Accessibility links

وتەبێژی کۆمیسیۆن: ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پاک و خاوێنی گیراوەتە بەر


وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کۆمیسیۆن ڕێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی پاک و دوور لە دەستێوەردان.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پرۆسەی ژماردنی دەنگی دەنگدەران بە شێوەی دەستی و ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت، گەر جیاوازی ژماردنەکە 5% بوو ئەوا پشت بە ژماردنی دەستی دەبەسترێ."

هەروەها وتیشی،"گەر جیاوازی نێوان ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی زیاتر لە 5% بوو، ئەوا بنکەکە بە تەواوی دەگوێزرێتەوە بۆ ناوەندی وردبینی و دووبارە دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێنەوە."

بڕیارە ڕۆژی 20 ی مانگی 10 ی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت،"کامیرای چاودێری لە بنکەکانی دەنگدان دادەنرێت و مافی دەنگدەر بۆ دەنگدان بە شێوەی نهێنی پارێزراو دەبێت، لە ڕێگەی کامیراکانەوە چاودێری پرۆسەکە دەکرێت و دەبێت دەنگدەر ئازادانە دەنگ بدات."

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نۆ ئەندام پێکدێت، سەرۆک و ئەندامێکی ئەنجومەنەکە کوردن، لەکاتێکدا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە پێشتر هەڵبژاردنەکانی بەڕێوە دەبرد لەلایەن حزبەکانەوەو بە پێی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەر حزبێک دانرابوون.

جومانە غەلای وتی،"کارتی بایۆمەتری گەرەنتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە شێوەی پاک و خاوێن دەکات، چونکە کارتەکە ساختە ناکرێ و پەنجە مۆرو وێنەی دەم و چاوی دەنگدەری پێوەیە، کەس ناتوانێت لە جێگەی کەسی تر دەنگ بدات."

جەختکردنەوەی وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بە پاکی و دوور لە ساختەکاری لەکاتێکدایە، لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بە ئەنجامدانی ساختەکاری تۆمەتبار دەکران.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت،"بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ لێکۆڵینەوەیە لە ئەنجامەکان و خێرا دەرچوونی ئەنجامەکان، ئەم ئامێرە باوەڕ پێکراوەو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تاقیکراوەتەوە."

هەروەها وتیشی،"ئامێری ئەلیکترۆنی گەرەنتی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و خاوێن دەکات، چونکە پێشتر تاقیکراوەتەوە."

بەپێی وتەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ڕاوێژ لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.

جومانە غەلای دەڵێت،"کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەرگای بۆ چاودێرانی ناوخۆی و نێو دەوڵەتی کردووەتەوە تا چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، هەروەها ڕاگەیاندکاران و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان ئامادەییان لە هەموو بنکەکانی دەنگدان دەبێت."

XS
SM
MD
LG