Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی 42 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیاییان لەناوبردووە


ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ڕووسیا لە نیوەشەودا بە 42 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی سەرتاسەری وڵات و بەرگری ئاسمانی سەرجەم ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لەناوبردووە.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند کە مووشەکێکی ڕووسیایی خراوەتە خوارەوە.

سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە ڕووسیا هێرشی کردووەتە سەر چێرکاسی، دنیپرۆپێترۆڤسک، خێرسۆن، کیرۆڤۆهراد، کیێڤ، میکۆلایڤ، ڕیڤنێ، ڤینیتسیا و ژیتۆمیر.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش ڕایگەیاند، 2 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کورسک و 1 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بێلگۆرۆد خراونەتە خوارەوە.

دوایین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن هەردوولاوە دوای ڕۆژێک لە هێرشەکەی ئۆکرانیا بوو لە شاری تیڤەری ڕووسیا کە ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە و خەڵکی ناوچەکەی چۆڵکرد.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، یوری پۆدۆلیاکای نووسەری بلۆگی سەربازی، کە لە ئۆکرانیا لە دایک بووەو لایەنگری مۆسکۆیە، ڕایگەیاندووە، عەمباری تەقەمەنی سوتاوە و بووەتە هۆی تەقینەوە.

ئیگۆر ڕودێنیا، فەرمانڕەوای دەڤەری تڤێر بە تێلێگرامی ڕاگەیاند، ئاگرەکە بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە، بەڵام دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە دوایین وتارەکەیدا باسی ئەو تەقینەوەیەی نەکرد، بەڵام ڕایگەیاند کە ئەنجامێکی گرنگیان لەسەر خاکی ڕووسیا بەدەستهێناوە.

دەزگای ئەمنی دەوڵەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە مووشەک و تۆپ و بۆمب لە کۆگاکەدا هەبووە.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز، ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG