ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆک بایدن بۆ دواین جار وتارێک پێشکەش بە سەرەکیترین کۆڕبەندی نێونەتەوەیی دەکات لە بەردەم سەدان سەرکردەیەی کە ساڵانە بۆ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبنەوە.
لیندا تامس-گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "ئێمە هەموو ساڵێک ئەمە دەڵێین، بەڵام کۆبونەوەیەکی ئەم ساڵی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گرنگترین و ئاڵۆزترین کاتتدا ئەنجام دەدرێت."
گوتیشی " لیستی کێشە و شەڕو ناوکۆکییەکان کە پێویستی بە سەرنج و کردار هەیە تا دێت زیاتر دەبێت."
گرنگیترین تەوەری ئەمساڵ غەززەیە، هەڵوێستی ئەمەریکا لەگەڵ باقی ئەنجومەنی گشتیدا هاوتا نییە، کە هەفتەی ڕابردوو بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکی پەسەندکرد و داوایکرد ئیسرائیل لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا کۆتایی بە داگیرکردنی خاکی فەلەستینییەکان بهێنێت. ئەمەریکا لە ڕیزی 14 دەنگی نەخێر بوو بۆ ئەو بڕیارنامەیە.
تامس گرینفیڵد وتی دەنگەکەی ئەمەریکا لەگەڵ دژایەتیی واشنتن بۆ"رێوشوێنی تاکلایەنە کە ئاسۆی چارەسەری دوو ویلایەتی تێکدەدات" دەگونجێت.
شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن بایدن لە وتارەکەی ئەمساڵدا باس لە پشتگیرییەکانی خۆی بۆ ئیسرائیل و پشتگیریکردنی ئۆکرانیا بکات. ئەو لە کاتێکدا کۆتایی بە سەرۆکایەتییەکەی دەهێنێت، ئەم دوو ململانێیە وەک ئاستەنگی گەورە دەخاتە ڕوو.
جیم کیسلەر، جێگری سەرۆکی گشتی ڕێبازدانان لە دامەزراوەی Third Way دەڵێت " لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پرسیار ئەوەیە کە چۆن شتەکان بەرەو هەڵکشانی شەڕێکی ناوچەیی بپارێزین. بەڕاستی کەس نازانێت لە داهاتوودا چی ڕوودەدات"
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ململانێی ئیسرائیل و حەماس لە ماوەی یەک ساڵدا، بڕوادەکرێت کە نزیکەی 100 بارمتە لە ژێر دەستی حەماسدا هێشتا مابێتنەوە. کۆشکی سپی دەڵێت گەڕانەوەیان لە پێشینەی کارەکانیدایە و پایەی سەرەکی ڕێککەوتنێکە بۆ وەستاندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپی حەماس کە لەلایەن ئەمەریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەستنیشان کراوە.
چەند مانگێکە نێردراوانی بایدن لە نێوان قەتەر و قاهیرە هاتوچۆ دەکەن بۆ ئەوەی هەوڵی کۆکردنەوەی لایەنەکان بدەن.
کیسلەر ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە سەرکردەکان لە میانی وتارەکەیدا پێشوازییەکی گەرم لە بایدن دەکەن، چونکە ئەو دەستەواژەی دووبارە بنیاتنانەوەی هاوپەیمانییەکان و دووبارە دامەزراندنەوەی نۆرمەکانی جیهانی بەکارهێناوە.
کیسلەر بە دەنگی ئەمەریکای گوت لە زۆربەی وڵاتاندا خۆشەویستییەکی زۆر هەیە بۆ ئەو " بێگومان چەند شوێنێک هەن کە نییە. وە ترسی ڕاستەقینەش هەیە لەوەی ئەگەر دانۆڵد ترامپ سەرۆک بووایە چی دەبوو."
پرۆفیسۆر مایکل کۆکس لە چاتام هاوس ڕایگەیاند، سەرکردەکانی جیهان نیگەرانییان هەیە سەبارەت بە خولێکی تری ترامپ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕەنگە ئۆکرانیا زۆرترین نیگەرانی هەبێت. ترامپ هەرگیز مەیلی زۆری نیشان نەداوە بۆ پشتگیریکردنی ئۆکرانیا."
ڕاپۆرتی ئەنیتا پاوڵ/ دەنگ ئەمەریکا