Accessibility links

زیادبوونی فشارەکان بۆ سەر حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان


هەتا دێت و فشارەکان بۆ سەر پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن و خواستەکانی ڕژێمی ئێران بۆ چەککردن و داخستنی بارەگاکانیان دەهێنرێنە دی. هەر لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو ئەندامانی هەرسێ کۆمەڵەکە (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ئێران و کۆمەڵەی حزبی کۆمۆنیست) لە زڕگوێزەوە و بە چاودێری هێزە ئاسایشییەکانەوە گواسترانەوە بۆ کەمپێکی نوێ لە ناوچەی سورداش. هاوکات ئەندامێکی حزبی دیموکراتی کوردستان ئێران ڕادەستی ڕژێمی ئێران کرا، هەرچەندە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت لەسەر داخوازی خۆی گەڕێنراوەتەوە، بەڵام حزبەکەی بە توندی ئەو قسانە ڕەتدکاتەوە و دەڵێت ئەو ئەندامە زیاتر لە 10 ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەژیا و تەنانەت فۆرمی پەنابەرێتی کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکانیشی هەبووە.

دەپرسین:

هۆکار چییە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا خواستەکانی ڕژێمی ئێران لەم بارەیەوە دەهێنێتە دی؟ هەڕەشەکانی ئێران لە هەرێم چین؟

حکومەتی ناوەندی عێراق هەتا چەند ڕۆڵی لەو فشارانەی سەر هەرێم هەیە؟

دۆخی ئەندامانی ئەو پارتانە و خێزانەکانیان لە هەرێمی کوردستان چی بەسەر دێت؟

هەتا چەند ئەم فشارانەی هەرێم کاریگەری بەسەر خەباتی سیاسی ئەو پارتانەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

1- محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەکانی حزبی دێمو کرات .

2- عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.

3- مامۆستا خەلیل کانیسانانی، وتەبێژی فەرمی پارتی ئازادیی کوردستان.

4- سەعید ئارمان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران – حیکمەتیست و هەروەها بەرپرسی رێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حزبی حیکمەتیست و سکرتێری فیدراسیۆنی پەنابەرانی ئێرانی.

دەنگی ئەمەریکا بە مەبەستی بەشداری لایەنی هەرێم لە بەرنامەکە، پەیوەندی کرد بە وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە، هەروەها پەیوەندی کرا بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و نوێنەرایەتی هەرێم، ئەوانیش ئامادەنەبوون بەشدار بن.

please wait

No media source currently available

0:00 1:08:47 0:00

محەمەد نەزیف

قادری ئەو ئەندامەی ئێمە لەمێژە لە سلێمانی نیشتەجێیە و دایک و خوشکیشی لەگەڵی ژیاون کە ئەوانیش لە سلێمانی ئاگادارکراون دەبێت سلێمانی بەجێبهێڵن و ئێستا چونەتە هەولێر، ئەو برادەرەی ئێمە ناوی (بێهزاد خوسرەوی)ە ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە و بەڵگەی نیشتەجێبوونی لە سلێمانی هەیە و کارتەکەی هەتا مانگی دوانزەی ئەمساڵ ماوەی ماوە و لە کۆمیسیۆنی پەنابەران ناوی تۆمار کراوە.

هەموو دۆکیومێنتەکان دەربڕی ئەو ڕاستیەن کە لە سلێمانی نیشتەجێ بووە و هیچ گرفتی ئیداری و سیاسی و ئەمنی نەبووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێمە ئەو برادەرەی ئێمە ئاسایش بانگیان کردووە و خستویانەتە ژێر لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسێکی تر بەناوی (شاهۆ ئەحمەدزادە) کە ئەویش سەر بەلایەنێکی سیاسی ڕۆژهەڵات بووە و خەڵکی شارۆچکەی مەریوانە هەردووکیان ڕادەستی ئیتڵاعاتی سنە کراون.

ئێمە سەردانی (ئاسایش) مان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی سلێمانی لە پەیوەندیدا بووین و پرسیارمان لێکردوون و بەدواداچوون کراوە لەسەر ئەو بابەتە لەسەرەتادا نکوڵی کراوە لەو بابەتە دواتر دەرکەوتووە کە خودی ئەو کەسانەی ڕادەستکراون بەداخەوە لە ژێر فشاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا بووە

ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی داخە ئەگەر لایەنی ئەمنی سلێمانی لەسەر هەر ئەندامێکی ئێمە و تێکۆشەرێکی کوردی ڕۆژهەڵات پرسیار و ڕەخنەی هەیە یان مەلەفێکی هەیە ئوسوڵەکەی ئەوەیە لایەنەکە ئاگادار بکاتەوە و بڵێت بەپێی بەڵگەو دۆکیومێنت گومانی لەسەرە و ئەوان ناڕەزان بەبوونی لە هەرێمی کوردستان ئەم پرنسیپە ئیدارییە بۆ هەر تاکێک لەبەرچاو نەگیراوە بەتایبەتی هیچ پرسێک بە ئێمە نەکراو ، ئەم برادەرە چەند ڕۆژێک لە ئاسایش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە دواتر ڕادەستی ئێران کراوە، بەبۆچوونی ئێمە ڕادەستکردنی پەنابەرێکی سیاسی بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دیلۆدەیەکی ناحەزە و ئێمە مەحکومی دەکەین و دوور لە چاوەڕوانییە لە ئیدارەی ئەمنی ئەم بابەتە مەترسی گیانی لەسەر سێ هەزار تێکۆشەری سیاسی کوردی ئێران لە هەرێمی کوردستان هەیە ئەگەر لە داهاتووشدا ئەم ڕێڕەوە بگیرێتەبەر زیانێکی گەورە بە ئیعتباری سیاسی هەرێمی کوردستان دەگات بەتایبەت ئاسایش وەک لایەنێکی ئەمنی کە ئەرکدارە لە پاراستنی گیانی ئەو هاونیشتیمانیانەی کوردی ڕۆژهەڵات لێرەدا هەستی زیاتر لە دە ملیۆن کوردی ڕۆژهەڵات بریندار دەکات، ئەو کەسە ئەندامێکی ئاسایی حزبەکەمان بووە لە سلێمانی کاروکاسبی کردووە لە کۆمپانیایەک، ئەگەر ئەندامێکی ئێمە بیەوێت لە ڕێکخستنەکانی ئێمە بچێتەدەرەوە و بچێتەوە بۆ ئێران بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی ئیش و کاری ڕادەپەڕێنین و ئاسانکاری بۆ دەکەین و نامە دەنوسین بۆ ئاسایش کە مۆڵەتی پێبدەن و بەڵگەی هاتوچۆی بۆ سنورەکان بۆ دابین بکەن بۆئەوەی تووشی گرفت نەبێت.

ئێمە سەردانی ئاسایشی سلێمانیمان کردووە و داوامان لێکردوون چارەنوسی ئەو برادەرەمان پێ بڵێن و ئازادی بکەن، ئێستا ئەو برادەرمان لەژێر دەستی ئیتڵاعاتی ئێراندایە لەوانەیە شانۆگەریەکی پێ دروست بکەن، ئەگەر بڕیاری ڕادەستکردنەوەی ئەو ئەندامەی ئێمە تەنانەت لەسەروو ئاسایشەوە درابێت بەبۆچوونی من بڕیاردەری ئەو بابەتە لە ئاست بەرپرسیارێتی سیاسی و نەتەوەیی خۆیدا کاری نەکردووە چونکە ئێمە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی دانیشتنمان بووە لەسەر چەند خاڵی جەوهەری جەختمان کردووەتەوە و ئەوان بەڵێنیان بە ئێمەداوە لەو چوارچێوەدا هەڵسوکەوتێکی دۆستانە بکەن و مافی سیاسیمان پارێزراو بێت.

لەسەر ئەو پەیامە ڤیدیۆیەی کە (بێهزاد خوسرەوی) بڵاوی کردووەتەوە ئەوە چەواشەکاریەکی تەواوە وەک سروشتی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن بۆ چەواشەکاری ئەو کۆمەڵە شتانە هیچ دوور نییە ئەگەر بۆ مەبەستێکی تایبەتی ئازادی بکەن.

ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانی کۆمەڵە و نوێنەرانی یونامی و خودی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان دانیشتنمان هەبووە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان مانەوەی هێزە سیاسیەکان بووە لە کامپەکانیان بۆیە پێموایە ئەوەی دەرهەق بە کۆمەڵە کرا فشارێکی کۆماری ئیسلامیە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە و سەپاندنی ئیرادەی شومی کۆماری ئیسلامیە بەسەر خودی (ئاسایش) کە ڕەوا نەبووە ئاوەها هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ (کۆمەڵە) باس لەوە کراوە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو خەڵکە لەژێر چەتری خۆیدا دابنێ و یارمەتیان بدات لە لایەنی مەعنەوی و لەلایەن مرۆڤایەتیەوه.‌

بە بڕوای من کۆماری ئیسلامی ئێران فشارێکی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لەسەرە لەسەر ئاستی ناوخۆش دەنگی ناڕەزایەتی و دروشمی ڕادیکاڵی دەبیستێت بۆیە نیگەرانە لە مانەوە و بەردەوامی خۆی بۆیە بزوتنەوەی کورد و پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات بە گەورەترین مەترسی لەسەر خۆی دەزانێت بۆیە دەیەوێت لە دەرەوەی سنورەکانی هێزە سیاسیەکان سەرقاڵ بکات بە هەندێک شتی ڕۆتینیەوه.‌

کامپەکانی ئێمە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کێشەمان هەبووە بەڵام بە دانیشتن و لێکتێگەیشتن توانیومانە چارەسەری بکەین، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی لەسەرشانە موڵەت نەدا ناوچەی ژێردەسەڵاتی ببێت بە مەیدانی یاریکردنی کۆماری ئیسلامی و هێزە بریکارەکانی.

خەلیل کانی سانانی

دیارە ئەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە کاریگەری لەسەر کۆی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە هەر ڕێوشوێنێک گیرابێتەبەر ئێمەش وەکو پارتی ئازادی کوردستانی گرتووەتەوە و ئێمەش هێزەکانمان بردووەتە کامپێک لە نزیک دهۆک ئێمەش لە 33 ساڵی ڕابردوودا دۆخی هەرێمی کوردستانمان ڕەچاو کردووە بۆیە خەبات و تێکۆشانی ئێمە نەبووەتە فاکتەری هەڕەشە و نائارامی و تێکچوونی سەقامگیری، ئێمە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانمان پاراستووە و ڕێزمان لە سنورەکان گرتووە، چەند کەمپێکی سەربازیمان ڕاگوێزراون.

ئەوەی ئێستا هەیە ڕاگواستنی خەڵکی سیاسی و بێ چەک و ژن و مناڵە ئێمە پێمانوایە ئەو ڕاگواستنانە نایاساییە بۆیە دژی ئەو ڕاگواستنەوەیەن و نیگەرانی خۆمان بە فەرمی ڕاگەیاندووە

لە بازنە گەورەکەدا فشارەکە یەکێکە ئێمە بۆ بیانوو بڕین و کەمکردنەوەی ئەو فشارانە چەند خاڵێکمان ڕەچاو کردووە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجددی هەوڵ نەدات بۆئەوەی پێش بگرێت بە فشار و خواستی ناماقوڵی ئێران ئەو دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان زەمینە خۆشکەرە بۆئەوەی ئێران زیاتر فشاریان بخاتە سەر دەوڵەتی ئێران دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەو پیلانگێڕیەی هەیەتی جێبەجێی بکات.

بەو پێیەی هەرێمی کوردستان سەروەریەکەی لە مەترسیدایە و ئاسمانەکەی نەپارێزراوە، بەو پێیەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی خۆی نابینێت وایکردووە هەمیشە تێکۆشەرانی هەرێمی کوردستان لە هەرجۆرە مەترسیەک دەبینین، ئێمە پێویستە هەڵوێستێکی هاوبەش و هێڵێکی سووری خۆمان ڕابگەیەنین بەرامبەر بە عێراق یان هەرێم و هێزە سیاسیەکانی نەیەڵین کردەوەی ناڕەوای لەو چەشنەمان لە دژ بکرێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە دیپلۆماسیەتی خۆی کار بکات لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و لەگەڵ بەغدادیش، ئێمە پێمانوایە ئەگەر ئەو دۆخە بەوشێوەی ئێستا بچێتە پێش مەترسی هەیە بۆ هەموولایەک.

عەبدوڵا ئازەربار

ئەو ڕێککەوتنامەی نێوان ئێران و عێراق نزیکەی دووساڵە لە دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییەوە هاتووەتە ئاراوە دواتر لە مارسی 2023 وە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، دیاربوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران فشارێکی زۆر دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی چڕتر دەکاتەوە بە هەماهەنگی دەوڵەتی عێراق کە ئێستا سەر بە ئێرانه.‌

ئێمە لە دانیشتنەکانمان لەگەڵ هەرێم و بە ناڕاستەوخۆ و بە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغداد هەموو ئەوانەمان تاوتوێ کردووە، ئەوەی زانیومانە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق بریتی بووە لە چەند خاڵێکی سەرەکی ئەوەی داوا لە ئێمە دەکرا پابەند بین بە چوار خاڵەوە لەبەرامبەریشدا ئەوان چوار ئیمتیاز بدەن، داواکارییەکانی هەرێم ئەوە بوو هێزەکان لەسەر سنورەکان بکشێنەوە، هەروەها لە خۆپشیشاندانی چەکداری و مانۆڕی پێشمەرگانە و وتوێژ لەگەڵ کەناڵەکانی نێودەوڵەتی خۆبپارێزین، فێرگەی پێشمەرگایەتی کز بکەین و ئۆردوگاکانمان سڤیل بن و چالاکی ڕابگرین ئێمە هەموو ئەو مەرجانەمان جێبەجێ کردووە، وە لەبەرامبەریشدا ئەوان بواری کاری سیاسی دروست بکەن و خزمەتگوزاری بە خانەوادە و بە پێشمەرگەکان بدەن لەگەڵ دابین کردنی بەڵگە و دۆکیومێنت بۆ ئێمە هەروەها ڕێگری بکەن لە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کادر و پێشمەرگە و خەڵکانی ئێمە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆماری ئیسلامی پێی وانەبوو ئەو حزبانە هێندە پایەی کۆمەڵایەتیان ماوە و دەتوانن بە وزەیەکی زۆرەوە لە کوردستان بمێنن بەڵام ئەمجارە ئێران کلیلی کارەکەیان دۆزیوەتەوە و زانیویانە کە هەرێمی کوردستان لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر پێویستی بە عێراقە، ڕێککەوتنەکە لەنێوان ئێران و عێراقە بەڵام هەرێم لایەنی جێبەجێکارە.

کامپی سورداش کامپێکی کاتییە ئێمە پێویستیمان بە کامپێکی هەمیشەیی هەیە هەتا ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان بە کەمی دەستێوەردانی کردووە و نەهاتووەتە سەر خەت دەڵێن کاریان بە کاری سیاسیەوە نییە بەڵکو تەنها کاری مرۆیی دەکەن و دەیانەوێت چاوپێکەوتنی تاک بە تاک بکەن بۆیە لەگەڵ گروپێک یان حزبێکی سیاسی لایەن نابن بەڕاستی ناچالاکیەک لەم ڕێکخراوەدا هەیە، ئێمە دەیان جار بارەگا و ئۆردوگامان گواستووەتەوە بەڵام کاریگەری نییە لەسەر کاری سیاسیمان بەگشتی لە هەموو هەرێمی کوردستان ئەو فشارانە لەسەر ئێمە هەیە، فشارەکە زۆر و کەم لەسەر هەرێمە بەڵام لەلای یەکێتی زۆرتر بووە ئێمە هەستمان بە فشارێکی زۆرتر کردووە لە زۆنی سەوز.

سەعید ئارمان

ئێمە وەک سکرتێری گشتی پەنابەرانی ئێرانی کەمپینێکمان ڕاگەیاندووە دژ بەم کارەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق کە دەستیکردووە بە ڕاگواستنی زۆرەملێی ئۆردوگاکانی کۆمەڵە بۆ سورداش.

ئەوەی حکومەتی هەرێم دەرهەق بەم حزبەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کراوە بە کارێکی ناڕەوای دەزانین کە بەداخەوە حکومەتی هەرێم وەکو گوێ لە مشتی ئێرانی لێهاتووە دیارە فشاریان لەسەرە بەڵام دەتوانن نافەرمانی بکەن و بەقسەیان نەکەن، ئەم ڕاگواستنانەی کۆمەڵە بە دوورە لە هەر عورفێکی سیاسی، ئێمە ئیدانی ئەم کردەوەی حکومەتی عێراق و گوێڕایەڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستانمان کردووە هەروەها لەسەر ئاستی دەرەوەی وڵاتیش خەریکی ئەوەین ئەم حزبە نەبنە قوربانی چونکە بە درۆن لێیان دەدەن و بە تاک لێیان تیرۆر دەکەن، دەیان بنکە و پێگەی کۆماری ئیسلامی لەناو شارەکانی کوردستان بەتایبەت لە سلێمانی و دواتر لە هەولێر هەیە خۆیان حەشارداوە هەتا تاکی سیاسی کورد تیرۆر بکەن و بیکوژن.

پێشتریش ئەم کراوە بەرامبەر (موستەفا سەلیمی) ئەمە ئەوپەڕی نامرۆڤایەتیە لەگەڵ ئەم کەسە کردیان بەداخەوە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بێدەنگن دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرس بکەین لە ئاستی گیانی ئەم کەسانه.

ئەو حزبانەی ڕۆژهەڵات کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین ناچارن هەندێک جار قسە نەکەن و دەترسن کە ناتوانن بەربەرەکانی یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن ئەمە جێگەی نیگەرانییە، یەکێک لە گرنگترین کارەکانمان لە دەرەوە ئەوەیە کە فشار بخەینە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان.

من نەک مەترسی بەڵکو داهاتوویەکی تاریکتر دەبینم ئێران دەستی واڵاتر دەبێت بۆ لێدانیان، ئەم ئیهانەیە نابێت لە هەرێمی کوردستان قبوڵ بکرێت دەبێت خەڵک دەبێت لە ئاستیدا هاوسۆزی دەربڕن مەترسیدارە چونکە هەنگاوی دواتر ئێران داوای ڕادەستکردنەوەی چەندین کەس دەکات هەڵبەت دەوڵەتی عێراق گوێ لە مشتی دەوڵەتی ئێرانە کاریگەری لەسەر حزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە ناتوانن چالاکیەکانی خۆیان بە باشی ئەنجام بدەن چونکە لە بیری پاراستنی ئاسایشی خۆیان دەبن، یەکێتی نیشتیمانی زیاتر ملی داخستووە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران سلێمانی کردۆتە پێگە و بارەگای کۆماری ئیسلامی ئێران فرمانەکانی ئەوان باشتر بەڕێوە دەبات.

XS
SM
MD
LG