ڕاپۆرتی کۆمیتەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو هێرشانەی تورکیا دەیانکاتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕەنگە بگەنە ئاستی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و تەنانەت هێرش هەن ڕەنگە بگەنە ئاستی تاوانی جەنگ.
کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی تایبەت بە سوریا لە ڕاپۆرتێکی کە ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکرایەوە، دەڵێت ئەو هێرشە ئاسمانییانەی لە 25 ی مانگی دوازدەی ساڵی 2023 ئەنجام دران لە ئامانجی سەربازی و سیڤیلی داوە، لەوانە بنکەیەکی تەندروستی لە کۆبانی و ئەوەش بووەتە هۆی ڕاگرتنی کارەکان لەو بنکەیە بۆ ماوەی بە لایەنی کەم 2 هەفتە. هێرشێکی دیکە، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینی پزیشکی لە قامیشلۆ وێرانکرد، هەروەها بنکەیەکی تەندروستی بۆ شتنی گورچیلە زیانی بەرکەوت و بەپێی کارمەندانی تەندروستی، نەخۆشێک کە شتنی گورجیلەکەی بەهۆی هێرشەکەوە دواخرابوو، گیانی لەدەستدا.
ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات لە کۆگایەکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە قامیشلۆ دراوە و بەهۆیەوە 7 کەسی سیڤیل کوژراون کە یەکێکیان ژن بووە. دەشڵێت دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا ڤیدیۆی هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەیان بڵاوکردووەتەوە، لە نێویاندا هێرشی سەر ئەو کۆگایە بووە.
کۆمیتەکە لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەی لە بارەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە حەسەکە دەڵێت تۆرباینەکانی وێستگەکە بە هێرشەکان وێرانبوون و بەهۆیەوە هێندەی دیکە قەیرانی بێ کارەبایی لە ناوچەکە گەورەتربوو و سەرئەنجام کاری کردووەتە سەر دابینکردنی ئاو و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکە.
لە 31 ی مانگی پێنج، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر چەند شوێنێک لە حەسەکە، لەوانە خاڵیکی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە نزیک گوندی تەل حەمیس، بەهۆی هێرشەکەوە 7 کەسی سیڤیل کوژراون، دووانیان دوو کوڕی منداڵبوون لەگەڵ ژنێک.
هەر لەو ڕۆژەدا کیڵگەیەک لە گوندی حاتەمییەی نزیک قامیشلۆ بۆردومانکرا و دوو ئەمبۆڵانسی مانگی سووری کوردی ڕەوانەی شوێنی بۆردومانەکە کران، هەر بە دوای گەیشتنی ئەمبۆڵانسەکان دوو هێرشی دیکەی ئاسمانی کراونەتە سەر دەوروبەری کێڵگەکە و لە ئاکامدا یەک لە ئەمبۆڵانسەکان تێکشکاون و کارمەندێکی ناو ئەمبۆڵانسەکە برینداربووە. کۆمیتەکە دەڵێت ئەم هێرشە ڕەنگە بگاتە ئاستی تاوانی جەنگ.
کۆمیتەکە لەو ڕاپۆرتە 32 لاپەڕەییە، چەندین پێشێلکاری دیکە لە سوریا باسدەکات، لەوانە ئەوانەشی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ئەنجامدراون.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تورکیا هیچ ڕاگەیاندنێک یان لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بەم ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاونەکردووەتەوە. بەڵام پێشتر تورکیا وتویەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی هێرش دەکاتە سەر هێزە کوردییەکان لە سوریا کە بە باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان ناودێریان دەکات.
سەرچاوە/ ڕاپۆرتی کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان.