هەرچەندە بڕیاربوو ڕۆژی 16 ی مانگی نۆی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات، بەڵام بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان بە هۆکاری پەسەندنەکردن و یەکلایینەکردنەوەی ناو و لیستی کاندیدەکان بانگەشە دەستیپێنەکرد. هاوکات کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بە مەبەستی ڕێکخستنی پرۆسەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان چەند ڕێنماییەکی دەرکرد.
دەپرسین:
ئایا ئەو ڕێنمایییانەی کۆمسیۆن دەریکردوون چ جیاوازییەکیان هەیە لەگەڵ ڕێنماییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دانرابوون؟
ئایە ئەو ڕێنماییانە دەتوانێت پرۆسەکانی بانگەشە بێگرفت ڕێکبخەن؟
هەتا چەند لایەنەکان پەیوەست دەبن بەو ڕێنماییانە و هەتا چەند شیانی جێبەجێکردنیان هەیە لەلایەن لیست و کاندیدانی بەشداربوو؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
سەربەست ئامێدی، سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێری دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەروەها سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنەکانی عێراق
هۆشیار سەلام مالۆ، یاساناس و بەرپرسی ڕێکخراوی کوردستان بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ.
هاوڕێ تۆفیق، شارەزای بواری هەڵبژاردن.
سەربەست ئامێدی:
ئێستا لەلایەن بەشێک لەکاندیدی لایەنە سیاسییەکانەوە پێشێلکاری و بانگەشەی پێشوەختە دەبینرێت، هەرچەندە ئەوە پێچەوانەی یاسا و ئەو ڕێنماییانەیە کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەریکردوون، دەبوو کۆمسیۆن هەندێک سزای بەسەر ئەو کاندیدانە بدایە، کەمێک درەنگە، بەدڵنیایی سزاکانیش هەتا توند بن باشترە بۆ ئەوەی ئەو پێشێلکارییانە دووبارە نەبنەوە.
ئەگەر من ئێستا لە پۆستی سەرۆکی کۆمسیۆن بوومایە، ئیعازم دەدا بە ئۆفیسی پارێزگاکان کە بە زوویی ڕاپۆرتی پێشێلکاری ئەو کاندیدانەمان بۆ بنێرن و بیدەنە ئەو لیژنە باڵایەی کۆمسیۆن هەتا ئەوانیش وردبینی تێدا بکەن و دواتر بەرزی بکەنەوە بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران هەتا ئەنجومەنیش بەپێی ڕێنماییەکان سزای پێشێلکاری کاندیدەکانی دەربکردایە، دەبێت ئەو سزا یا بڕیارەش لە سایتی کۆمسیۆن بە ئاشکرا ڕابگەیەنرێت.
بەبۆچونی من دەستپێنەکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە 16ی مانگ بڕیارێکی عاقڵانەی کۆمسیۆنە، چونکە بەداخەوە لە نێوان حزبەکان زمانێکی زۆر توند و زبر و(خیداعی) هەیە، ترس هەیە ئەم زمانە زبرە ببێتە هۆی ئەوەی لە شوێنێکدا هاوشێوەی ساڵی 1994 لەسەر ئاڵایەک ببێتە شەڕ کە هەتا ئێستاش خەڵکی ئێمە بە شوێنەوارەکانیەوە دەناڵێنێ، بۆیە دواخستنی بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆر پەیوەندی نییە بە پەسەندکردنی ناو و لیستی کاندیدان چونکە هەڵبژاردنی پێشوو ئەو پرۆسەیە تەواو نەبوو و هەڵمەتی هەڵبژاردنیش دەستیپێکرد، بۆیە دواخستنی بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بڕیارێکی عاقڵانەی کۆمسیۆنە، لە هەمان کاتدا ترسە لە دروستبوونی توندوتیژی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان.
هاوڕێ تۆفیق:
سەبارەت بە ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن بۆ کەمپەینی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنی هەرێم دانراوە، یاسای هەڵبژاردنی کوردستان جیاوازە لەوەی عێراق، چونکە لە یاساکەی کوردستان دەڵێت، ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن لەو ڕۆژەوە دەستپێدەکات کە ناو و لیستی کاندیدەکان پەسەند دەکرێت، بەڵام لە یاساکەی عێراق دەستکراوەیی دراوە بەکۆمسیۆن کە دەتوانێت پێش پەسەندکردنی ناو و لیستی کاندیدەکان بڕیاری دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بدات، ئێمە کێشەی ڕێنمایی و یاسامان نییە لە کوردستان لەسەر کاغەز ڕێنمایی و یاسای تەواو و جوانن، بەڵام جێبەجێکردنییان کێشەی هەیە، ئەوەی بە نامۆی دەزانم لە کوردستان و عێراقیش ئەوەیە کە حزبەکان باسی خۆیان ناکەن بەڵکو باسی کەموکوڕی حزبی بەرامبەری دەکات، باسی ئەوە ناکات کە بەرنامە و کەشکۆڵەکەی خۆی چی تێدایە؟ لە کاتێکدا لە وڵاتانی تر حزبە سیاسییەکان و کاندیدەکان ڕووناکی و تیشک دەخەنە سەر بەرنامەی خۆیان بەوە دەناسرێن، بەڵام لە کوردستان و عێراق کاندید و حزبەکان هێرش دەکەنە سەر حزبی بەرامبەر واتە کێ هێرشبەرێکی باش بێت بەو جۆرە دەناسرێت، بۆیە من پێموایە ئەوە پەیوەندی بە فەرهەنگەوە هەیە نەک ڕێنمایی و یاساکان، واتە کێشەی یاسا و ڕێنمایمان نییە لەکوردستان.
سەبارەت بەدەستپێنەکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن، پەیوەندی هەیە بە دوو هۆکار، یەکەم، پەسەندنەکردنی ناو و لیستی کاندیدان چونکە بە ڕاستی ئەوە پرۆسەیەکی دورودرێژ و تاقەت پڕوکێنە لەبەر ئەوەی ئێمە حکومەتێکی ئەلیکترۆنیمان نییە و شتەکان هەمووی بە پۆستە.
دووەم هۆکار، بەڵێ کۆمسیۆنیش تێگەیشتنی هەیە بۆ ئەو دۆخە دەزانێت، هەتا ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن درێژبێت کێشە و گرفت زیاتر دەبێت، جگە لەوەی کە ئەرک و خەرجییەکی زیاتر لەسەر حزب و کاندیدەکان دروست دەکات هەتا ئەو وادەیە درێژتر بێت.
بەبۆچونی من بانگەشەی هەڵبژاردن لە دوو هەفتە هەتا سێ هەفتە زیاتر نەبێت، چونکە کاندید و حزبێک نەتوانێت بەو ماوەیە خۆی و بەرنامەکەی نەناسێنێت بە سێ مانگی بانگەشە ناتوانێت بە تایبەت لەم سەردەمی سۆشیاڵ میدیایەدا کە جاری وەها هەیە ڤیدیۆیەکی چەند چرکەیەیی دەبێتە ترەیند.
ئەوەی دەمەوێت بڵێم، ئەوەیە کە پێویستە حکومەت و شارەوانییەکان بە جورئەتەوە شوێنی دانانی وێنە و پۆستەر و ئاڵای کاندید و لیستەکان لە چەند شوێنێک دیاری بکەن، نەک ئەوەی لە کوردستان دەبینرێت، بە تایبەت لە سەنتەری شارەکان و شوێنە گشتییەکان، کە ئەگەر کەسێکی بیانی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن سەردانی شارەکانی کوردستان بکات وەها دەزانێت فێستیڤاڵ یان شۆڕش و کودەتا ڕوویداوە، بۆیە ئەمە پەیوەندی هەیە بە تێکدان دیزانی شارەکان، دەبێت حکومەت و شارەوانییەکان بە جورئەتەوە بڕیار بدات بۆ هەموو حزب و کاندیدەکان شوێن دیاری بکات نەک بۆ حزبێک قەدەغەی بکات و بۆ حزبێک ڕێگەبدات.
پارێزەر هۆشیار سەلام مالۆ:
یەکێک لە تایبەتمەندی و جیاکەرەوەکانی ئەم هەڵبژاردنەی ئەم جارە دەستپێکردنی بانگەشەی پێشوەختەیە، هەرچەندە هێشتا بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێنەکردووە، بەڵام لایەنەکان دەستیانپێیکردووە، دوێنێ شەو لەبەر هۆڕنی ئۆتۆمبێل نەمانتوانیووە بخەوین، ئەم کارانە وەها دەکەن خەڵک ئەگەر پێشتر ویستبێتی دەنگبدات ئێستا لە ڕقی ئەو کارانەیان دەنگییان پێنادات، دوای ئەوە زۆربەی دەنگدەر خۆی یەکلاییکردووەتەوە دەنگ بە چ لایەن و کێ دەدات ئەمانە یان هەڵواسینی وێنەی گەورە بە فلتەرکراوی کاریگەری نابێت لەسەر دەنگدەر کە دەنگ بەو کەس و لایەنە بدات.
هەروەها جیاوازییەکی تری ئەم هەڵبژاردنە کە زۆر جیاوازە، پشتبەستنە بە تریندی سۆشیاڵ میدیا، بۆ نمونە قسەیەک شتێک دەوترێت بۆ سۆشیاڵ میدیا وەک زابێ خودێ کە ئێمە و خەڵک تێدەگەین، ئەوانیش خۆیان باش دەزانن کە ڕێگا کلاسیکیەکەی جاران، هەڵواسینی وێنە و ئاڵا و لۆگۆی حزبەکانیان وەک جاران کاریگەری نەماوە بۆیە پەنا دەبەنە بەر ترەیندی سۆشیاڵ میدیا کە کاریگەری زیاترە، لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر حزب و کاندیدەکان نەیاندەزانی ئەم ڕێگایە وەک ئەم جارە بەکاربهێنن.
شتێکی تر کە تێبینی دەکەین و باس ناکرێت، بەکارهێنانی سەرچاوەکانی حکومەت و ماڵی گشتییە بۆ بانگەشەی حزب و لایەنێک، لە کاتێکدا ئەوە ماڵی گشتیە نەک هی حزبێک ئەوە دەچێتە چوارچێوەی گەندەڵییەوە یان لادانی بەڕێوەبەری فەرمانگە و بەشەکانە،کە لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بە تایبەت لە هەولێر و سلێمانیش بەدیدەکرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی کەسانی سەر بە خۆیان دابنێن هەتا دەنگی فەرمانبەرانی ئەو دائیرە و بەشانە بۆ حزبەکانیان مسۆگەر بکەن.
لە ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن هاتووە کە نابێت هیچ حزبێک حزبێکی تر تۆمەتبار بکات بە خیانەت (تەخوین)بکات، بەڵام ئێستا کە بانگەشە دەستیپێنەکردووە کەچی حزبەکان دەستیان کردووە بە تەخوینکردنی یەکتر، ئەمەش بەپێی ماددە چوار لەو ڕێنماییانەی کۆمسیۆن دەریکردووە، من داوا لە کۆمسیۆن دەکەم هەر حزب و کاندیدێک پێچەوانەی ئەو ڕێنماییانە کاری کرد سزای بدات بەپێی ڕێنماییەکانی خۆی، وە ناوی کاندید و حزبەکەش کە سزای داون بڵاوبکاتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ بەرپرسێکی باڵا دانیشتبووم، باسی ئەم هەرێمە و حکومەتمان دەکرد، ئەو بەرپرسە وتی، حکومەت چاک نابێت هەتا حزبەکان چاک نەبن، وتم کەی حزبەکان چاک دەبن؟ وتی، هەرگیز حزبەکان چاک نابن.
ئەوەی لەم هەڵبژاردنە ترسمان لێی هەیە، دروستکردن و بڵاوکردنەوەی مەلەفاتی کەسییە، بە تایبەت بۆ خانمانی کاندید، کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بینیمان دیارە ئەمە زیاتر بەرامبەر خانمان دەکرێت، ئەگەر نا بەرامبەر کاندید و کەسێک ناکرێت کە فەوج و کەسێکی چەکداری لەگەڵ بێت، ئەو مەلەفانە وەها دەکەن کە داهاتووی سیاسی ئەو کاندید و کەسە وێران بکات، من بەرپرس یان دەسەڵاتدار یان سەرۆکی کۆمسیۆن بوومایە وەک ئەوەی ئێوە پرسیارتان کرد چیمدەکرد، ئەوا بە یاسا و ڕێنمایی نەک میزاجی کەسی خۆم، بە پلەبەندی سزای سیاسی هەر حزب و کاندیدێکم دەدا بە تایبەت لە بابەتی تەخوینکردنی یەکتر یان بڵاوکردنەوەی مەلەفات و ڤیدیۆ و دەنگی یەکتر، ئەو سزایانە هەتا ڕاگرتنی ئەو حزب و کاندیدە لەکار هەتا بێ بەشکردنی لە هەڵبژاردن، بەڵام بێن بۆ ئەم کارانە بڵێن بە چەند ملیۆن دینارێک حزبێک سزا دەدرێ، حزبێک گوێی لە چەند ملیۆن دینار نییە سزای پێبدرێت.
هەم وەک پارێزەرێک و هەم بەپێی ئەو ئەزمونەی هەمانە وەک ڕێکخراوەکەمان کە لە 2005 وە چاودێری هەموو هەڵبژاردنەکانمان لە عێراق و هەرێم کردووەمە دەبوو سزاکانی پێشێلکاری لە هەڵمەتی هەڵبژاردن توندتربوونایە.