سەرۆک جۆو بایدن و کامڵا هێرس، جێگری سەرۆک و دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە شێوەیەکی دەگمەن پێکەوە دەرکەوتن لە شاری نیویۆرک بۆ ساڵیادی هێرشەکانی 11 ی سپتێمبەری ساڵی 2001 کە نزیکەی 3 هەزار کەسی تێدا کوژران.
هێرس، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا و ترامپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ، پێکەوە تەوقەیان کرد و چەند وتەیەکیشیان لەگەڵ یەکدا وت پاشان لە ڕیز ڕاوەستان بۆ یادکردنەوەکە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو شەوی پێشتر مشتومڕێکی توندیان ئەنجامدا. هەروەها سیناتۆر جەی دی ڤانسی کاندیدی ترامپ بۆ جێگری سەرۆکیش لەوێ ئامادە بوو.
لەبری لێدوانی فەرمی، مەراسیمەکە لە شوێنی "ڕووخانی باڵەخانەکان" ئەو شوێنەی کە فڕۆکەکان دایان بە هەردوو باڵەخانەی نێوندی بازرگانی جیهانی ئەنجام درا. کەسوکاری ئەوانەی لەو هێرشەی 23 ساڵ لەمەوبەر گیانیان لەدەستدا لە مەڕاسیمەکە ئامادە بوون.
ئەم ڕێوڕەسمە ساڵانە بۆ یادکردنەوەی هێرشە خۆکوژییەکانی کە لەلایەن ئەلقاعیدەوە کرایە سەر مەنهاتن، پەنتاگۆن و کێڵگەیەک لە پێنسلڤانیا، ئەنجام دەدرێت.
کوڕێکی بچووک باسی باپیری خۆی کرد کە ئەو بەیانییە لە نێوەندی بازرگانی جیهانی کوژرا و گوتی " ڕیچارد جەی ئۆکانەر، هەمیشە خۆشەویستی لامان و بیرت دەکەین."
لە ڕێوڕەسمەکەدا سروودی نیشتمانی پێشکەش کرا و ساتی بێدەنگی بەڕێوە چوو لەگەڵ کاتی هەر یەک لە هێرشەکاندا.
هەروەها مایکل بلومبێرگ سەرۆکی پێشووی شارەوانی نیویۆرک بەشداری کرد و لە نێوان بایدن و ترامپ وەستابوو.
دوای نیویۆرک، بایدن و هێرس بە فڕۆکە بەرەو شانکسڤیل لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا ڕۆشتن، بۆ یادکردنەوەی سەرنشینانی فڕۆکەی یونایتد فلایت 93 کە بەسەر ڕفێنەرەکاندا زاڵبوون و فڕۆکەکە لە کێڵگەیەکدا کەوتە خوارەوە و ڕێگرییان کرد لەوەی فڕۆکەکە بگاتە ئامانجەکەی. پاشان سەرۆک و جێگری سەرۆک بەرەو ناوچەی واشنتن دەگەڕێنەوە بۆ سەردانی مۆنۆمێنتێک لە پنتاگۆن.
بایدن سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننەمەیەکدا گوتی "لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا 23 ساڵ لەمەوبەر تیرۆریستان پێیان وابوو دەتوانن ئیرادەمان بشکێنن و چۆکمان پێدابدەن. ئەوان هەڵە بوون. هەمیشە هەڵە دەبن. لە تاریکترین ساتەوەختەکانماندا، ئێمە ڕووناکیمان دۆزیەوە. وە لە بەرامبەر ترسدا، ئێمە ئێمە پێکەوە کۆبوینەوە - بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان، و بۆ یارمەتیدانی یەکتر."
ترامپ کە بەنیازە سەردانی یادگاری پێنسیلڤانیاش بکات، ڕۆژی چوارشەممە بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند " ڕۆژێکی زۆر زۆر دڵتەزێن و ترسناک بوو، هەرگیز شتێکی لەو جۆرە نەبووە."
پێشتر بایدن بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە ڕێز لەو کەسانە دەگرێت کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها سەدان هەزار ئەمەریکایش کە دوای ئەو ڕووداوانە بە خۆبەخشانە خزمەتی سەربازییان کردووە.
بایدن بە ئاماژەدان بە ناردنی هێز بۆ ئەفغانستان و عێراق و ناوچە جەنگییەکانی دیکە، هەروەها گرتن و کوشتنی ئوسامە بن لادن پلانداڕێژەری هێرشەکانی 11 ی سپتێمبەر و جێگرەکەی، گوتی "ئێمە سوپاسگوزار و قەرزاری ئەم نیشتمانپەروەرانەی نەوەی 11ی سێپتێمبەرین کە هەرگیز ناتوانین بە تەواوی بیدەینەوە."
سەرکردەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە مەدالیای زێڕینی دوای مردنیان بەخشی بە 13ئەندامی خزمەتگوزاری کە لە تەقینەوە خۆکوژەکەی 26ی هەشتی ی 2021 فڕۆکەخانەی کابول لە کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کوژران.