Accessibility links

پەرلەمانتاران: هەفتەی داهاتوو دوایین وادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەرێم لەسەر تێبینەكانی بەغدا لەسەر موچە


موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان لە چاوەڕوانی موچەی مانگی هەشتدان و گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێمیش بەردەوامن، بەڵام ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، موچەی مانگی 8 لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە نێردراوە، بەڵام حكومەتی هەرێم موچەی مانگی 7ی پێدابەشكردووە. حكومەتی ناوەندیش لە چاوەڕوانی دواین كۆبوونەوەدایە تا پرسی موچە و تێبینییەكان جێ بەجێ كرابن و كێشەی موچە چارەسەر ببێت.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند "موچەی مانگی 7 ، 600 ملیار دیناری لێبڕدراوە و موچەی مانگی 8ی پێدابەشكراوە، بەڵام موچەی سەربازیی مانگەكانی 7 و 8 نەهاتووە."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت "پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوگرفتانەی لە موچەی مانگەكانی پێشوو تا مانگی 7 هەبوون، چارەسەریان بكات،كە ماوەیەك درابوو بە حكومەتی هەرێم بۆ لابردنی ناوە دووبارەكان و تۆماركردنی بایۆمەتری و ژمارەی پلەی وەزیفی موچەخۆران، كە لە لیستەكاندا نەبوون، تا كێشەی لیستە سەربازیەكانی 7 و 8 چارەسەر بكرێت، پاشان لیستی موچەی مانگی 9 بنێردرێت بۆ بەغدا، كە بەهۆی جێ بەجێ نەكردیانەوە 600 ملیار دیناری مانگانەی لێ بڕدراوە".

وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ، ڕۆژی پێنج شەمە ڕونكردنەوەیەكی لەسەر موچە بڵاوكردەوە و دەڵێت، " وەزارەتی دارایی پابەندبوونی خۆی دووپاتدەکاتەوە، کە مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، چاودێریی کۆمەڵایەتی و سەرجەم هێزە ئاسایشییەکان بە حەشدی شەعبیشەوە لە وادەی خۆی دەدات، بەگوێرەی یاسا و ڕێکخستنە کارپێکراوەکان."

دادگای فیدڕاڵی عێراق 21ی مانگی دووی 2024 بڕیاری دا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان "تەوتین" بكرێت و مووچەجۆران لە ڕێگەی بانكە حكومییە فیدڕاڵیەكانەوە مووچە وەربگرن. بەڵام دوای تێپەڕبوونی 8 مانگ بەسەر بڕیارەكە، پرۆسەكە لەنێوان هەژماری من و تەوتین ماوەتەوە.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" موچەی مانگی 7 و 8 لە بەغدا تەواو بووە و ئامادەكاری دابەشكردنی موچەی مانگی 9 دەكرێت، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوە بۆ موچە خۆران ڕوونبكاتەوە كە موچەی مانگی 7ی چۆن دابەشكردووە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "تا پێش كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بابەتی تەوتین یەكلانەكاتەوە، كە لایەنە شیعی و سونیەكان لە پەرلەمان و ئیدارەی دەوڵەت چاوەڕێی دەكەن، ئەوا موچەی موچە خۆران دەچێتە قۆناغێكی ئاڵۆزە، كە بڕیارە لە كۆبوونەوە هەفتەی داهاتوو، كۆتا كۆبوونەوەی حكومەتی ناوەند و هەرێم بێت لە سەر ئەم بابەتە."

رۆژی 9ی مانگی 9ی 2014 هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە و وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند،"بە هیچ شێوەیەک لیستێک قبووڵ ناکەین کە ناوی زیادەی تێدابێت."

بڕیارە 23ی مانگی 9ی2024، وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا بكەن و لەسەر موچەی مانگەكانی 8 و 9 لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كۆبببنەوە.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی پێنج شەمە ڕایگەیاند،" هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژی دووشەمە، 23ی مانگی 9 ی 2024، شاندێکی حکومەت، بۆ تاوتوێکردنی هەردوو مووچەی مانگی هەشت و نۆ و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی، دەچنە بەغدا."

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان نزیکەی 913 ملیار دینارە.

بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم، پێویستە حكومەتی هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرامبەردا، بەغدا مانگانە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند "ئەگەر ئەو تێبینیانەی كە شاندەکەی حكومەتی عێراق لە هەولێر بە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان داوە، جێبەجێ بكرێن، ئەوا لە هەفتەی ئایندە، پێدەچێت موچەی موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت بۆ هەرێم."

زانیاری زیاتر لەم لینکەدایە

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:27 0:00

XS
SM
MD
LG