Accessibility links

دکتۆر عەمار ئەلعەزاوی: ئێران هەمیشە ئارەزووی لە یاریکردنە لەسەر پەتەکان


عێراق و ئێران 14 یاداشتی لێکتێگەیشتن مۆردەکەن، هاوکاتی یەکەم سەردانی سەرۆکی ئێران بۆ بەغدا.

کۆماری ئیسلامی ئێران، پشتیوانکارێکی سەرسەختی پڕۆژەی هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی فەرمانڕەوای عێراق بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریکا لە عێراقدا.

دکتۆر عەمار ئەلعەزاوی، سەرۆکی نێوەندی یەرموک بۆ توێژینەوە و پلانی ستراتیژی ئاماژە بە گرنگی ڕێککەوتنەکان و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان بەغدا و تاران دەکات بەبێ ئەوەی باس لە هاوڕاییەکانی تاران بکات لەو پڕۆژانەی بەشێک لە لایەنەکانی عێراق کە بە ئاشکرایی پڕۆژەن بۆ دژایەتی کردنی ئەمەریکا.
دکتۆر عەمار ئەلعەزاوی، سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراقدا، دەڵێت "دەبێت حکومەتی عێراق و سەرکردایەتی لایەنە سیاسییەکان ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبێت و ڕێگەش نەدەن بە هیچ دەستێوەردانێک، چونکە ئەو جۆرە دەستێوەردانانە دەبنە مایەی کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکان و سیاسەتی دەرەوەییش لەگەڵ وڵاتانی تردا و ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنیشی دەبێت بەسەر ئێستای وڵات و بەسەر قۆناغەکانی داهاتووی عێراقیشەوە."

سەرچاوە هەواڵییەکان باسیان لەوە کردووە کە یەکێک لە داواکانی پزیشکیان لە موحەمەد شییاع ئەلسودانی سەرەک وەزیری عێراق ئەوەبووە، حکومەتی عێراق ڕۆڵی نێوەندگێڕ ببینێت لە نێوان تاران و واشنتۆندا بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ناوکییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا. دواترین خولی دانوستاندنەکانی ڤیەننا لەسەر پرسی ناوکی ئێران گەیشتە بنبەست.
دکتۆر ئەلعەزاوی دەڵێت "ئێرانییەکان بە بایەخەوە دەڕواننە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ناوکییەکە و ئەوەی کە دەشیانەوێت عێراق ڕۆڵی هەبێت، جۆرێکە لە جۆرەکانی سیاسەتکردن و دەشیانەوێت ئەو دانوستاندنانە دەستپێکەنەوە لە کاتێکدا کە ئەمەریکا زۆر باش دەزانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی چیین و چیی دەوێت و باشیش دەزانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی لە کوێدان و بڕیاردەریشە لەوەی مانۆڕە سیاسییەکانی لە کوێدا دەکات و هەرچی ئێرانییەکانیشن دەیانەوێت و پێشدەچێت لە هەوڵدابن تا دەروازەی ئەو دانوستاندنانە لە ڕێی عێراقەوە بکاتەوە."
ئێرانییەکان کەناڵی تریشیان بەکارهێناوە بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو دانوستاندنانە و زۆرێکیش لە شیکەرەوە لەو بڕوایەدان ئەو هەوڵانەی تاران پەیوەندییان هەیە بەو نیگەرانییەی لەناو جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی ئێراندا هەیە لە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و ئەگەری سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدەی داهاتووی ئەمەریکادا.

مەسعود پزیشکیان، ڕۆژی چوارشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەیشتە بەغدا و لەوێش ژمارەیەک کۆبوونەوەی هەبووە لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی عێراقیدا. دواتر سەرۆکی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر و لە سلێمانیش کۆبوونەوەی هەبووە.

پێشتر دەسەڵاتدارانی ئێران، بە درۆن و موشەک هێرشیان دەکردە سەر هەرێمی کوردستان و ئامانجی ئەو هێرشانەش لێدانی هێزە ئۆپزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران بوو، بەڵام دەسەڵاتداران لە تارانەوە بەردەوام جەختیان دەکردەوە لەوەی بنکەی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) لە هەرێمی کوردستان هەیە و هەر بۆیەشە ئەو هێرشانە دەکەن.

سەرۆکی نێوەندی یەرموک بۆ توێژینەوە و پلانی ستراتیژی ئاماژە دەکات بە هەبوونی گۆڕانکاری لەو جۆرە هەڵوێستەی ئێرانییەکاندا و دەڵێت "لەم ماوانەی پێشوودا، ڕێبەرانی سیاسی هەرێمی کوردستان سەردانی تارانیان کردووە و ئەو سەردانانە ژینگە سیاسییەکەی خۆشکردووە و لەوانەیشە هاوکێشە سیاسییەکانیشی گۆڕیبن و دەشزانین هەمیشە لە سیاسەتەکاندا گۆڕانکاریی ڕوودەدەن و بەرژەوەندییەکان دەبنە بڕیاردەر و ئەم سەردانەی سەرۆکی ئێران ئاماژەیە بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ، هەم بۆ عێراق و هەمیش بۆ هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا."

لە هەولێر و لە سلێمانیش، پەیمان دراوە بە سەرۆکی ئێران کە ڕێگە نەدرێت خاکی هەرێم بەکاربهێنرێت بۆ هیچ هێرشکردنێک بۆ سەر ئێران، بەڵام باس لە، ئەگەری درێژەپێدانی هێرشەکانی ئێران نەکراوە بۆ سەر خاکی هەرێم.
دکتۆر عەمار ئەلعەزاوی، هاوڕایە لەگەڵ زۆرێک لە شیکەرەوە سیاسییەکاندا و دەڵێت "ئێرانییەکان هەمیشە دۆسێکانی مەبەستیانە بە کراوەیی دەیانهێڵنەوە لەسەر مێزەکانی دانوستاندن و ناشیانەوێت ئەو دۆسێیانە لە سەدا سەد یەکلا بکرێنەوە، چونکە تاران هەمیشە ئارەزووی لە مانۆڕی سیاسیی و یاریکردنە لەسەر پەتەکان لەو جموجۆڵە سیاسیانەی دەیانکات."

XS
SM
MD
LG