ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ "بەبێ" پاڵپشتی دارایی و مرۆیی دەیانەوێت ڕکابەری هێزە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکان بکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن لەبەردەم "تەحەدای گەورە"دان و گۆڕەپانی ڕکابەرێتییەکە بۆ ئەوان بەرتەسکترە.
لایەنە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەکان لە ڕێگەی تەرخانکردنی بودجەو پاڵپشتی مرۆیییەوە پشتگیری بەهێزی کاندیدەکانیان دەکەن، لەکاتێکدا کاندیدە سەربەخۆکان زیاتر چاویان لەسەر پشتگیری دۆست و کەسوکاریانە.
دلێر کەریم، یەکێک لە کاندیدە سەربەخۆکان کە لەسەر بازنەی سلێمانی خۆی بۆ پەرلەمانی کوردستان کاندیدکردووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"رکابەرێتییەکە بۆ کاندیدە سەربەخۆکان زۆر قورسەو تەحەدایەکی گەورەشە، چونکە ئێمە توانای دارایی و مرۆییمان لاوازەو تەنها چاومان لەسەر پاڵپشتی دۆست و کەسوکارە."
بڕیارە لە ڕۆژی 20 ی مانگی دەی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، سەرباری دیاری نەکردنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، بەڵام لایەن و کاندیدەکان هەڵمەتی بانگەشەی پێشوەختیان دەستپێکردووە.
دلێر کەریم وتی،"کاندیدی لایەنە دەسەڵاتدارەکان بودجەو تەنانەت فەرمانگە حکومییەکانیش دەخرێتە خزمەتییانەوە بۆ کاتی بانگەشە. کاندیدی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش کەناڵی ڕاگەیاندن و پەرلەمانتارانی پێشووی پارتەکانیان پاڵپشتییان دەکەن، بەڵام کاندیدە سەربەخۆکان بێ پاڵپشتن."
هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بودجەی تایبەتیان بۆ کاندیدەکانیان بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن تەرخانکردووە، ئەمە جگە لە پاڵپشتیکردنی مرۆیی و ڕاگەیاندن و هەڵواسینی فلێکس و پۆستەر بۆیان.
بڕیارە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەر کاندیدێک بڕی 18 هەزار دۆلار بەسێ گوژمە تەرخان بکات، بەڵام تا ئێستا هەر کاندیدێکی ئەو حزبە گوژمەی یەکەم و بڕی شەش هەزار دۆلاری پێدراوە، ئەمەش بەپێی سەرچاوەیەکی ئەو حزبە.
کاندیدانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن داوای بڕی بیست ملیۆن دیناریان بۆ هەر کاندیدێک کردووە، بەڵام تا ئێستا دوو ملیۆن دینار دراوە بەهەر کاندیدێک و چاوەڕوان دەکرێت هەر کاندیدێک دە ملیۆن دیناری پێبدرێت.
هەندێک لە کاندیدەکانی یەکێتی و پارتی بە تایبەت ئەوانەی لە ئێستاو رابردوودا پۆستی حزبی و حکومییان هەبووە، پارەی زیاتر لەبەردەستیاندایە تا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە چوارچێوەی کەمپینەکانیاندا خەرجی بکەن.
ئارام محەمەد، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی بە یەک چاو مامەڵە لەگەڵ کاندیدەکانی دەکات لە ڕووی پاڵپشتی کردنەوەو، بەڵام کاندید هەیە پلەو پۆستی هەبووەو کۆمەڵێ ئیمتیازی زیاتری هەیە و بۆ کاتی بانگەشە سودی لێ وەردەگرێت."
لاوازی توانای دارایی و مرۆیی کاندیدە سەربەخۆکان و پاڵپشتی بەهێزی کاندیدی لایەنە دەسەڵاتدارەکان لەکاتێکدایە، کاندیدی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و بودجەیەکی دیاریکراوو چاپکردنی فلکێس و پۆستەرەوە پاڵپشتی دەکرێن.
کاندیدێکی بەرەی گەل بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پۆستەرو فلێکسمان بۆ چاپ دەکرێت، بەڵام تەنها هاوکارییەکی ڕەمزی دارایی دەکرێین."