاردەی ئەوەی یان ئەو یاسایە وەک خۆی بمێنێتەوە کە تا ئەندازەیەکی زۆر بە یاسایەکی سیکیولار دادەنرێت، یانیش ئەوەی ئەو دەستکاریکردنانە پەسەند بکرێن کە بە یاسایەکی ئاینی دادەنرێت و ئاینزاکان دەبنە بنەما بۆ هەموو یاساکانی تایبەت بە خێزان، هاوکاتی هاوسەرگیریی.

نەورەس عیسا دەڵێت "ئەگەر ئەو بەرنوسە تێبپەڕێندرێت و گوێ نەدرێت بە دەنگی هەموو ئەوانەی لەناو و لە دەرەوەی پەرلەماندا ناڕازین، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەشێکی ئەندامانی پەرلەمان و هەروەهاش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سیڤیل، هەنگاوی تر دەنێن و لە کاتی خۆیدا ئەو هەنگاوانە ڕادەگەیەنرێن."

چالاکوانانی عێراقیی نەیانشاردۆتەوە کە ئەوانەی پشتیوانی لەو دەستکاریکردنەی یاساکە دەکەن دەخوازن ڕەوایی بدەن بە هاوسەرگیریی کچان لە تەمەنی 9 ساڵییەوە و جەختیش دەکەنەوە لەوەی ئەگەر ئەو گۆڕانکاریانە پەسەند بکرێت ئەوا هیچ بنەمایەک نامێنێتەوە بۆ دەوڵەتێکی سیڤیل لە عێراقدا.

چالاکوانانی دژی ئەو دەستکاریکردنەی یاسای باری کەسێتین لە عێراقدا دەڵێن پەسەندکردنی ئەو بەرنوسە پێشێلکردنی مافەکانی ژنانە و هیچ ئازادییەکیش بۆ ژنان و کچانی وڵاتەکە ناهێڵێتەوە.

ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی وەک دەڵێت "ڕێکخراوە سیڤیلییەکان، بە ڕێگەی جیاواز لە هەوڵی بێوچاندان بۆ ڕێگەگرتن لە پەسەندکردنی ئەو بەرنوسە، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەو ڕێکخراوانە ڕووبەڕووی گێچەڵ و هێرشی پڕوپاگەندە ئامێز و تەنانەت گوناهبارکردنیش دەبنەوە. ئەم شەپۆلی دژایەتیکردنە ئەو ئەندامانەی پەرلەمانیشیان گرتۆتەوە کە دژی ئەو بەرنوسەن و کەسیان نەبواردووە."

لە سەرەتای مانگی 8ی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق یەکەم خوێندنەوەی بۆ گۆڕانکارییەکان لەو بەرنوسەدا کردووە. یاسای باری کەسێتی لە ساڵی 1959وە لە عێراقدا کاری پێدەکرێت و وەک زۆرێکیش لە چالاکوانان ئاماژەی پێدەکەن ئەگەر گۆڕانکارییە پێشنیازکراوەکان پەسەند بکرێن ئەوا دەبێتە مایەی جێگیرکردنی ناسنامە ئاینی و ئاینزاییەکان و هەروەهاش بنکۆڵکردنێکی بەرچاوی مافەکانی ژنان.

لەوەتای ساڵی 2014وە ئەمە سێهەمین هەوڵی لایەنە ئیسلامییە کۆنەپارێزەکانە تا یاسای باری کەسێتی بگۆڕدرێت بۆ یاسایەک لەسەر بنەمای ئاینیی. بە پێچەوانەی دوو هەوڵی پێشووتری ئەو لایەنانەوە، هەوڵی ئەمجارەیان بۆ گۆڕانکارییەکان لەو یاسایەدا، وەک هەندێک لە چالاکوان ئاماژەیان پێکردووە دەشێت سەربکەوێت بەهۆی ئەو پشتیوانییەی لایەنە سیاسییە شیعەکان لەو گۆڕانکاریانەی دەکەن، هەرچەندە ناڕەزاییەکی زۆری کۆمەڵایەتیش هەیە.

ئێستاش، وەک زۆرێک لە ڕێکخراوە سیڤیلییەکان ئاماژەی پێدەکەن، عێراقییەکان و بەتایبەتیش ئەندامانی پەرلەمان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدان سەبارەت بەوەی کام بژاردەیە پەسەند دەکەن بۆ ئایندەی وڵاتەکەیان؛ کۆمەڵگەیەکی کراوە و یاسایەک مافەکان دەستەبەر بکات، یان گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی داخراو کە کۆیلایەتی تیایدا سەروەر بێت!

XS
SM
MD
LG