Accessibility links

لەسەر مارمێلکە داواکاری گشتی ویلایەتی تەکساس سکاڵا دژی بەڕێوەبەرایەتی بایدن تۆماردەکات


داواکاری گشتی ویلایەتی تەکساس دژی بڕیارێکی ئیدارەی بایدن بە تۆمارکردنی جۆرێک لە مارمێلکە (قومقومۆک) لە لیستی ئەو ئاژەڵانەی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە سکاڵای یاسایی تۆماردەکات و دەڵێت بڕیارەکە زیان بە خاوەن زەوی و کۆمپانیاکانی وزە دەگەیەنێت.

ئەم خشۆکە بە مارمێلکەی تەپۆلکە لمینەکان ناسراوە و ڕەنگی قاوەیی کاڵە و قەبارەکەی دەگاتە نزیکەی 7 سانتیمەتر. بەوە ناسراوە کە لە ژێر دار بەڕوو دەژێت، وە لە ژێر لم خۆی دەشارێتەوە بۆ پارێزگاری لە ڕاوکردنی و نزمکردنەوەی پلەی گەرمی لەشی.

ڕێکخراوەکانی پاراستنی سروشت دەڵێن ئێستا سروشتی ئەم مارمێلکەیە لە ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵای مەکسیکۆی نوێ و رۆژئاوای تەکساس کەوتووەتە بەر مەترسی و لەناوچوون بەهۆی کاری کۆمپانیاکانی نەوت و گاز لە ناوچەکە.

مانگی پێنجی ئەمساڵ ئاژانسی حکومەتی ئەمەریکا بۆ خزمەتگوزاری ماسی و گیانلەبەرە کێوییەکان بڕیاری دا لە 20ی شەشی 2024 بە فەرمی ئەم مارمێلکەیە بچێتە ناو لیستی ئەو گیاندارانەی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

کۆنگرێسی ئەمەریکا ساڵی 1973 یاسایەکی دەرکرد تایبەت بە پاراستنی ئەو زیندەوەرانەی مەترسی لەناوچونیان لەسەرە. بە گوێرەی یاساکە، ئەو گیاندارەی دەچێتە ناو لیستەکەوە کوشتن و ئازاردان و زیانگەیاندن بە ژینگەکەی قەدەغەیە. هەروەها حکومەتی ئەمەریکا پەیوەستدەکات بە تەرخانکردنی بودجە و پلانی تایبەت بۆ چاککردنەوەی سروشتی گیاندارەکە.

ئەم بڕیارە بۆ زیادکردنی مارمێلکەکە بۆ لیستی ئەو ئاژەڵانەی مەترسی لەناوچونیان لەسەرە دەبێتە هۆی سنوردارکردنی چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی وزە و نەوت لە ڕۆژهەڵاتی تەکساس.

بە گوێرەی ماڵپەڕی ڕۆیتەرس، دوێنێ دووشەممە کێن پاکستۆن کە داواکاری گشتی ویلایەتی تەکساسە سکاڵای دژی بڕیارەکەی ئیدارەی بایدن تۆمارکردووە و گوتویەتی پاڵنەری سیاسی لەپشتە "بۆ لاوازکردنی پیشەسازییەکانی نەوت و گازی تەکساس کە بونەتە مایەی دابینکردنی وزەی کارەبا بۆ ڕوناککردنەوەی ئەمەریکا."

بە گوێرەی بەڕێوبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمەریکا، ویلایەتی تەکساس 43٪ نەوت و 27٪ کۆی گازی ئەمەریکا بەرهەمدەهێنێت.

بەڵام ئاژانسی حکومەتی ئەمەریکا بۆ خزمەتگوزاری ماسی و گیانلەبەرە کێوییەکان دەڵێت بڕیارەکەی بۆ پارستنی مارمێلکەی تەپۆلکە لمینەکان داوە لەسەر بنەمای چەند لێکۆڵینەوەیەکی زانستی کە دەریدەخەن خشۆکە بچوکەکە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.

XS
SM
MD
LG