Accessibility links

پێشەوا هەورامانی: تیمەکەمان لە بەغدا پرسیار لە بارەی ئەو کورتهێنانە دەکەن کە لە بابەتی موچەدا هەیە 


پێشەوا هەورامانی
پێشەوا هەورامانی

فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانن موچەی مانگاکانی هەشت و نۆی ئەمساڵیان بەسەردا دابەش بکرێت، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت، کورتهێنان لە موچەی موچەخۆراندا هەیە دەبوایە شاندێکی باڵای حکومەت سەردانی بەغدای بکردایە تا چارەسەری کێشەکان بکەن، بەڵام بەهۆی سەفەری دوو وەزیری عێراق سەردانەکە دواکەوت.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تیمێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغداو لیستی موچەی مانگی هەشت و نۆی فەرمانبەرانیان لەگەڵ خۆیان بردووە و دواین گۆڕانکاری بایۆمەتریان لەگەل خۆیان بردووە، هەروەها پرسیار لە بارەی ئەو کورتهێنانە دەکەن کە لە بابەتی موچەدا هەیە و نزیکەی 250 ملیار دینارە کە بۆچی نەنێردراوە، تا ئەو بڕە بنێرن و موچەی مانگی هەشتی پێبدەین."

وتیشی،" کۆبوونەوەکانیان لە ڕۆژی 23ی ئەم مانگەوە دەستپێکردووە تاوەکو ئێستا لە بەغدان هەموو ئەو پرسیار و تێبینی و داواکاریانەی کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ هەیبووە تیمەکەی ئێمە لەگەڵ خۆیان بردوویانە بۆ بەغدا، بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامین بزانین کە لە دوایی ئەم کۆبوونەوانەی تیمی تەکنیکی هەردوولادا دەرئەنجام چی دەبێت و ئەوە مەسەلەی کاتە."

ڕۆژی یەکشەممە 22ی مانگی نۆی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، 243 ملیار دینار لە مووچەی مانگی هەشت کورتهێنانیان هەیە و تەنها 755 ملیار دیناریان لەبەردەستە و چاوەڕوانن ئەو کورتهێنانە پڕبکەنەوە تا موچەی پێ دابەشبکەن، ئەمە لەکاتێکدایە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە موچەی مانگی حەوتی ئەمساڵیان پێدراوە و هێشتا دیارنیە کەی موچەی مانگی هەشت و نۆیان بەسەردا دابەش دەکرێت.

ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای سێ هاوڵاتی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بە چەندین بڕیاری کارگێڕی و دارایی و بڕیاری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمیشی بە حکومەتی عێراق دەرکرد.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە ئەوەش یەکێکە لە گرفتەکانی پێش موچەی موچەخۆران. حکومەتی هەرێم لە بەرامبەردا دەڵێت،" دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی دەبێت لە ڕێگەی سیستەمی هەژماری منەوە بێت." بۆیە تا ئێستا پرۆسەی هەژماری من بەردەوامە و هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ تەوتین کە حکومەتی فیدراڵ داوای دەکات و خاڵێکی گرفتەکانە.

دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەتوانم بڵێم کێشەی موچە چارەسەر بووە بە تایبەت لە دوای بڕیاریی دادگای فیدراڵی عێراق، هەروەها یاسایی بودجەش هەمواری یاساکەی سالی 2024 ، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەند نەبوونی هەردوو حکومەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و بەناوەڕۆکی یاسای بودجە وئەو ڕێکەوتنانەی کە بەردەوام لەنێوانیاندا دەکرێت بەداخەوە گرفت بۆ موچەی موچە خۆران دروست دەکات."

وتیشی،" من پێم وایە کێشەی موچە دەکرێت دوابکەوێت، بەڵام پێشبنی ناکەم موچەی فەرمانبەران بفەوتیت لەبەر ئەوە بەشیکی ڕێکاری ئیداری و کارگێریە و بەشێکیشی پەیوەندی بە ئامادەکردنی لیستەکانە کە هەموومان دەزانین ئەوە لە کۆتایی مانگی نۆداین تازە باس لەوە دەکەن کە لیستی موچەی مانگی هەشت و نۆ ڕەوانە کرابێت، لەبەر ئەوەی کەم کورتی هەبوو و دیوانی چاودێری دارایی تێبینی جدی هەبوو لەسەر لیستەکان، بۆیە هیوادارین ئەو کەم و کورتیانە چارەسەر بکریت و کۆتایی بە کێشەی موچە بێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:18 0:00

XS
SM
MD
LG