Accessibility links

ڕیفراندۆم ئەو کارتەی هێشتا لایەنە کوردییەکان دژی یەکتری بەکاری دەهێنن


حەوت ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا لێکەوتەکانی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە کاریگەری ماوە و بەشێک لە لایەنەکان بە هۆکاری لەدەستدانی ناوچە کێشە لەسەرەکانی دەزانن، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا داکۆکی لە ریفراندۆم دەکات و ئەنجامدانی بە بڕیارێکی دروست ناودەبات.

هەرچەندە زۆربەی لایەنەکان پشتگیری ئەنجامدانی ریفراندۆمیان کرد کاتێک کە بڕیاری لێدرا، بەڵام ئێستا بەشێک لەو لایەنانە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بە بڕیارێکی
هەڵە" ناودەبەن، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند لایەنێک هێشتا جەخت لەسەر دروستی بڕیاری ریفراندۆم دەکەنەوە.

کامەران کەرکوکی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ریفراندۆم مافی شەرعی هەموو میللەتێکە، لە وڵاتان ریفراندۆم بۆ پرسی زۆر بچووک ئەنجام دەدرێ، چ جای پرسێکی گەورەی وەکو چارەنوسی نەتەوەیەک."

هەروەها وتیشی،"هەرکات کورد توانی بەرگری لەسەروەری خۆی بکات و توانای خۆ پاراستنی هەبێت، دەتوانرێت ریفراندۆم زیندوو بکرێتەوەو بکرێتە ئەمری واقیع."

لە ڕۆژی 7ی مانگی شەشی ساڵی 2017، مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەکان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمیان دا. ڕۆژی 25 ی مانگی نۆی هەمان ساڵیان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دەستنیشان کرد.

دوای تێپەڕبوونی 22 ڕۆژ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم دا، لە ڕۆژی 17 ی مانگی دەی ساڵی 2017، حکومەتی عێراق هێرشی لەشکری بۆ سەر ناوچە کێشە لەسەرەکان ئەنجامداو زۆربەی ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان دەرهێنا.

پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی نیشتمانی بە "خیانەت"کردن و هۆکاری لەدەستدانی ناوچە کێشەلەسەرەکان دەزانێت، لەکاتێکدا یەکێتی هۆکاری لەدەستدانی ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەگێرێتەوە.

حەسیبە عەبدوڵا، سەرکردەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ریفراندۆم ئەنجامدرا بەناوی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتەوە، کەچی بووە هۆی لەدەستدانی 51 ی خاکی کوردستان."

ئەو وتیشی،"ریفراندۆم وایکرد دۆستەکانمان لە دەرەوە متمانەیان نەمێنێت، چونکە پرۆسەکە بێ ڕەزامەندی ئەوان ئەنجامدرا."

ئەنجامدانی ریفراندۆم و دواتر ڕوودانی 16 ی ئۆکتۆبەر نەک ناکۆکی و ئاڵۆزی لەنێوان لایەنەکان دروستکرد، بەڵکو بووە هۆی ڕوودانی گەلەکۆمەی هەرێمایەتی لە هەرێمی کوردستان و پرۆسەکە ئێران و تورکیای هێنایە سەر هێڵ.

مەحمود زەیدان، سەرکردەی سیاسی عەرەبی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر باوەڕمان بە دەستورو ماددەکانی هەبێت، هیچ ماددەیەکی دەستوری پشتگیری جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق ناکات،گەلی عێراقیش پشتگیری جیابوونەوەی هەرێم ناکات."

ئەو دەڵێت،"هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی دەکرێت ڕێگەی تر بگرێتە بەر، بەتایبەت ئێستا بە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ عێراق چووەتەوە. گەلی کورد و عێراقی پێکەوە دەژین و باوەڕیان بە جیابوونەوە نییە، جیابوونەوە کێشە دروست دەکات وەکچۆن ریفراندۆم کێشەی لێکەوتەوەو کەرکوکیش بووە میحوەرێکی کێشەکە."

لەکاتێکدا زۆربەی لایەنەکان ئەنجامدانی ریفراندۆم بە بڕیارێکی هەڵە دەزانن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵانە لە ڕۆژی 25 ی نۆدا مەراسیم ئەنجام دەدات و ریفراندۆم بە دەستکەوتێکی گەورە ناودەبات.

لە ساڵیادی ریفراندۆم دا ، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند،"ئەگەر لە پێناوی سەروەری و شکۆدا سەرکێشیت کرد، بە کەمتر لەوەی ئامانجتە ڕازی مەبە."

XS
SM
MD
LG