Accessibility links

ئایا هاتنی شاندی وەزاری ئابوری بۆ هەولێر" گرێ کوێرە "ی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە؟


بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 7ی مانگی نۆی 2024، شاندێکی وەزاری بۆ کاروباری ئابوری عێراق سەردانی هەولێر بکەن و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بمێننەوە و ئامانجەکەشیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لە بارەی پرسی خاڵە سنورییەکان، باج وەبەرهێنان و داهات و زاڵگەکانی نێوان هەردوو حکومەت و لەنێویشیاندا گرفتی ناوی لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئامانجی سەردانەکەی شاندی حکومەتی عێراقی بۆ هەرێم، گفتوگۆکردنە لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەت کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوامی هەیە."
وتیشی،" هاتنەکە گرنگی خۆیی هەیە و ئومێد دەکرێت کێشەکان بەرە و چارەسەربوون هەنگاو بنێن."

دەنگی ئەمەریکای پەیوەندی بە هەریەک لە وتەبێژی وەزارەتی دارایی عێراقەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی پەیوەندیەکەی نەداوەتەوە.

بەپێ ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، شاندەکە بریتین لە فواد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوری و محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی و ئەسیر داود وەزیری بازرگانی و ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی و فەیسەڵ وەسام سەرۆکی دەستەی کاغەزە داراییەکان و عەلی بەهادین بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق.

لە کابینەکەی سودانی ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی باڵا و بەرفراوانە کە بهێنرێتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و سەرەتای کۆبوونەوەکان بەپێی زانیارییەکان دەستپێکەکەی ڕۆژی یەک شەممە 8ی مانگی نۆی 2024، لەگەڵ مەسرور بارزانی سەررۆکوەزیرانی هەرێم دەبێت و دواتر کۆبوونەوەی بەرفروان بەرێوەدەچێت.

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆبوونەوەکە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئابوری عێراقە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی بابەتەکان پەیوەستن بە هەرێم و تایبەتە بە کارگەکان و کێڵگە پەلوەریەکان و بەرهەمی ناوخۆ و دەرەکی و خاڵە سنورییەکان، بۆیە کۆبوونەوەکە دەهێنرێتە هەرێم لە هەولێر لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا دەکرێت."

وتیشی،" لە ڕابردوودا عێراق چوار بازگەی دانا لە نێوان پارێزگاکانی هەرێم و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و ڕێگای بە بەرهەمی ناوخۆ و بەرهەمی دەرەکی نەدا لە هەرێمەوە بڕوات بەرەو پارێزگاکانی دیکە، هەرچەند بەڵێندراوەبوو ئەو کێشەیە تا یەکی نۆی ئەم مانگە چارەسەر بکرێت، بەڵام تائێستا چارەسەر نەکراوە."

گرفتی موچەی موچە خۆرانی هەرێم، گرێ کوێرەی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی دارایی عێراق زۆرترین تێبینی لەسەر لیستی موچەی موچەخۆران بەتایبەت هێزە ئەمنیەکاندا هەیە، ئەوەش وایکردووە تەنها موچەخۆرانی مەدەنی تائێستا موچەی مانگی حەوت وەربگرن.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاشیگەیاند،" بە دڵنیایەوە لە ناوکۆبوونەوەکە کە دەهێنرێتە هەولێر، بابەتی کێشەی هەرێم لەسەر لیستەکان و موچە باسی لێوە دەکرێت، هەروەها دەبێ بایۆمەتری ئەو 140 هەزار کەسە لەماوەی دوو هەفتەدا تەواو بێت و ئەو تێبینیانەی لەسەر لیستەکاندا هەیە لە ناوی دووبارە و کەم و کوڕی و لە دوو موچە چارەسەر بکرێت."

دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024 بڕیاری دا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان "تەوتین" بكرێت و مووچە جۆران لە ڕێگەی بانكە حكومییە فیدڕاڵیەكانەوە مووچە وەربگرن. بەڵام دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر بڕیارەكە، پرۆسەكە لە نێوان هەژماری من و تەوتین ماوەتەوە، ئەوەش کێشەی سەرەکیەکەیە و حکومەتی هەرێم دەڵێت" من هەژماری من" م هەیە و عێراقیش دەڵێت تەنها" تەوتین" کێشەکان چارەسەر دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:14 0:00

XS
SM
MD
LG