Accessibility links

وەڵامی ئەمەریکا بۆ سەرۆکی ئێران: ئێمە بە کردەوەکانیان بڕیار لەسەر ئێران دەدەین نەک بە قسەکانیان


ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە، لە وەڵامی قسەکانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران سەبارەت بە "برایەتی" ئێران و ئەمەریکا وتی "کۆماری ئیسلامی دەتوانێت برایەتی خۆی لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی تردا بە کردەوە بسەلمێنێت نەک بە قسە."

سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ئێمە دوژمنایەتی ئەمەریکا ناکەین، دەبێت کۆتایی بە دوژمنایەتییەکەیان بەرامبەرمان بهێنن لە ڕێی پیشاندانی نیازپاکییەوە بە کردار. ئێمە براین لەگەڵ ئەمەریکاییەکانیشدا."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماتیو میلەر ڕۆژی سێشەممە لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر قسەکانی پزیشکیان گوتی" بە دڵنیاییەوە ئێمە خۆشەویستییەکی زۆرمان بۆ گەلی ئێران هەیە. پەیوەندییەکی یەکجار زۆر لە نێوان گەلی ئەمەریکا و ئێراندا هەیە. ڕەوەندێکی گەورەی ئێرانی لە ئەمەریکادا هەیە و پەیوەندییەکی نزیکی خێزانەکان لەگەڵ یەکدا هەیە کە پێمان وایە بێئەندازە گرنگە."

بەڵام گوتیشی کاتێک کە باس لە ڕژێمی ئێران دەکرێت " ئێمە بە کردەوەکانیان بڕیاریان لەسەر دەدەین نەک بە قسەکانیان."

گوتیشی ئەگەر پزیشکیان بیویستایە برایەتی لەگەڵ ئەمەریکا یان لەگەڵ وڵاتانی تری جیهاندا نیشان بدات "ڕێگای نیشاندانی برایەتی بە لێدوان نییە. بەوەیە کە چەکدارکردن و هاندانی گروپە تیرۆریستییەکان بوەستێنێت، هڵکشانی ئەتۆمی ڕاگرێت و ڕێگری نەکات لە کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی؛ و بەوەیە کە دەستبەرداری پیلانگێڕی بۆ کوشتنی نەیارانی سیاسی بێت، وازبهێنێت لە گواستنەوەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا و لە کۆتاییدا سەرکوتکردنی مافە مرۆییەکانی گەلانی خۆی ڕاگرێت."

کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین ساڵە داواکانی ڕۆژئاوای ڕەت کردووەتەوە بۆ سنووردارکردنی بەرنامە موشەکییەکەی.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەفتەی ڕابردوو ئێرانییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی گواستنەوەی موشەکی باڵیستیکی بۆ ڕووسیا تاوەکو لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت، سزای نوێیان سەپاند بەسەر مۆسکۆ و تاراندا.

پزیشکیان وتی " ئەگەر موشەکمان نەبێت ئەوا ئەوان هەر کوێیەکیان بوێت بۆردومانمان دەکەن، هەر وەکو غەززە."

هەروەها جەختی لە هەڵوێستی فەڕمی ئێران کردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد " سەرەتا چەک لە ئیسڕائیل بسەننەوە پێش ئەوەی هەمان داوا لە ئێران بکەن."

پزیشکیان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی دووشەممە گوتیشی تاران هەرگیز دەستبەرداری بەرنامە موشەکییەکەی نابێت هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 دەداتەوە.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. ترامپ لەو کاتەدا وتی ڕێککەوتنەکە زۆر باش بووە بۆ تاران. ئەمەش وایکرد تاران بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێککەوتنەکەدا پشتگوێ بخات.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ساڵی 2021 دا وەکو سەرۆکی وڵاتەکە دەستبەکاربوو، هەوڵیدا گفتوگۆ بکات بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا سنووردار دەکرد و لە بەرامبەریشدا سزاکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانی لەسەر لادەبرا.

بەڵام تاران ڕەتی کردەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتندا گفتوگۆ بکات و بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێی نێوەندگرە ئەوروپایی و عەرەبەکانەوە کاری دەکرد.

سەرچاوە: کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، رۆیتەرز، فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG