Accessibility links

شۆڕشی ژینا و برەوی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی


لە دووهەم ساڵیادی شۆڕشی ژینادا کە "ژن، ژیان، ئازادی" دروشمەکەی بوو، کورد لە ئێران، بڕیاری مانگرتن دەدات و سەرچاوەکانی ناو کوردستانی ئێرانیش دەڵێن ئەو مانگرتن زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان"ی گرتەوە.

شلێر باپیری، نوسەرو لێکۆڵەر جەخت دەکاتەوە لەوەی مانگرتنەکە "مانگرتنێکی سەرکەوتوو بوو، ئەوەش یانی کورد لە ڕۆژهەڵات بە دەنگی داوای لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سیڤیلەوە چووبوون و ئاماژەیەکیشە بەوەی خەڵکی کوردستان ئەو سووربوونە هەیە لەناویاندا و هەرکاتێکیش داوایان لێبکرێت هاودەنگ دەبن هەتا دەنگی ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن بەرامبەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و دڕندە و نامرۆڤانەی وەک ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەهاش نیشانی بدەن کە بەردەوامن لە خەبات بۆ ئازادی."

شلێر باپیری دەڵێت "مانگرتن لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا کارێکی ئاسان نییە و ئەوەی بینرا لەو مانگرتنە گشتییەدا، دەکرێت وەک خاڵێکی بەهێزی خەڵک چاوی لێبکرێت."

ئەمین سورخابی، یەکێکە لە ئەندامانی بەڕێوەبردنی نێوەندی چار لەوبڕوایەدایە، شۆڕشی ژینا هەڵگری کۆمەڵێک کاریگەریی قوڵ بووە بە ئەندازەیەک کە لە مێژووی ئێراندا بێ وێنە و ناوازە بووە، لەو سۆنگەیەوەی شۆڕشی ژینا دژ بە هەموو ئەو گوتارە باوانە بووە کە پێشتر لە ئێران و تەنانەت لە کوردستانیشدا هەبوون، دابڕانیش بوو لەو گوتارانەی پێشتر لە کۆمەڵگەی ئێراندا برەویان هەبووە."

لەو گۆڕانکارییانە، وەک بەڕێز سورخابی ئاماژەی پێدەکات، یەکێکیان کۆمەڵایەتییە و دەڵێت "ژیانی کۆمەڵایەتی لە پاش شۆڕشی ژیناوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، وەک ئەو گۆڕانانەی بەسەر پرسی ژناندا هاتووە و هەروەهاش پرسی نەتەوەکانی تری ئێران، بێجگە لە فارس، ئەم شۆڕشە بووە مایەی یەگرتنی ئەو دوو بکەرە سیاسییە و ترسی دەسەڵاتدارانیش کە چییدی نەتوانێت پێداگری لەسەر ئەو جۆرە ڕوانینە کۆمەڵایەتیانە بکات کە پێشتر هەیبووە. لە ڕووی سیاسیشەوە، شۆڕشی ژینا توانیویەتی حکومەتی ئێران دووچاری بنبەست بکات، لەو ڕوانگەیەوەی ئەو هێز و تینەی لە شۆڕشی ژینادا بینیویەتی، تا ئێستاش کاریگەرییەکانی بەدی دەکات."

شلێر باپیری، لەوبڕوایەدایە کە کۆمەڵگەی سیڤیل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چالاک و کارایە و بە دوریشی نازانێت لە ئایندەدا کاریگەریی هەبێت بەسەر بڕیارە سیاسییەکانەوە و وەک باسی دەکات "بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵگەی سیڤیلی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە خەباتی ئێستای ناوەوە و دیاسپۆراشدا بە جۆرێک لە جۆرەکان تەواوکەری یەکترن؛ وەک لە شۆڕشی ژینا و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا بینیمان بە شێوەیەکی تەواو سیڤیلیانە، ئەو شۆڕشە ئەنجامدرا، خەڵک بە شێوازێکی زۆر سیڤیلیانە داوای ماف و دادپەروەرییان دەکرد، بەڵام ئەوە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو بە چەک وەڵامی دەدایەوە."

ئەمین سورخابی، جەخت دەکاتەوە لەوەی کاریگەرییەکانی شۆڕشی ژینا و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، جیاوازییان هەبووە لە کوردستان و لە بەشەکانی تری ئێراندا و دەڵێت "لە کوردستاندا ویست و داخوازییەکانی ڕێکخراوە سیڤیلییەکان تا ئەندازەیەکی زۆر لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا یەکیان دەگرتەوە و لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا، هاوئاهەنگ بوون، بەڵام لە یەكێک لە قۆناغەکانی ئەو شۆڕشەدا، ڕێکخراوە سیڤیلییەکان بۆ خۆیان خاوەن بڕیار بوون و تەنانەت لیستی ڕێکخراوە سیڤیلییەکان زاڵ بوو بەسەر ناوەندی هاوکاریی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا."

ئەمین سورخابی، لە دامەزراوەی چار دەڵێت "ئەو چالاکییەی ڕێکخراوە سیڤیلییەکان لە کوردستاندا هەیانبووە، لەناو بەشەکانی تری ئێراندا بەدی نەدەکرا؛ ئەو چالاکوانانەیش کە لە ناوەوەی ئێراندا بوون جیاوازبوون لە هەڵوێستی چالاکوانانی تری ئێرانی کە لە دەرەوە بوون و مەبەستم لە چالاکوانانی غەیرە کوردە."

شلێر باپیری، سەبارەت بە شۆڕشی ژینا لە پەیوەندی بە خەباتی ژنانەوە، دەڵێت "بەڕاستی دەرگایەکی نوێی کردەوە بە ڕووی خەباتی ژناندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا. بەتایبەتیش بۆ ژنی کورد، بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی وەهای کرد ژنی کورد لە چوارچێوەی پێناسەی ژنی ئێرانیدا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بێتە دەر و دەستەواژەیەکیش بە ناوی ژنی کوردەوە بێتە ناو بوارەکانی نوسین و شرۆڤە و ئەکادیمیاییەوە؛ هەربۆیە ئەم بزووتنەوەیە توانی ببێتە دەرفەتێکی زێڕین و خەبات و بزووتنەوەکانی ژنانیشی بردە قۆناغێکی نوێوە کە گەڕانەوەی بۆ نییە و هاوکاتیش ئاماژەیەک بێت بۆ خەباتی ژنانیش لە ئێراندا تا دانبنێت بە شوناسی ژنی کورددا."

ئایا شۆڕشی ژینا چەندێک توانی لە کوردستان و لە ئێراندا یەک گوتاریی دروست بکات؟

شلێر باپیری دەڵێت "لە سەرەتاکانی شۆڕشدا بێگومان توانیبووی هاوڕایی و یەکڕیزییەک لە ئاستی گوتاردا دروست بکات، بەڵام لە ڕووی کردەییەوە هێشتا هەر لاواز بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و کەمبوونەوەی دەنگی شەقام؛ ئا لەوێوە دەردەکەوێت یەکێک لە دەردەکانی ئۆپزسیۆنەکان بریتییە لە نایەکگرتوویی و نەبوونی یەک گوتارییە؛ ڕاستە هەر لایەنێکی سیاسی بەرنامەی تایبەتی خۆیی هەیە، بەڵام دەبێت بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لە سەرو هەموو شتێکەوە بووایە، مەخابن لایەنەکان نەیانتوانی ئەو هیوا بەهێزە بە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەن کاتێک ئەوان لەسەر شەقامن، ئەمانیش لە دەرەوە یەک دەنگ دەبن و دەشبنە ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێز لەبەردەم جیهانی ڕۆژئاوادا و پشتیوانییان لێبکرێت."

هێزە ئاسایشییەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەندان ناوچەدا جێگیر دەکرێن وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری ڕوودانەوەی خۆپیشاندان و بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی خەڵک لەم دووهەم ساڵیادەی شۆڕشی ژینادا.

دەسەڵاتدارانی ئێران، ڕێگەیشیان گرتووە لە باوانی ژینا ئەمینی لەوەی بچنە سەر دوا مەزاری ژینا لە گۆڕستانی ئایچی لە شاری سەقز.

ژینای تەمەن 22 ساڵ لەلایەن ئەو هێزی پۆلیسەی لە ئێران بە پۆلیسی ئیرشاد ناودێر دەکرێت، لە 13ی مانگی 9ی ساڵی 2022دا دەستبەسەر دەکرێت و بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوەی، ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت و ڕۆژی 16ی مانگی 9ی هەمان ساڵ هەواڵی گیان لەدەستدانی ڕادەگەیەنرێت.

XS
SM
MD
LG