Accessibility links

ئەندامێكی كۆمیتەی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی کوردستان لە شەڕێکدا لەگەڵ سوپای پاسداران دەکوژرێت   


بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بەهۆی شەڕ و پێكدادانی نێوان سوپای پاسدارانی ئێران و هێزەكانی كۆمەڵەی زەخمەتكێشانی كوردستان، ئەندامێكی كۆمیتەی سەركردایەتی ناوەندی كۆمەڵە، کوژراوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو ئەندامەی کۆمیتەی سەرکردایەتی کە لە شەڕەکەدا کوژراوە ناوی ڕێبوار كەریمیانە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێمجشەممە 19ی مانگی 9 بەهۆی دروست بوونی شەڕو پێكدانەوە لە گوندەكانی ئوسكوڵ و سیاناو لە ناو خاکی ئێران، ئەندامێكی كۆمیتەی سەركردایەتی كۆمەڵەو بەرپرسی مەفرەزە بەناوی ڕێبوار كەریمیان كوژرا.

سەرچاوەیەكی باڵا لە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " لە كاتژمێر 12 ی شەوەوە تاوەكو ئێستا، شەڕ لە نێوان مەفرەزەیەكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سوپای پاسداران لە گوندەكانی ئوسكوڵ و سیاناو بەردەوامە."

ئەو سەرچاوە باڵایەی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتیشی،" لەشەڕەكەدا ڕێبوار كەریمیان ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی كۆمەڵە و بەرپرسی مەفرەزەكە كوژراوە، لە سوپای پاسدارانیش سێ پاسدار کوژراون و دەیان بریندار هەن و بە دە ئامبوڵانس گوازراونەتەوە" .

لەبەشێک لە میدیا كوردیەكان هەواڵی كوژرانی ئەمجەد حوسین پەناهی بەرپرسی هێزە سەربازیەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بڵاو بوویەوە، بەڵام دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی پێوەکرد و خۆی هەواڵی کوژرانەکەی بە درۆ خستەوە و گوتی "سەلامەتە."

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران ڤیدۆی كوژرانی ڕێبوار كەریمیانی بڵاوكردەوە و دەڵێت،" ڕیبوار کەریمیان ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی و فەرماندەیەکی دیاری سەربازیی کۆمەڵەیە کە بەشێوەی تیمێکی تیرۆرکردن هەوڵی هاتنە ناو وڵاتەکەی دەدا لە بۆسەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کەوتە بۆسەیەک و گیانی لەدەست دا."

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم هیچ زانیاریەكی لەسەر ژمارەی كوژراو بریندارەكانی سوپای پاسداران بڵاو نەكردوەتەوە .

XS
SM
MD
LG