Accessibility links

وتەبێژی کەمپی مەخمور، بەیاننامەکەی دژە تیرۆری کوردستان ڕەتدەکاتەوە کە باس لە کوژران و برینداربوونی چەکداری پەکەکە دەکات بە درۆنی تورکی


وتەبێژی کەمپی مەخمور سەر لەبەری بەیاننامەکەی دژە تیرۆری کوردستان ڕەتدەکاتەوە کە باس لە کوژران و برینداربوونی 3 چەکداری پەکەکە دەکات و ڕایدەگەیەنێت،" گەر کوژراو و بریندار هەبێت نایشارینەوە و بۆ ڕایی گشتی بڵاو دەکەینەوە."

سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشممە 16ی مانگی 9ی 2024، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردومانی باخێکی لە نێو کەمپی ئاوارەکانی مەخمور کرد و سەرەتا وا لە میدیاکان بڵاوبوویەوە کە بوتڵی غاز تەقیبێت، دواتر ئیدارەی کەمپی مەخمور، وتی،" درۆنی تورکیا بۆردومانی کردووە و زیانی گیانی نییە."

هێندەی نەبرد دژە تیرۆری کوردستان پێچەوانەی وتەکانی ئیدارەی کەمپی مەخمور لە پەڕەی فەرمیاندا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە بە گوێرەی زانیاریەکانیان،"فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بنکەیەکی کۆبوونەوەی ئەندامانی پەکەکەی لە کەمپی مەخمور کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە کەسێک کوژراوە و دوانی دیکەش برینداربوونە کە لەنێو کوژراو بریندارەکاندا بەرپرسی پەکەکە هەیە."

بێوار ئەمین، ئەندامی بەڕێوەبردنی لیژنەی پەیوەندیەکانی کەمپ و وتەبێژی کەمپی مەخمور بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کاتژمێر 10ی بەیانی بوو، دەنگێکی بەهێز لە نێو باخێکی نێو کەمپی مەخمور بەرزبوویەوە و خەڵکی ناو کەمپە چونە شوێنەکە و بوتڵێکی غازیان بینی کە ئاگری گرتووە، سەرەتا هەموان وایانزانی کە بوتڵی غاز تەقیوە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە درۆنی تورکیا بۆردومانی کردووە."

سەبارەت بەو بەیاننامەیەی کە دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردوەوە، وتەبێژی کەمپی مەخمور وتیشی،" بەهیچ شێوەیەک هەواڵەکە ڕاست نییە، چەند سایتێکی ئەوان سەرەتا وتیان بوتڵی غاز تەقیوە، دواتر گوڕا بەوەی شەهید هەیە، بۆیە گەر شتی وا بووبێت ئەوە ئێمە نایشارینەوە و بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین، چونکە گەر خەڵک کوژرا بێت یان بریندار دەبرێنە نەخۆشخانە."

لە نێو ئەم مانگەدا ئەمە دووەمجارە کە درۆنی تورکیا بۆردومانی کەمپی مەخمور دەکات، کەمپەکە تەنها حەوت سەد مەتر دوورە لە مەخمورەوە و دانیشتوانەکەی پێی دەڵێن کەمپی( شەهید ڕۆستەم جوودی) و لە ساڵی 1998 لە بنای چیای قەرەچووخ لە ڕۆژهەڵاتی مەخمور بۆ پەنابەرانی کوردانی باکووری کوردستان دروستکراوە و بەپێ ئامارەکانی ئیدارەی حکومەتی خۆجێی شارەکە بێت نزیکەی هەشت بۆ نۆ هەزار کوردی باکوری تێدا نیشتەجێیە.

تورکیا کەمپی مەخمور وەک قەڵایەکی پەکەکە سەیری دەکات، بەردەوام لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە دەکرێتە ئامانج، بەڵام بێوار ئەمین، وتەبێژی کەمپی مەخمور، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە هیچ چەکدارێکی پەکەکە لە نێوکەمپەکەدا نەماوە و ڕاشیگەیاند،" بەفەرمی حکومەتی عێراقی ئاگادارە لە نەمانی چەکداری پەکەکە و لیژنەی بەردەوامی حکومەتی عێراقی لەناو کەمپدان بۆ چارەسەری کێشەکان، کەچی تورکیا بۆردومان دەکەن و چارەسەری ئەم دۆخەیان بۆ نەکراوە."

کەمپی ئاوارەکانی مەخمور، تەواوی دانیشتوانەکەی کوردی تورکیان و خەڵکی سنوری نێوان عێراق و تورکیان و لەساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە لەبەر کوشتن و سوتاندنی باخەکانیان و دەستگیرکردنیانەوە ئاوارەی ئەوروپا و هەرێمی کوردستان بوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:36 0:00

XS
SM
MD
LG