Accessibility links

ڕوانگەی سوریا: ئیسرائیل شەوی یەکشەممە گەورەترین هێرشی لە ناو خاکی سوریا ئەنجام داوە لەوەتای شەڕی غەززە دەستیپێکردووە


ڕوانگەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، شەوی یەکشەممە ئیسرائیل گەورەترین هێرشی لە دژی ئێران و حزبوڵا و ڕژێمی سوریا ئەنجام دا لەوەتای لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە کە شەڕی غەززە دەستیپێکردووە.

ڕامی عەبدولڕحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەکە ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی DW ی ئەڵمانی وتی، شەوی ڕابردوو ئیسرائیل چوار جار هێرش و بۆردومانی کردووە و بە لایەنی کەم 6 شوێنی کردووەتە ئامانج، لەوانە ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی لە شاری مەسایف لە ڕۆژئاوای سوریا کە بە سەرپەرشتی سوپای پاسدارانی ئێران کاری تێدا دەکرێت و تایبەتە بە دروستکردنی موشەکی مەودا مامناوەندی و کورت و هەروەها درۆن.

وتیشی بەپێی ئەو زانیارییانەی پێی گەیشتووە، بە لایەنی کەم 26 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراون، لەوانە 14 کەسیان سورین و لەگەڵ سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان کاریان دەکرد و 5 کەسیان ئەندامی حزبوڵای سوریا بوون و 4 کەسیان لە هێزەکانی ڕژێم بوون و 5 کەسیان سیڤیل بوون و 3 کەسیش هێشتا ناسنامەکانیان ئاشکرا نەکراوە.

بەڕێوەبەری ڕوانگەکە باسی لەوەش کرد فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە سێیەم جاری هێرشەکان ئەو ئۆتۆمبیلانەیان کردووەتە ئامانج کە هەوڵی گواستنەوەی بریندارەکانیان دەدا. وتیشی ئەم هێرشانە پەیامێکی ڕوونی ئیسرائیلە، ئەویش هەر چ شتێک لەناو سوریا پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت ئیسرائیل وێرانی دەکات.

ڕژێمی سوریا لای خۆیەوە سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد، دەڵێت دەستدرێژییەکە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 16 کەس و برینداربوونی 36 کەسی دیکە کە 6 کەسیان برینەکانیان قورسە، هەروەها زیانی ماددی لە چەند ناوچەیەکی دانیشتوان لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە فڕانس پرێسەوە وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG