لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا "بۆ ڕێگریکردن لە برسیێتی" بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانکاری کەشوهەواوە، حکومەتی زیمبابۆی ڕایگەیاند بڕیاریداوە بە سەربڕینی 200 فیل بۆ ئەوەی خۆراکی ئەو هاوڵاتیانەی دابینبکات کە ڕووبەڕووی برسیێتی بوونەتەوە.
هەروەها حکومەتی نامبیا ڕەزامەندی داوە بە سەربڕینی 723 ئاژەڵی کێوی کە پێکهاتوون لە 83 فیل و 30 ئەسپی ڕووبار و 60 گامێشی کێوی و 50 ئاسک لە جۆری ئیمپالا و 300 زبڕا (گوێدرێژی کێوی) و 100 ئاسکی جۆری ئیلاند.
هەنگاوەکە ناڕەزایی توندی ڕێکخراوەکانی پاراستنی ئاژەڵ و ژینگەی لێکەوتووەتەوە، بەڵام هەردوو حکومەتەکە دەڵێن بەردەوامی وشکەساڵی و گەرما ناچاریکردوون بڕیارەکە بدەن.
تیناشێ فاراوۆ، وتەبێژی پارکە نیشتیمانییەکانی زیمبابۆی، دووشەممە ڕایگەیاند، گۆشتی فیلەکان بەسەر ئەو هاوڵاتیانە دابەشدەکرێت کە هەژارن. وتی، " دوای دەرکردنی مۆڵەت، دەستبەجێ دەستدەکەین بە ڕاوکردن و سەربڕینی فیلە هەڵبژێردراوەکان."
ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس دەڵێت بەرپرسانی زیمبابۆی بڕیاریانداوە فیلەکان لەو ناوچانە بکەنە ئامانج کە تێیاندا مرۆڤ و ئاژەڵە کێوییەکان پێشبڕکێیەکی توندی کۆکردنەوەی خۆراک و ئاو لەگەڵ یەکتر دەکەن.
دەشڵێن ژمارەی گشتی فیلەکان لە زیمبابۆی بەرزبووەتەوە بۆ 100 هەزار فیل، کە دوو هێندەی توانای بەخێوکردنی پارکەکانی وڵاتەکەیە.
وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا
ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی نەتەوەیەکگرتووەکان مانگی شەش ڕایگەیاند، گەرمبوونی کەشوهەوا و وشکەساڵی کاریگەری خستووەتە سەر زیاتر لە 30 ملیۆن کەس لە باشووری ئەفریقا.
بەرپرسانی ناوچەکە وشکەساڵی ئەمساڵ بە "وێرانکەر" دادەنێن، بەتایبەت بەهۆی دیاردەی گەرمبوونی ڕووی زەریای هێمن.
بەرپرسانی زیمبابۆی دەڵێن بەهۆی وشکەساڵییەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 100 فیل گیانیان لەدەستداوە و پێشبینی دەکەن ژمارەی مردنی ئاژەڵە کێوییەکان بەهۆی کەمی خۆراک و ئاوەوە زیاتر ببێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا کاتێک پلەکانی گەرما لە وڵاتەکەدا بەرزتر دەبنەوە.
وەزیری ژینگەی زیمبابۆی، سیزێمبیسۆ نیۆنی، هەفتەی ڕابردوو بە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوت، "لە گفتوگۆداین لەگەڵ بەرپرسانی پارکە نیشتیمانییەکان بۆ ئەوەی هاوشێوەی وڵاتی نامبیا دەستبکەین بە پرۆسەی ژماردنی فیلەکان و دەستنیشانکردنی چەند ئافرەتێک بۆ ئەوەی گۆشتی فیلەکان وشکبکەنەوە و بیخەنە ناو پاکەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابین دەگاتە دەست ئەو کۆمەڵگانەی کە پێویستییان بە پرۆتینە."
وەزارەتی ژینگە و دارستان و گەشتوگوزاری نامبیا سەرەتای ئەم مانگە ڕایگەیاند 150 ئاژەڵی کێوییان سەربڕیوە و نزیکەی 57 هەزار کیلۆ گۆشتیان لەم ڕێگەیەوە بەدەستهێناوە.
فەرای ماگوو، سەرۆکی ڕێکخراوی سەنتەری بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانی زیمبابۆی ڕەخنەی توندی لە بڕیارەکەی حکومەت گرتووە و دەڵێت دەستەڵاتداران دەیانەوێت بە بیانووی وشکەساڵی فیلەکان بکوژن بۆ بەدەستهێنان و فرۆشتنی عاجی فیل کە لە جیهاندا گرانەبەهایە.
فەرای ماگوو لە تۆڕی ئێکس نوسیویەتی، "هەندێک کەس چاویان لەسەر دەرفەتێکە بۆ فرۆشتنی عاج بە شێوەیەکی نایاسایی و لە ڕێگەی فڕۆکەی تایبەتەوە ڕۆژانە هاتوچۆی ناوچەکە دەکەن. ئەگەر هاوشێوەی کانزا بەنرخەکانی وڵات تاڵان بکرێن، بەم زووانە هیچ فیلێکمان نامێنێت باسی بکەین."
فیل یەکێکە لەو گیاندارانەی مەترسی لەناوچوونی لەسەرە بەهۆی ڕاوکردن و وێڕانکاری لە ژینگەکەیەوە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن تەنها سەدەی ڕابردوو نزیکەی 90٪ فیلەکان لەناوچوون. پێشبینی دەکەن ژمارەی فیلەکان ئێستا لە سەرانسەری زەوی کەمتر بێت لە 500 هەزار بەهۆی ڕاوکردنیان بۆ گۆشت و عاجەکانیان، بە تایبەت لە وڵاتانی کامیرۆن و کۆماری ئەفریقای باکور و کۆماری کۆنگۆ و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ.
فیل بە یەکێک لە زیرەکترین گیاندارەکانی سەر ڕووی زەوی دادەندرێت کە خاوەنی گەورەترین قەبارەی مێشکە. ژمارەی دەمارەخانەکانی مێشکی فیل پێکهاتووە لە 257 ملیار دەمار، کە سێ ئەوەندی دەمارەخانەی مێشکی مرۆڤێکی ئاسایی یە. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە فیلەکان لە نێوان خۆیاندا ئامراوی ئاخاوتنی ئاڵۆز بەکاردەهێنن و خاوەن سۆز و هەڵسوکەوتی بەهێزی کۆمەڵایەتین.