Accessibility links

هۆکاری "تەقینەوە"ی کێشەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەلا بەختیار


ناکۆکی نێوان بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گەیشتە ترۆپک، کاتێک بە فەرمانی سەرۆکی یەکێتی دەستگیرا بەسەر چەند بیناو بارەگایەکی سەر بە مەلا بەختیاردا.

شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، 5 ی مانگی نۆی 2024، هێزێکی سەر بە یەکێتی دەستیگرت بەسەر میوانخانەکەی مەلا بەختیاردا لە باکوری قەزای خانەقین، دواتریش لەلایەن هێزێکی تری یەکێتییەوە دەستگیرا بەسەر بینای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر لەشاری سلێمانی.

یەکێتی هۆکاری دەستگرتن بەسەر بیناو بارەگاکانی مەلا بەختیار بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە موڵکی یەکێتین و ناوبراو پەیوەندی بە یەکێتییەوە نەماوە، مەلا بەختیاریش خۆی بە "خاوەنی مێژوو"ی یەکێتی دەزانێت و بەرپرسانی ئێستای یەکێتی بە دەستگرتن بەسەر حزبەکەدا تۆمەتبار دەکات.

سامی هادی، جێگری سەرپەرشتیاری ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێش ئەوەی هێز بنێردرێتە سەر چاودێر بە هیچ شێوەیەک ئاگادار نەکرابووینەوە، ڕووداوەکە بۆ ئێمە کوت و پڕ بوو."

ئەو وتیشی،"هێزەکە لە کاتژمێر 5 ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، چوونەتە نێو بینای چاودێرو پێشمەرگەکانیان دەرکردووە، بیناکە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزەدایە."

دوای دەست بەسەرداگرتنی بینای ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر لەلایەن هێزەکەی یەکێتییەوە، دامەزراوەی دارایی یەکێتی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو هۆکاری دەست بەسەردا گرتنی بیناکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە موڵکی یەکێتییە.

دامەزراوەی دارایی یەکێتی ڕایگەیاند،"بینای دامەزراوەی چاودێر موڵکی یەکێتییەو بەرپرسەکەی پەیوەندی بە یەکێتییەوە نەماوە، بۆیە بیناکە وەرگیراوەتەوەو تەرخان دەکرێت بۆ دامەزراوەیەکی گرنگ کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی و گەشەپێدانی سلێمانی بکات."

سامی هادی دەڵێت،"گەر بینای چاودێر سەر بە دەزگای دارایی یەکێتییە بۆ پەنا بۆ یاسا نابەن، بۆ پێشتر داوامان لێنەکرا بیناکە چۆڵ بکەین، نەک بە بێ ئاگاداری پێشوەخت بچنە سەر بیناکە."

مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکێکە لە سەرکردە دێرینەکانی ئەو حزبەو لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی لە ساڵی 2019، بە بەردەوامی رەخنە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزبەکەی دەگرێت.

مەلا بەختیار لە کۆنگرەی چواری یەکێتیدا لە ساڵی 2019، وەکو ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی دەستنیشانکرا، ئەنجومەنەکە لەلایەن کۆسرەت رەسوڵەوە سەرۆکایەتی دەکراو بەپێی وتەی بەرپرسانی حزبەکە، دەسەڵاتی ئەوتۆی لە بەڕێوەبردنی یەکێتیدا نەبووە.

بەڵام لە کۆنگرەی پێنجی یەکێتی دا لە مانگی 9 ی ساڵی 2023، مەلا بەختیار هیچ پۆستێکی فەرمی لە نێو یەکێتیدا وەرنەگرت، لەوکاتەوە لە ناکۆکیدایە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی و بەردەوام ڕەخنەیان لێدەگرێت.

هەرچەندە ئێستا ناکۆکی نێوان مەلا بەختیارو بەرپرسانی باڵای یەکێتی دەتەقێتەوە، بەڵام سەرچاوەی ناکۆکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ کۆنگرەکانی پێشووی ئەو حزبە، بەتایبەت پێشتر مەلا بەختیار یەکێکبوو لە دەست ڕۆیشتووەکانی یەکێتی و دوای کۆنگرەی پێنج دەسەڵاتەکانی بە تەواوەتی لەدەستدا.

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تەقینەوەی ناکۆکی نێوان مەلا بەختیارو بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو بەردەوام لە میدیاکانی پارتییەوە هێرش دەکاتە سەر یەکێتی، ئەمەش بافڵ تاڵەبانی توڕە کردووەو بە جێبەجێکاری ئەجێندای پارتی تۆمەتباری دەکات."

هەروەها وتی،"یەکێتی هێزێکی پۆلیسی لە خانەقین هەیەو ژمارەیان 165 پۆلیسەو سەر بە پۆلیسی گەرمیانن، پێشتر مەلا بەختیار دەستی لە دروستکردنی ئەو هێزەدا هەبووەو وەکو هێزی خۆی لێیان دەڕوانێت."

جەختیشیکردەوە،"وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە نوسراوێک ئەم هێزەی لەسەر پۆلیسی گەرمیانەوە خستووەتە سەر پۆلیسی هەولێر، ئەمەش یەکێتی هێندەی تر توڕەکرد و ڕێوشوێنەکانی دژی مەلا بەختیار خێراتر کرد."

بەپێی نوسراوی ژمارە (21867)ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، کە لە بەرواری (26/8/2024) دەرچووەو واژۆی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی لەسەرە، بڕیاردراوە بە گواستنەوەی پۆلیسی فریاکەوتنی خانەقین کە ژمارەیان 165 پۆلیسە لەسەر پۆلیسی گەرمیانەوە بۆسەر میلاکی پۆلیسی پارێزگای هەولێر.

ئەندام سەرکردایەتییەکەی یەکێتی دەڵێت،"مەلا بەختیار هێزی یەکێتی گواستووەتەوە بۆ سەر میلاکی پۆلیسی هەولێر کە لە ژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە، یەکێتی ئەمە قەبوڵ ناکات."

سەبارەت بە هۆکاری گواستنەوەی پۆلیسی فریاکەوتنی خانەقین لە سەر پۆلیسی گەرمیانەوە بۆ سەر پۆلیسی هەولێر لەلایەن مەلا بەختیارەوە، جێگری سەرپەرشتیاری ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر دەڵێت،"من ئاگاداری ئەوە نیم، تەنانەت گەر وابێت، دەبوو داوای ڕوونکردنەوە بکرایە."

دەستگرتن بەسەر ناوەندی رۆشنگەری چاودێر و میوانخانەکەی خانەقینی مەلا بەختیار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یەکێتییەوە، ناوبراوی بە تەواوەتی توڕە کردو لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا هێرشی توندی کردە سەر بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی.

لە تۆمارە ڤیدۆییەکەدا، مەلا بەختیار دەڵێت،"یەکێتی لە لێواری مەترسیدایەو بە هێزی چەکدار ناپارێزرێت. یەکێتی بەرەو پوکانەوەو بەرەو نەمانی جیاوازی سیاسی و ئایدۆلۆژی و چینایەتی دەڕوات."

دەشڵێت،"دەستگرتن بەسەر ماڵەکەم لە خانەقین، پێشێلکردنی ئازادی و لوتکەی بێ وەفاییە لە مێژووی سیاسی کوردایەتی. ماڵی مام جەلال و خودی مام جەلال قەرزارمە، هەرچەندە کوڕانی مام جەلال لەم مێژووە هیچ نەبوون تا بڵێم ئەوان قەرزارمن."

هەرچەندە مەلا بەختیار جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە میوانخانەکەی یەکێتی موڵکی خۆیەتی، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی ئاماژەبەوەدەکەن میوانخانەکە دوای ڕووخانی بەعس لە ساڵی 2003 لەلایەن ئیدارەی گشتی یەکێتییەوە دروستکراوە.

XS
SM
MD
LG